گرانترین کۆتر لە جیهان بە نرخێکی خەیاڵی فرۆشرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گرانترین کۆتر لە جیهان بە نرخێکی خەیاڵی فرۆشرا

کۆترێکی نامەبەر، کە سەرچاوەکەی یەکێک لە کێڵگەکانی بەلیجکایە، لە مەزادێکی ئاشکرا لە ئینتەرنێت، کە رێکخراوی بیجۆن بارادی (بیبا) نمایشی کردبوو، بە کڕیارێکی چیینی فرۆشرا و نرخەکەی ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند و گەیشتە 1.6 مليۆن يۆرۆ.

نیو کیم، ناوی ئەو کۆترە مێیە، کە سەرچاوەکەی کێڵگەیەکی ناوچەی ئەنتویربە لە باکووری بەلجیکا و بوو بە گرانترین پەلەوەر لە جۆری خۆی لە جیهان و نرخەکەی پێش نرخی ئەرماندۆ کەوتەوە، کە کۆترێکی نێرە بوو لە ناوچەی فلاندەر و ساڵی پار بە 1.25 ملیۆن یۆرۆ بە هەمان کڕیارە چیینییەکە فرۆشرابوو، کە ئەم کۆترە مێیەی کڕیوە.

نیکۆلاس گیسلبرێشت، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتیی بیبا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) جەختی کردەوە: “ئەو نرخەی کۆترە نامەبەرەکەی پێ فرۆشراوە، ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانییە و هیچ کڕین و فرۆشتنێکی دیکە بە کۆتر بەر لە ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە ئەو نرخە”.

گوتیشی: ”کڕیارەکە، کە نایەوێ ناسنامەی ئاشکرا بکەین، هەڵبەتە دەیەوێ ئەو کۆترە مێیە لەگەڵ کۆترە نێرەکەی دیکەیدا جووت بکا و هێڵکە و فەرخە کۆتری دیکەیان لێ بخاتەوە و ژمارەیان زیاد بکات”.

لەم ساڵانەی دواییدا کۆتری ناوازە لە سەرتاسەری جیهان داخوازیی زۆری لەسەر پەیدا بووە، بەتایبەت لە چیین، گرنگیدانی خەڵکی دەوڵەمەند و پارەدار لە ئاسیا و کەنداو، بووەتە هۆی ئەوەی نرخی ئەو باڵدار و پەلەوەرانە بەم شێوەیە بەرز ببێتەوە.

بەخێوکردنی کۆتر یەکێکە لەو نەریتانەی لە بەلجیکاوە سەری هەڵدا و ئینجا گەیشتە هۆڵەندا و فەرەنسا.

گیسلبرێشت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تەنیا لە بەلجیکادا 20 هەزار بەخێوکەری تایبەت بە کۆتری نامەبەر بەشداریی کێبرکێی ئاست بەرز دەکەن.