توێژینەوەیه‌ک چارەسەرێکی نوێ بۆ پیری ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

توێژینەوەیه‌ک چارەسەرێکی نوێ بۆ پیری ئاشکرا دەکات

بەگوێرەی رۆژنامەی (دەیلی مه‌یل)ی بەریتانی، توێژینەوەیەکی نوێی دەگمەن و نایاب ئاشکرای دەکات، چارەسەرکردنی پیری بەهۆی ئۆکسجینی پەستێنراو، خانەکانی لەش دەگێڕێتەوە بۆ 25 ساڵ پێشتر.

توێژەرەکان جەختیان کردووەتەوە، بەکارهێنانی ئۆکسجین لە چارەسەرکردنی دوو ئاماژەی سەرەکیی پیریدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ئەوانیش گەشە و درێژبوونی تیلۆمیرەکان (تیلۆمیر پەردەیەکی پارێزگارییە بە دەوری کرۆمۆسۆمەکاندا) و کەمکردنەوەی خانەکانی پیری (خانەکانی زۆمبی)یە.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، مرۆڤ کە بەساڵدا دەچێ، بەدەست سستی و کورتبوونی تیلۆمیرەکانی دەناڵێنێ، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و زەهایمەر و کۆئەندامی دەمار، هەروەها خانەکانی زۆمبی (خانەکانی زۆمبی ئەو خانە زیندوانەن، کە دەبنە هۆی زەهایمەر)، بە تێپەڕبوونی تەمەن لە لەشدا کۆ دەبنەوە.

لە توێژینەوەکەدا ئۆکسجینی پەستێنراو بەکار هێنراوە، بۆ ئەوەی ڕێگریی بکات لەو دوو هۆکارەی سەرەوە، زاناکان لە ئیسرائیل، تاقیکردنەوەکەیان لەسەر 35 کەس لەو ژوورانەدا کرد، کە ئۆکسجینی تێدا پەستێنرابوو، تەمەنی بەشداربوانیش لە 64 ساڵ و بەسەرەوە بوو.

لە ماوەی سێ مانگدا، کە دانیشتنەکان هەر هەفتەیەی پێنج رۆژ و هەر رۆژەی بۆ ماوەی 90 خولەک بەردەوام بوون، ئەنجامەکانی دەریانخست، تاقیکردنەوەکە توانیویەتی تیلۆمیرەکان بە رێژەی 20% گەشە بکەنەوە و درێژ ببنەوە، لە هەمان کاتدا خانە زۆمبییە پیرەکان بە رێژەی 37% کەم ببنەوە، زاناکان لەم بارەوە رایان گەیاند، ئەمەش مانای ئەوەیە، کە لەش ئەگەڕێتەوە ئاستی خانەکانی خۆی بۆ بەر لە 25 ساڵ.

توێژینەوەکانی پێشتر جەختیان دەکردەوە، کە خۆراکی تەندروست و راهێنانی چڕی وەرزشی، تیلۆمیرەکان درێژ دەکاتەوە، بەڵام بە قسەی زانایان، ئەم توێژینەوە نوێیە، کە بەهۆی ئۆکسجینی پەستێنراوەوەیە، بۆ دواخستن و چارەسەری پیری دەستکەوتێکی نایابە.