بزووتنەوەیەكی نەژادپەرستی سەر بە توركیا لە ئەڵمانیا قەدەغە دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بزووتنەوەیەكی نەژادپەرستی سەر بە توركیا لە ئەڵمانیا قەدەغە دەكرێت

پێشتر فەڕەنساش چالاکییەکانی قەدەغە کردووە

بڕیارە سبەی پێنجشەممە ١٩ی١١ی٢٠٢٠ پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیار لەبارەی قەدەغەكردنی (بزووتنەوەی نەژادپەرستی) بدات، كە ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن و لە رادەبەدەر نەژادپەرستن و چالاكیی زۆریشیان لە ئەڵمانیا هەیە.

جگە لە پارتی راستڕەوی ئەڵمانیا، هەموو پارتەكانی تر پشتگیری لە قەدەغەكردنی (بزووتنەوەی نەژادپەرستی) دەكەن، كە لۆگۆكەیان نیشانەی (بۆزكورتە) و ئیلهامیان لە پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی توركیا وەرگرتووە، كە ئەو پارتەش بە دوژمنی كورد ناسراوە.

جێم ئۆزدەمیر هاوسەرۆكی پێشووی پارتی سەوزی ئەڵمانیا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (Tageszeitung TAZ)ی ئەڵمانی پشتگیری خۆی بۆ ئەو پێشنیارە دەربڕیوە و دەڵێت دەبوا زۆر زووتر ئەڵمانیا بیری لە هەوڵێكی لەو شێوەیە بكردایەتەوە.

ئەو دەڵێت: "ئەو بزووتنەوە نەژادپەرستە بە ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ ئاكەپەدا هەیە، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە لەسەر ئەو بابەتە بوەستین. بە لای منەوە دەبوا زۆر زووتر ئەڵمانیا هەوڵێكی لەو شێوەیەی بدابایە، بۆیە ئێستا ئەو داوایە لەناو پەرلەمان سەری هەڵداوە، چونكە زۆرینەیەك دروست بووە بۆ ئەو پرسە و كاتێك فەڕەنساش ئەو بزووتنەوەیەی قەدەغە كرد، ئەمە هەلێكی باشە تا ئەڵمانیاش بە خۆیدا بچێتەوە".

ئۆزدەمیر باسی لەوەش كرد حكوومەتی ئەڵمانیا بۆیە پێشتر ئەو بزووتنەوەیەی قەدەغە نەكردووە، چونكە پەكەكە لەلایەن ئەڵمانیاوە بە تیرۆرست ناسێندراوە، بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی نەژادپەرستیش بە تیرۆریست بناسێنرایە توركیا نیگەران دەبوو و حكوومەت نەیویستووە توركیا لە خۆی بڕەنجێنێت.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، لە ئەڵمانیا (بزووتنەوەی نەژادپەرستی) ١٨ هەزار و ٥٠٠ ئەندامی هەیە و بە گەورەترین بزووتنەوەی لەڕادەبەدەر ڕاستڕەو ناسراوە.