دوای بەدرۆخستنەوەی درۆی یەكەم، درۆی دووەم خرایە بازاڕ!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوای بەدرۆخستنەوەی درۆی یەكەم، درۆی دووەم خرایە بازاڕ!


سەیرە، دوێنێ 16/11/2020 ھەر لێرەدا وتارێكم نووسی پوختەكەی ئەوە بوو كە ئایا دوای ئەوەی كە گوتەبێژی حكوومەتی عێراق گوتی: "بەشی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی یەك ملیار دۆلارە، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان ڕۆژانە 250 ھەزار بەرمیل هەناردە دەکات و لەجیاتی داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمى كوردستان و لەبری خەرجییە سیادییەکانیش، حكوومەتی عێراق پارەی ئەو بڕە لە نەوت و پابەندبوونە داراییەكان لە ھەرێمى كوردستان دەبڕێت و ئەوەی كە دەمێنێتەوە 320 ملیار دینارە و ئەمەش بۆ ھەرێمى كوردستان دەنێردرێت"، واتە دوای ئەوەی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق وەك ھەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی عێراق دانی بەوەدا نا كە ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق پابەندی ڕێككەوتنەكانی پێشووتریان بوون و دەبن و ناڕاستەوخۆ گوتی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی مانگانە بڕی 320 ملیار دیناری لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ بنێردرێت، بەمەش ھەموو ئەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی ناو پەرلەمانی عێراق و ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانی ناو پەرلەمانی كوردستان و ھەندێك لە كەسانی حزبی و شۆرباخۆرەكانی دەوروبەریان لە ناوخۆی كوردستاندا بەدرۆ خرانەوە، كە دەیانگوت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پابەند نابێت بە ڕێككەوتنەكانیەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بۆیە پەرلەمانی عێراق بە یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی بودجە، ھەڕەشەی بڕینی 320 ملیارەكەی لە ھەرێمى كوردستان كردووە، ھەر لە كۆتایی ئەو وتارەمدا ئەم پرسیارەم كردبوو كە دوای ئەم وتە و لێدوانە ڕەسمییانەی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ئایا بۆ لەمەولا ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانی ناو پەرلەمانی كوردستان و ھەندێك لە كەسانی حزبی و شۆرباخۆرەكانی دەوروبەریان، بە شوێن چ درۆیەكی تردا دەگەڕێن و چ درۆیەكی تر لە بازاڕی درۆفرۆشتندا ساغ دەكەنەوە؟ كەچی كەمتر لە 24 سەعات دوای ئەو وتارەم ئینجا لەڕێگەی نازانم بڵێم سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ یان سەرۆكی فراكسیۆنی چاڤی لاند لە پەرلەمانی كوردستان! درۆی دووەم خرایە بازاڕ! ئەم سەرۆكی فراكسیۆنە دەڵێت:- "ئێستاشی لەگەڵدابێت داھاتی مانگانەی حکوومەتی ھەرێمى كوردستان زیاتر لە 850 ملیار دینارە، واتە بەشی ئەوە پارەی ھەیە کە 30 رۆژ جارێک مووچە بەبێ لێبڕین و دزین دابەش بکات، بۆیە حکوومەت راست ناکات کە دەڵێت بەبێ پارەکەی بەغدا مووچەمان پێنادرێت".

زۆر باشە ئەوە ئیتر ئێستا درۆی دووەم خرایە بازاڕەوە، جا منیش دوای خستنەبازاڕی درۆی دووەم، ئەم دوو خاڵەم بە خەیاڵدا ھات:-

1 - ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دە دوازدە ساڵی پێش ئێستام بیر دەكەوێتەوە كە دەیانگوت تەنھا بە داھاتی ناوخۆ دەتوانرێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكرێت، كەچی دوای ئەوەی ئەم ئۆپۆزسیۆنە ھاتنە ناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە یەكێكیشیانیان گوت فەرموو جەنابت وەزیری دارایی بەو فەرموو تەنھا بەداھاتی ناوخۆ مووچەی ھەموو مووچەخۆران وەك خۆی و ھەر 30 ڕۆژ جارێك دابەش بكە، بەڵام دواتر كە جەنابی وەزیر واقیعەكەی وەك خۆی بینی ئەمانیش لەوە زیاتریان پێنەكرا كە كابینەكەی پێش خۆیان كردیان و كە پرسیاریشیان لێدەكرا كوا مووچەی تەواو لەكاتی خۆیدا؟ وەڵام ئەوە بوو كەی حكوومەت پارەی پێویستی لەبەردەست بوو، حەتمەن مووچە دابەش دەكات، بەڵام ئێستا پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە.

2 - ئەم پرسیارەشم ڕاستەوخۆ بۆ:- نازانم بڵێم سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ یان سەرۆكی فراكسیۆنی چاڤی لاند لە پەرلەمانی كوردستان، كە ئایا بۆچی لەجیاتی نووسینی ئەو درۆیە پرسیارێك لە حزبەكەی خۆی ناكات و پێیان بڵێت ئایا بەڕاستی داھاتی مانگانەی چاڤی لاند ھەر ئەوەندە بووە كە ھەتا ئێستا داویانە بە خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند یان شتێك زیاترە؟!!

وەڵامی درۆی سێیەمیش دراوەتەوە كە ڕێبوار كەریم مەحموودی ئەندام پەرلەمانەكەی عێراقی ناو حزبە فرۆشراوەكەی پێشووتریان دەڵێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە حكوومەتی عێراقی گوتووە ئەمساڵ سێ جار بڕی 320 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان مەنێرن! بۆیە بە پێویستم نەزانی بە وتارێك وەڵامی ئەم درۆیەشیان بدەمەوە تەنھا ئەوەندە دەڵێم: ئەوەی خۆی فرۆشت، چاوەڕێی هەموو شتێکی خراپی لێ بکەن!