عه‌لی عه‌ونی: هه‌ندێك پەرلەمانتاری كورد دۆسیه‌ی ئه‌خلاقییان لەسەر هەیە و ناوێرن لە قسەی بەغدا دەربچن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عه‌لی عه‌ونی: هه‌ندێك پەرلەمانتاری كورد دۆسیه‌ی ئه‌خلاقییان لەسەر هەیە و ناوێرن لە قسەی بەغدا دەربچن

”گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر عێراق هەوڵێكی فشەكەرانەی ئەو پەرلەمانتارانەیە“

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە كە هەوڵی گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بانكێكی حكوومەتی عێراقی، ”هەوڵێكی فشەكەرانەیە“ و هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردنە. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا یان دۆسیەی ئەخلاقییان لە دژ هەیە، یانیش بەرتیلیان پێدەدرێت.

پاش ئەوەی سروە عەبدولواحیدی خوشكی شاسوار عەبدولواحید رای گەیاند كە لە پەرلەمانی عێراق واژۆی زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتاری كۆكردۆتەوە كە لە نێویاندا چەند پەرلەمانتارێكی كوردیش هەن لەوانەی رابردووێكی شەرەفمەندانەیان لە كاری پەرلەمانیدا نییە، بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدرێت، كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە.

لەمبارەیەوە عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان هه‌رێمێكی ده‌ستووریی دان پێدانراوە، حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان خۆی ئیداره‌ی كاروباری خۆی ده‌دات، بۆیە ”ئه‌و هه‌وڵه‌ فشه‌كه‌رانه‌یه‌، هەڵمەتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنه‌ و هه‌تا لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نزیكتر ببینەوە، ئه‌م گاڵته‌ به‌خۆكردنه‌ زیاتر ده‌بێت“.

بە نیگەرانیشەوە باسی لەوە كرد كە لە عێراقدا كەشێك دروست بووە، ئەوەی زیاتر بە ڕواڵەت دژایەتیی كوردستان بكات، دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكان دەهێنێت، هەندێك پەرلەمانتاری كوردیش لەمبارەیەوە هاوكاریی ئەمانە دەكەن. گوتیشی: ”ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی عێراق لە ناوەڕۆكە فیدڕاڵییەكەی بەتاڵ بكەنەوە، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە كە ئەو كەسانەی سەرپەرشتیی ئەم كارە دەكەن، كوردن، وەك چۆن كاتی خۆی جاش و مستەشارەكانی پیاوی بەعس پاساویان بۆ ئەنفال و كیمیابارانكردنی كوردستان دەهێنایەوە، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەش ئێستا بوونەتە كەواسوور“.

عەلی عەونی جەختی كردەوە كە هەوڵی بابەتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە بەغداوە، لە پێناو خەمی خەڵكی كوردستان نییە و لە بنەڕەتیشدا هەموو خەڵك دەزانێت كە بەغدا نایەوێت مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات، بەڵكوو بۆ لێدانە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان“.

گوتیشی: ”ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی لەم كارەدا بەشدارن،. یان له خه‌ت گیراون و مه‌له‌فی ئه‌خلاقییان لەسەرە بۆیە ناوێرن له ‌فه‌رمانی عه‌ره‌به‌كان دەربچن، یانیش به‌رتیلیان پێدراوە، هه‌ندێكیان له‌خه‌ت گیراون ئیستا به‌كار ده‌هێنرێن و هه‌ندێكیان ته‌ماح چاوكوێری كردوون و لە پێناو دەستكەوتی ماددی، خەون بە زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان دەبینن“.

بە بڕوای عەلی عەونی، ئەو كارەی چەند پەرلەمانتارێك دەیكەن، ”هەڵایەكی میدیایی زیاتر نییە“.

پێشتر مەسعود حەیدەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لێژنەی دارایی، ڕای گەیاندبوو كە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە موزایەدات چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە هەموو تواناكان بۆ ئەوە بێت كە تا بڕیاردان لەسەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، ئەو ٣٢٠ ملیار دینارە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت كە بەغدا و هەولێر پێشتر لەسەری ڕێككەوتوون.