سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی لە سنووری شنگال جێگیر كران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی لە سنووری شنگال جێگیر كران

مەحما خەلیل: یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا جێبەجێ كرا

ئەمڕۆ هەینی قایمقامی شەرعیی قەزای شنگال ڕایگەیاند یەكێ لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ كرا و سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق لە سنوورەكە جێگیر كران.

لەمبارەوە مەحما خەلیل قایمقامی شەرعیی شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی لە سنووری پارێزگای كەركووكەوە هاتن و لە سنووری شنگال بەدیاریكراوی لە باكوور و باشووری چیای شنگال و كۆمەڵگای خانەسۆر و هەندێكیشیان لە گوندی وەردییە و هەندێكی دیكەشیان لە سنووری ناحیەی قەحتانیە جێگیر بوون و بڵاوەیان پێكرا.

گوتیشی هاتنی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق بۆ سنووری شنگال یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەك هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگال دەربچن، دیارە لایەنی ئاسایشی گرنگی خۆی هەیە و دەبێ كار بۆ باشبوونی دۆخی شنگال بكرێت.

لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانیش كە خاڵێكی تری رێككەوتنەكەیە، مەحما خەلیل گوتی ئاوارەكانیش دەگەڕێنەوە كاتێك ئاسایش هەبێت و خزمەتگوزاری بگەڕێتەوە بۆ شنگال و ژیانیان پارێزراو بێت.

ماوەیەك پێش ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و وەك هەنگاوی یەكەمیش هەندێك لە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕانەوە بۆ شنگال و ئێستاش هێزێكی حكوومەتی عێراق لە شنگال جێگیر كران و پاشان بڕیارە حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگال دەربكرێن و لە قۆناخی دواتردا پێشمەرگە و سوپا ئەركی پاراستنی دەوروبەری شنگال بگرنە ئەستۆ و ئینجا ئیدارەی شەرعی شارەكەش بگەڕێتەوە.