خانمە هونەرمەندێکی شێوەکار: دەمەوێت هەستەکانی ژن لە تابلۆیەک دا نیشان بدەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خانمە هونەرمەندێکی شێوەکار: دەمەوێت هەستەکانی ژن لە تابلۆیەک دا نیشان بدەم

 

خانمە هونەرمەندی شێوەکار سەوکار حەیدەر، لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای بۆ کاری شێوەکاری هەبووە و ئێستاش بەشێوەیەکی ئەکادیمی چووەتە نێو بوارەکەوە و لە چەندین پێشانگا بەشداری کردووە.

سەوکار حەیدەر، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: "هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە حەزم لە هونەری وێنە کێشان بووە و چێژم بینیوە لە کێشانی تابلۆکانمدا، کارەکانیشم زیاتر گوزرارشت لە ژن و سروشتی کوردستان دەکات، چونکە هەردووکیان دوو چەمکی جوانی ژیانن و لای من ژن و سروشت زۆر لە یەکترەوە نزیکن".

گوتیشی: "لە کێشانی تابلۆکانمدا زیاتر ڕەنگی زەیتونی و فەهم بەکار دەهێنم، ئامانجیشم ئەوەیە کە دونیای هونەر بە بینەر ئاشنا بکەم و دەمەوێت ژیان و هەستەکانم لە تابلۆیەکدا نیشان بدەم، هەروەها هونەر بەشێکی حەز و خولیا و بەهرەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆم ئەکادیمیم پێم باشە ئەکادیمی بێت بۆئەوەی لە ڕێگاکانی هونەر تێبگەین".

سەوکار دەشڵێت: "تەنیا من لە خێزانەکەمدا کاری هونەری دەکەم، بەڵام خێزانەکەم هونەر دۆستن و خێزانەکەم و مامۆستاکانم یەکەم پاڵنەر و هاوکاری منن و لە پشت سەرکەوتنەکانمەوەن و تا ئێستا بە کۆمەڵێک تابلۆ بەشداری چەندین پێشانگای گشتیم کردووە و پلانم هەیە لە داهاتوودا پێشانگای تایبەت بە خۆمم هەبێت و هەر کارێک ئامانجی لە پشت بێت دەتوانی ڕووبەڕووی سەختییەکانیشی ببیتەوە".

ئاماژەشی بەوەدا، زۆر بە کارەکانی هونەرمەند نیاز عوسمان سەرسامە و بەدەر لە هونەری شێوەکاریش زۆر حەزی لە وەرزشی پاسکیلسوارییە، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندان زۆر باشە و پێویستە ڕەخنە و ئاڵۆگۆڕی بیر و ڕای هونەری هەبێت لە نێوانیان، چونکە دونیای هونەر گەورە و فراوانە.