ترەمپ سێ ملیۆن دۆلار بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان تەرخان دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ترەمپ سێ ملیۆن دۆلار بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان تەرخان دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنانەی لەسەر داوای تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی، بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانی دوو ناوچە لە ویسکۆنسن، سێ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی (ئەسۆشێتید پرێس)، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/ 11/ 2020 لە هەردوو ناوچەی میلۆکی و داین لە ویلایەتی ویسکۆنسن، دووبارە دەنگەکان بژمێردرێنەوە.

بەپێی ئەنجامە راگەیاندراوەکان، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، لەو دوو ناوچەیەدا زیاتر لە 577 هەزار دەنگی هێناوە، بەرامبەر بە 213 هەزار دەنگ بۆ ترەمپ، لە کاتێکدا بایدن لەسەر ئاستی تەواوی ویلایەتەکەدا بە جیاوازیی زیاتر لە 20 هەزار دەنگ سەرکەوتووە.

دۆناڵد ترەمپ بۆی هەیە داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان لە سەرتاسەری ویلایەتەکە بکات، بەڵام ئەوکات ناچار دەبێ بڕی 7.9 ملیۆن دۆلار بدات.

تیمی بانگەشەی ترامپ، بەرپرسانی لێژنەکانی هەڵبژاردنیان بەوە تۆمەتبار کردووە، سەبارەت بە لیستەکانی دەنگدانی پۆستە، بە شێوەیەکی نایاسایی زانیاریی نادیاریان زیاد کردووە.

بەرپرسانی هەڵبژاردنیش لە هەردوو ناوچەی میلۆکی و داین دەڵێن، ئەوان پرۆسەی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان لەڕێی پەخشی راستەوخۆوە دەگوازنەوە و دەرفەتیش بۆ چاودێران دەڕەخسێنن ئامادەی پرۆسەکە بن.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016دا، ترەمپ بە جیاوازیی 23 هەزار دەنگ بەسەر رکابەرەکانیدا سەرکەوت، ئەوکات داواکەی جیل ستاین، بەربژێری پارتی سەوزی رەت کردەوە، کە داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانی دەکرد و گوتی: "گەل قسەی خۆی کرد و هەڵبژاردن کۆتایی هات، پێویستە ئەنجامەکە قبووڵ بکەین و تەماشای ئایندە بکەین".