ڕۆمانی فرەدەنگی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×


خۆزیە ساراماگوا لە ڕۆمانی (کوێری)دا پێمان دەڵێت: شاری کوێران ئەو شارە نییە کە دانیشتووانی نابینان، ئەو شارەیە دانیشتووانی تەنیا یەک ڕەنگ دەبینن، ئەو شارەیە دینێک یان ئایدۆلۆجیایەک کوێری کردوون، ئەو شارەیە دینێک یان ئایدۆلۆجیایەک وەک ڕۆبۆتی لێ کردوون، ئەو شارەیە دانیشتووانی لەبری ئومێد، مۆتەکە بەرهەم دەهێنن، شارێکە دانیشتووانی هەنگاوێک ناچنە پێشەوە، هەر ڕابردوو کاوێژ دەکەنەوە.

فرەدەنگی لە گێڕانەوەدا، تیۆرییەکە، گەورە ڕەخنەگری ڕووس: میخائیل باختین کاری لەسەر کردووە و نووسەرە پۆستمۆدێرنیستەکانیش بە گەرمییەوە بەرەو پیری چوون. فرەدەنگی داکۆکیکردنە لە دیموکراتی و بەگژدا چوونەوەی تاکدەنگی و هەژموونی حیکایەتخوانی هەمووشتزانە. لە ڕۆمانێکدا فرەدەنگی ڕەچاو کرابێت، نووسەر پشت بە یەک حیکایەتخوان نابەستێت، تەنیا کەسێک کە زیاتر جێناوی کەسی یەکەمە، قسە ناکات، چەندان کەس بە جێناوی جیاوازەوە چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، ئەمەیش بایەخدانە بە دەنگ و گۆشەنیگای جیاواز. لە ڕۆمانێکدا پشت بە فرەدەنگی ببەستێت، کۆمەڵێک حیکایەتخوان هەر یەکە و لە ڕوانگەی خۆیەوە، هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە. ڕۆمانێک گێڕەرەوە تێیدا کۆمەڵێک کەسایەتی بن، هەم زیاتر جێی متمانە دەبێت و هەم ڕێ بۆ خوێنەرانیش خۆش دەکات، بە شێوەی جیاواز بۆشایییەکانی پڕ بکەنەوە و لێکدانەوەی جیاوازیشی بۆ بکەن.

باختین گوتەنی: پێوەندیی دەنگەکان لە ڕۆمانی فرەدەنگیدا، وەک پێوەندیی ئاوازە جیاوازەکان وایە لە سیمفۆنیادا. لە ڕۆمانی فرەدەنگیدا خوێنەر ناتوانێت، پێشبینیی کۆتایییەکەی بکات، چونکە کەسێک نا، کەسانێک لە دونیابینیی جیاوازەوە چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، چونکە نووسەر نیازی سەپاندنی ئایدۆلۆجیایەکی نییە و بۆ ئەوە نەهاتووە وەعزمان دابدات. نووسەرێک بایەخ بە فرەدەنگی نەدات، ئازادیی لە کارەکتەرەکانی زەوت دەکات، ئاخر ڕێ لە ڕای جیاواز دەگرێت و دەستبەرداری هەژموونی خۆی نابێت.

فرەدەنگی تەنیا هەر ئەوە نییە کۆمەڵێک حیکایەتخوان چیرۆکەکە بگێڕنەوە، دەشێت لەبری فرە گێڕەرەوە، نووسەر تەکنیکی دیکە بەکار بهێنێت، وەک پشتبەستن بە نامە، ددانپیدانان یان دەستنووس. بۆ ئەوەی پشکۆی پەرۆشیی خوێنەر بۆ درێژەدان بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هەر گەشاوە بێت، نووسەر چیرۆکەکە بە جارێک ناگێڕیتەوە، بە چەند جارێک و لە چەند گۆشەنیگایەکەوە دەیگڕێتەوە. جیرار جینێ، پشتبەستن بە تەکنیکی نامە، بە شێوازێکی گونجاو دەزانێت، بۆ گێڕانەوەیەک بایەخ بە فرەدەنگی بدات.

چیرۆکنووس ئەگەر خۆی حیکایەتخوانی هەمووشتزان بێت، ئەستەمە بتوانێت بێلایەن بێت، بەڵام ئەگەر بوار بدات، کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەدا بەشدار بن، بواری دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی نابێت و هەژموونی کەم و دیاریکراو دەبێت، ئەوسا خوێنەر زیاتر متمانە بە چیرۆکەکە دەکات. ئەوە دڵنیایی بە خوێنەر دەبەخشێت، ئەگەر پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کارەکتەرەکانەوە هەبێت و لە خۆیانەوە بەسەرهاتەکە ببیستێت، بەڵام ئەگەر لەڕێی حیکایەتخوانی هەمووشتزانەوە هەواڵیان بزانێت، ئەگەری ئەوە هەیە گومان لە ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش، نامە و ددانپێدانان، زیاتر جێی متمانەن بە بەراورد لەگەڵ گێڕانەوەکانی حیکایەتخوانی هەمووشتزاندا.

ئەوە ڕەنگە مشتومڕ هەڵنەگرێت، کارەکتەرێک لەبارەی خۆیەوە بدوێت، زیاتر جێی بڕوایە وەک لەوەی حیکایەتخوان لەبارەیەوە قسە بکات، ئاخر خۆی باشتر دەزانێت و دەتوانێت، ڕووپەلەکانی ژیانی ڕابردووی هەڵبداتەوە. بۆچی گێڕانەوەکانی کافکا و کامۆ هەم سەرنجڕاکێشن و هەم جێی بڕوا، چونکە کارەکتەرەکانیان خۆیان لەبارەی ژیانی خۆیانەوە دەپەیڤن. لە ڕۆماندا کارەکتەر بە یەک جار و هەر لە سەرەتاوە، ددان بە هەموو شتێکدا نانێت، بە چەند جارێک ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەگەرنا خوێنەر ئەو تامەزرۆیییەی نامێنێت کە بۆ تەواوکردنی ڕۆمانەکە پێویستە. ددانپێدانان لایەنێکی گەشی تریشی هەیە، توانای ئەوەی هەیە ڕۆح پاکژ بکاتەوە.

ڕۆمانی فرەدەنگی، وەک تیپێکی موسیک وایە، کە خەریکی ژەنینی سیمفۆنیایەک بن، هەموو سیمفۆنیایەکیش لە کۆمەڵێک ئاواز پێک دێت. مەبەست لە فرەدەنگی: (پۆلیفۆنی)*یە کە لە دونیای موسیکەوە بۆ ناو دونیای ڕەخنەی ئەدەبی هاتووە. وەک چۆن لە موسیکدا ئاوازە جیاوازەکان، سیمفۆنیایەکە بەرهەم دەهێننن، ڕۆمانی (فرەدەنگی)یش زادەی ڕوانگە جیاوازەکانە. لە ڕۆمانی تاکدەنگیدا کە تەنیا گێڕەرەوەیەک دەپەیڤێت، لە موسیکدا دەبێتە (مۆنۆفۆنی)** کە پشت بە یەک ئاواز دەبەستێت. ڕۆمانی مۆنۆفۆنی خوێنەر فریو دەدات، ئاخر لە تاقە ڕوانگەیەکەوە قسە دەکات و خوێنەر تەنیا بژارەیەکی لەبەردەمدایە، بەڵام ڕۆمانی پۆلیفۆنی خوێنەر سەرپشک دەکات لەوەی، لەنێو ڕوانگە جیاوازەکاندا کامیان پەسەند دەکات. ڕۆمانی فرەدەنگی کە لە بیرەوەری و ددانپێدانان، لە مۆنۆلۆگ و دیالۆگ، لە خەون و خەیاڵ و لە دەنگ و ڕوانگەی جیاواز پێک دێت، خوێنەر ئازادە کامیان بە گونجاو دەزانێت و کامیان ڕەت دەکاتەوە.

