یونسکۆ توێژینەوە لە 12 ناوچە دەکا بیانخاتە ناو لیستی کەلەپووری جیهانییەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یونسکۆ توێژینەوە لە 12 ناوچە دەکا بیانخاتە ناو لیستی کەلەپووری جیهانییەوە

“3 ناوچە لەو 12 ناوچەیە لە هەرێمی کوردستاندان”

 برندان کسار، بەرپرسی رۆشنبیری لە رێکخراوی یونسکۆ لە عێراق ئاشکرای کردووە، رێکخراوەکەیان توێژینەوە لە 12 ناوچە دەکات، کە بەربژێرن بخرێنە ناو لیستی کەلەپووری جیهانی و لە ساڵی 2000ـەوە تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی عێراقی ناویان پێشکەش کراوە.

کسار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: “چەند رێوشوێن و کردارێک هەیە بۆ بەربژێرکردن، پێویستە بۆ هەڵبژاردنی هەر شوێنێک لەبەرچاو بگیرێن، بۆ ئەوەی لە لیستی کەلەپووری جیهانیدا قبووڵ بکرێن، ئەوەش بەرپرسیاریی حکوومەتی عێراقە”.

لیستەکە 12 ناوچەی لەخۆ گرتووە: (1- شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک. 2- ئاوایی بێستانسوور، كە گردێکی شوێنەوارییە، دەکەوێتە دەشتی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی. 3- پەرستگای لالش لە پارێزگای دهۆک. 4- ئادگاری مێژوویی رووباری دیجلە لە بەغدا، لە رەسافەوە بە قوتابخانەی موستەنسەڕییە تێدەپەڕێ تا کۆشکی عەباسی. 5- نەمروود. 6- نیبوور، دەکەوێتە ناوچەی فوراتی ناوەڕاست لە پارێزگای دیوانییە. 7- شاری مووسڵی کۆن. 8- شاری نەینەوای کۆن. 9- قەڵای ئەخەیزەر لە دەشتی کەربەلا. 10- شوێنی زولکەفل. 11- گۆڕستانی وادی ئەلسەلام لە نەجەف. 12- شاری واست).

کسار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندووە: “یونسکۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا داوا دەکا، ئاستی هۆشیاری سەبارەت بە کەلەپوور بەرز بکرێتەوە، کە لە عێراقدا بەشێوەیەکی ناڕێک گواستراوەتەوە. یونسکۆش لای خۆی پاڵپشتیی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە پارچە شوێنەوارییەکانی عێراق دەکا، لەگەڵ ئینتەرپوول و رێکخراوی گومركی جیهانییش هەماهەنگی دەکا، بۆ گەڕانەوەی هەموو ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لە عێراقدا دزراون و بردراونەتە دەرەوە”.

سەبارەت بە پلان و کۆمەکی یونسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییکان لە عێراق، کسار جەخت دەکاتەوە: “یونسکۆ هاوکاریی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچە شوێنەوارییەکان و پارێزگاریکردن لە تەلارە گرنگەکان. یونسکۆ لە ئێستادا یارمەتیی عێراق دەدا لە پرۆژەی پارێزگاریکردن لە شوێنەکانی قەڵای هەولێر و نۆژەنکردنەوەی کەناڵی ئەلعەشار لە شاری بەسڕە”.

گوتیشی، سەبارەت بە پارێزگای مووسڵ، چالاکییەکمان هەیە بەناوی (دەستپێشخەریی مووسڵ)، بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بینا و خانوو و مزگەوت و کەنیسەکان، کە بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆر زیانیان بەر کەوتووە”