عێراق.. 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی تۆمار کراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق.. 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی تۆمار کراون

لە عێراق، نزیکەی 50 هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، کە هیچ پێگە و چالاکییەکیان نییە.

بەپێی هەواڵێکی میدیای فەرمیی عێراق، رەشاد خەلەف هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، 80 هەار کۆمپانیا لە عێراق تۆمار کراون.

رەشاد خەلەف هەروەها رایگەیاندووە، ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان بەردەوام روو لە زیادبوونە و رۆژانە لە 15 تا 30 کۆمپانیا تۆمار دەکرێن.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقی، فەرمانگەکەی ئەوان تەنیا لە مەرجەکانی دروستکردنی کۆمپانیا دەکۆڵێتەوە و چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و فەرمانگەی رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارەیە لە بانکی ناوەندیی عێراق.

میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە لەو 80 هەزار کۆمپانیایە، 50 هەزاریان کۆمپانیای وەهمین و هیچ پێگە و بارەگایەکیان نییە و رەشاد خەلەفیش رایگەیاندووە، لێژنەیەک لە دەزگای هەواڵگریی عێراقی و نوێنەری فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەدواداچوون بۆ کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکان پێکهێنراوە.

چاودێرە عێراقییەکان پێیان وایە، ئەو کۆمپانیا وەهمییانە بۆ بەرژەوەندیی لایەن و کەسایەتییە عێراقییەکان کار دەکەن و بەرپرسن لە بردنە دەرەوەی پارەیەکی زۆری عێراق بۆ وڵاتانی دیکە.