وەک چۆن ڕێکخستنی ئاسنین، دەنگی ئەندامەکانی کپ دەکات و دەنگی نەیارەکانی دەبڕێت، ڕۆمانی تاکدەنگییش وەک ئەو جۆرە ڕێکخستنانە وایە، تەنیا حیکایەتخوانێکی هەمووشتزان مافی قسەکردنی هەیە، کارەکتەرەکان بواریان بۆ ناڕەخسێت، دەردەدڵ بکەن و ناخی خۆیان بخەنە ڕوو. لە ڕێکخستنی ئاسنیندا، بڕیار لای ڕێبەرە، لە ڕۆمانی مۆنۆفۆنیشدا، بڕیار لای حیکایەتخوانی هەمووشتزانە. لە ڕۆمانی فرەدەنگیدا حیکایەتخوان هەم بێلایەنە، هەم کەمیش دەردەکەوێت، بەڵام ڕۆمانی تاکدەنگی وەک ڕێکخستنی ئاسنین وایە، بڕوای بە ئازادیی ڕادەربڕین نییە، گێڕەرەوەی هەمووشتزان ئازادی لە هەموو کارەکتەرەکان زەوت دەکات، هەر خۆی دەدوێت و لێ ناگەڕێت کارەکتەرەکان قسەی دڵی خۆیان بکەن، خۆی بە ناخیاندا شۆڕ دەبێتەوە.

ئەوەیش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی فرەدەنگی، ئەگەر نووسەر وێنەی کارەکتەرێک یان زیاتر، بە تەواوی نەکێشێت و لێ بگەڕێت، خوێنەر وەک دەخوازێت وێنەکە تەواو بکات. ڕۆمانی پۆلیفۆنی (فرەدەنگی) ئەوەیشە، کارەکتەرەکان لە تاقە ڕوانگەی ئایدۆلۆجیایەکەوە نا، لە ڕوانگەی چەند ئایدۆلۆجیایەکەوە، سەرنجی مەسەلە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکە بدەن و کارەکتەرەکان هەر یەکە و بەو چەمک و زاراوە و دەربڕینانە بپەیڤن کە توێژەکەی یان چینەکەی پێیان دەپەیڤن، ئاخر خۆ شێوازی ئاخاوتن و (زمان)ی کرێکارێک لە هی سەرمایەدارێک ناچن.

کرۆکی شیعر هەر ئەوە نییە کە لە شیعردا هەیە، کەم و زۆر لە ژانرەکانی تریشدا هەیە، ڕۆمان یەکێکە لەو ژانرانەی گەلێک جار پشت بە زمانی شیعری دەبەستێت. کە ڕۆماننووس لە جێی گونجاودا و لەسەر زاری کارەکتەری گونجاو، هانا بۆ زمانێکی شیعری دەبات، ئەوە بە هۆشیارییەوە وا دەکات و گەرەکیەتی ڕۆمانێک بنووسێت، فرەدەنگی نەک تاکدەنگی. ڕۆمان کە فرەدەنگی بوو، فرەفیکرییش دەبێت و لە ئەنجامی ململانێی فیکرەکانەوە دراما دروست دەبێت. کە هەر کارەکتەرە خاوەنی دەنگ و فیکری خۆی بوو، شتێک لە ئارادا نامێنێت کە پێی دەڵێن: هەژموونی نووسەر.

نووسەری فەقیرخەیاڵ شانازی بەوەوە دەکات، ئەوەی نووسیویەتی واقعییە، یان ئاوێنەی واقیعە، بەڵام ڕۆمان ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، زادەی خەیاڵی نووسەرە، با لە (واقیعی)یش بچێت. ڕۆمان بەرهەمی خەیاڵی دەوڵەمەندی نووسەرە، بە ماسکێکی واقعییەوە. بایەخی ڕۆمان بەوەوە بەند نییە کە پشتی بە مێژوو بەستووە، بەوەوە بەندە کە بە ڕووی داهاتوودا کراوەیە. بۆ ڕۆمان گرنگیدان بە دابونەریت گرنگ نییە، گرنگ یاخیبوونە لە دابونەریت، گرنگ بە پیرۆز سەیرکردنی ئەم یان ئەو بت نییە، گرنگ تێکشکاندنی بتەکانە، گرنگ ڕاکێشانی بەڕەیە، لەژێر پێی پیرۆزییەکاندا، گرنگ خاپوورکردنی هەموو ئەو بەربەستانەیە، کۆسپن لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا.

*

(١) زهرا بهشتي، شاکر العامري، صادق عسکري و علي أکبر، تجلیات السرد البولیفوني.
(٢) مائده‌ عرب، البولیفونیه‌ فی روایه‌ اللص و الکلاب لنجیب محفوظ.
(٣) شوقي بزیع، جنه‌ المرئیات.
(*) polyphony
(**)monophony