مەحموود عوسمان: گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ سەر بەغدا هەنگاوێکی عەقڵانی نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەحموود عوسمان: گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ سەر بەغدا هەنگاوێکی عەقڵانی نییە

“بەغدا مووچەش بدات، نایداتە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان”

سیاسەتمەدارێكی هەرێمی كوردستان پێیوایە كە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سەر بەغدا هەنگاوێكی عەقڵانی نییە و حكوومەتی عێراق مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نادات.

ژمارەیەك ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا كە بە نەیاریكردنی بەردەوامیان بۆ هەرێمی كوردستان ناسراون، بانگەشەی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سەر عێراق دەكەن.

لە بەرامبەردا د. مەحموود عوسمان، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ سەر بەغدا، هەنگاوێکی عەقڵانی نییە و بەغدا مووچەی هەموو فەرمانبەران نادات”.

جەختیشی كردەوە كە ئەم کارە باش نییە و لەگەڵ واقیعە ئیداری و یاساییەکان گونجاو نییە، “ڕێگەی راست ئەوەیە بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بنێرێت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش مووچە دابەش بکات، چونکە ئەگەر بەغدا راستەوخۆ مووچە بنێرێت بۆ پارێزگاکان بە جیا، ئەوە چوارچێوە یاساییەکەی هەرێمی کوردستان تێکدەچێت“.

د. مەحموود عوسمان دەڵێت: “مادام بەغدا وا سەخییە و مووچە دەدات، با ئەو مووچەیە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چ پێویست دەکات خۆی راستەوخۆ بۆ هەر پارێزگایەک بنێرێت؟ ئەو کارانە هەنگاوی باش نین، هەنگاوە عەقلانی و لۆژیکیەکە ئەوەیە بەغدا ئەگەر بڕیارە مووچە بدات دەبێ لە رووی یاساییەوە بیدات بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان“.

گوتیشی: “عێراق دان بەو ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستاندا نانێت، کەواتە مووچەش راستەوخۆ بدات نایدات بە ژمارەیەکی زۆر، ئەوەش کێشە بۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی کوردستان دروست دەکات، پێویستە هەرێمی کوردستان چارەسەری ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی بکات کە ساڵانێکی زۆرە مووچەی بە خەڵکانێک داوە كە ڕەنگە شیاو نەبوو بن، ئێستاش ناکرێ راستەوخۆ بێت و مووچەکانیان ببڕێت، باشترە لە ڕێگەی پڕۆژە و کەرتی تایبەتەوە کاری دیکە بۆ ئەو فەرمانبەرانە بدۆزێتەوە“.