نادر ڕۆستی: بەهۆی کۆرۆناوە 500 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان گەیشتووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نادر ڕۆستی: بەهۆی کۆرۆناوە 500 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان گەیشتووە

"خۆمان بۆ گەشتوگوزاریی شاخەوانی و زستانە ئامادە دەکەین"

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لە لێدەوانێکدا بۆ (باسنیوز) باسی کەرتی گەشتیاری و زیانەکانی کۆرۆنا بۆ ئەم کەرتە دەکات و ئاشکرای دەکات، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە 500 ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان کەوتووە و چەند پلان و بەرنامەیەکی دەستەکەشیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەخاتە ڕوو.

نادر رۆستی سەرەتا ڕوونی کردەوە، دوای ئەوەی کەرتی گەشتیاری لە جیھان و ھەرێمی کوردستان بەھۆی کۆرۆناوە زیانی گەورەی بەر کەوت، زیانەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە گەیشتووەتە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار، بۆ گەڕانەوەش بۆ دۆخی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکەش، زیاتر لە ساڵێکمان پێویستە".

دووپاتیشی کردەوە: "لە مانگی 3وە تاکوو 20ی 8 زیانێکی زۆر بەر کەرتی گەشتیاریی کوردستان کەوت و ئێستا دووبارە ژیان بۆ کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە، بەڵام بە وریایی و گرتنەبەری رێوشوێنی توندی خۆپارێزییەوە شوێنە گەشتیارییەکان کراوەنەتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ بارودۆخەکە روو لە باشی دەکات، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک لەبەردەم گرووپە گەشتیارییەکان کراونەتەوە و بڕیاریشە بەم نزیکانە گرووپە گەشتیارییەکان رێگایان پێ بدرێت روو لە پارێزگای دھۆکیش بکەن."

نادر ڕۆستی لە درێژەی ئەم باسەدا گوتیشی: "کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بەڕووی گەشتیاراندا، لەپێناو باشکردنی بژیوی ھاووڵاتییان و بەدەستھێنانی ھەلی کار لە ھوتێل و میوانخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان بووە، چونکە کەرتی گەشتوگوزاری تەنیا سوودی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان نییە، بەڵکوو جووڵەیەکی باش دەخاتە ناو بازاڕ و کار و کاسبی، ھەر بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەرێگای خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرگای کەرتی گەشتوگوزاری کردووەتەوە و رێگای بە ھاتنی گرووپە گەشتیارییەکان داوە".

 ئاشکراشی کرد: "لەدوای 20ی 8 تاکوو مانگی 11، رۆژانە 3 تاکوو 5 ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەرچەندە پێش ھاتنی کۆrۆنا، رۆژانە ژمارەی گەشتیاران دەگەیشتە 8 ھەزار گەشتیار."

نادر رۆستی جەختی کردەوە، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نابێت تەنیا پشت بە داھاتی نەوتی خاو ببەستێت. سەبارەت بە بەرنامەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستاندا، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان گوتی: “دەستەی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکانیەتی بۆ 2020، کە بەھۆی کۆرۆناوە پەکی کەوت و کۆمەڵێک کار و چالاکیی تێدا چوو، لەوانە پەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێکان، بۆ ئەوەی ھەوڵ بدەین ناوچە دوورەدەستەکان و ئەو لادێیانەی بۆ گەشتیاران گونجاون رووی تێ بکەن و ببێتە ھۆی دۆزینەوەی ھەلی کار و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان ساخ بکرێنەوە. ئێمە ئەزموونمان لەم بارەیەوە ھەیە و رۆڵێکی گەورەی بۆ بووژانەوەی گوندەکان بینیوە و رێگەشی گرتووە لە کۆچکردنی گوندنشینەکان بۆ شارەکان".

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد: "کار لە سەرجەم جۆرەکانی گەشتوگوزاریی تەندروستی و ئایینی و کۆنفرانس و کۆنگرە و رۆشنبیری و نیشتمانی و نەتەوەیی و ھونەری دەکەن و لەمەش گرنگتر، خۆمان بۆ گەشتوگوزاریی شاخەوانی و زستانە ئامادە دەکەین، لەم بوارەدا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ھەنگاوی باش نراوە و تا ئێستا زیاتر لە 10 فێستیڤاڵی زستانە کراون و ھەوڵ دەدەین لەم ساڵدا گرنگیی پێ بدەین".

 ئەو بەرپرسەی دەستەی گەشتوگوزار جەختی لەسەر قەیرانی دارایی و کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانیان کردەوە و گوتی: "کۆرۆنا و دابەزینی بەھای نەوت و قەیرانی دارایی زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزار گەیاندووە، بەڵام ئێستا رەوشەکە وردە وردە ئاسایی دەبێتەوە و لەڕێگەی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لە ھەوڵی ئەوە داین، رێگە نەدەین شوێنە گەشتیارییەکان ببێتە ھۆکارێک بۆ گواستنەوەی پەتاکە، ئەمەش بە بەکارھێنانی ماسک و پابەندبوون بە رێنماییەکان، لەلایەکی دیکەوە دەستەکەمان لەڕێگەی ھاندانی کەرتی تایبەتەوە لە ھەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە دایە، کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە پلانەکانمان جێبەجێ بکەین، چونکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدایە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت".