ئەی بۆ لەمەولا چ درۆیەك دەفرۆشن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەی بۆ لەمەولا چ درۆیەك دەفرۆشن؟


پێشتر و ھەر كاتێك ناكۆكی لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر بابەتی بەشە مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان و بابەتی نەوت دروست بووبێت، لە كوردستانەوە شین و مۆر بووینەوە كول و كافر بووین و دەمانگوت و دەمانگوتەوە كە ھەرێمی كوردستان ئامادە بووە و ئامادەیە ھەموو ئەركە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم ئەركانەش، ھەرێمی كوردستان مافی دەستووریی ھەیە و پێویستە ئەم مافانەش دەستەبەر بكرێن.

دەمانگوت ڕێككەوتن لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا كراوە و ئەو 320 ملیار دینارە كە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دەنێردرێت یان پێشتر ئەو 453 ملیار دینارەی لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی ھەر بۆ ھەمان مەبەست دەنێردرا، ئەوە ھەموو شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان نیە، چونكە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان مانگانە لە ترلیۆنێك دینار زیاترە، بەڵام كە عێراق مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێت، ئەوە پێشوەخت واتە پێش ئەوەی ھیچ بنێرێت، پارەی ئەو 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیەی كە لە ھەرێمی كوردستانی دەوێت لای خۆیەوە بڕیوە و دوای ئەم لێبڕینە ئینجا ئەو 320 ملیار دینارە دەنێرێت.

دەمانگوت و دەمانگوتەوە، ئەمە وەك ئەوە وایە كە ھەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی بەغدا كردبێت، چونكە تۆ ئەگەر 250 ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بكەیت یان پارەی ئەو بڕە نەوتە ھیچ جیاوازییەكیان نیە و ھەردووكیان ھەر پابەندبوونی ھەرێمە، چونكە لەجیاتی نەوت پارەی نەوت دەدەیت.

بەڵام ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و ھەندێك ئەندام پەرلەمانی ناو پەرلەمانی كوردستان و ھەندێك لە كەسانی حزبی و شۆرباخۆرەكانی دەوروبەریان ئەوانەی ڕق لە كوردستان و كورد كوێری كردوون، لە ناكۆكیی نێوان ھەرێمی كوردستان و مەزھەبی و شۆڤێنیەكانی بەغدا، بەردەوام ھەرێمی كوردستانیان تاوانبار دەكرد و بەردەوام ھەرێمی كوردستانیان بە سەرچاوەی دروستكردنی كێشەكانی نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان دەزانی.

دوای ئەم ھەموو بێنە و بەردەیە، ئیتر ئەوەتا وتەبێژی حكوومەتی عێراق كە لەڕووی فەرمیەوە قسەكانی تەعبیرە لە قسەی حكوومەتی عێراق و شەخسی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ھەتا ھێزی تیا بوو یەك چەكوشی كێشا نەك ھەر بە سەری ئەوانەی كە لە ڕوانگەی بیری مەزھەبی و شۆڤێنیەوە (یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی بودجە)یان بەبێ كورد و دژی ھەرێمی كوردستان دەركرد، بەڵكوو یەك چەكوشیشی كێشا بە سەری ئەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی ناو پەرلەمانی عێراق و ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانی ناو پەرلەمانی كوردستان و ھەندێك لە كەسانی حزبی و شۆرباخۆرەكانی دەوروبەریان لە ناوخۆی كوردستاندا، كاتێك گوتی: ”بەشی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی یەك ملیار دۆلارە، بەڵام بڕی بەهای هەناردەكردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و بڕێكیش لەبری داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەروازە سنوورییەكانی هەرێم، بڕێكیش لە خەرجیی سیادی، لەو یەك ملیار دۆلارەی شایستەی هەرێمی كوردستان دەبڕین و تەنیا 250 ملیۆن دۆلاریان بۆ دەنێرین، واتە حكوومەتی عێراق مانگانە نزیكەی 750 ملیۆن دۆلار لە حەقەبەشی هەرێمی كوردستان دەبڕێت، لەبری پابەندییە داراییەكانی هەرێم، ئەمەش بە رێككەوتنی هەردوولا“. ھەروەھا وتەبێژی حكوومەتی عێراق دەشڵێت: ”ناھێڵین لەبەر ناكۆكیی سیاسی خەڵكی شارەكانی هەرێمی كوردستان برسی بكرێن...“.

كەواتە لێرەدا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە زۆر ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانە دان بەوەدا دەنرێت ئەوەی كە لە تێپەڕاندن و دەركردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی بودجەدا و لەناو پەرلەمانی عێراق بەبێ كورد و دژی ھەرێمی كوردستان ڕووی دا، ئەوە لەبەر ناكۆكی و ململانێی سیاسی بووە و ئەوە دوورە لە بابەتە دەستووری و یاساییەكان و دوورە لە ڕێككەوتنەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق.

زۆر باشە بەڵام دوای ئەم وتە و لێدوانە ڕەسمییانەی وتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئایا بۆ لەمەولا بەشێك لە خەڵكی كوردستان چۆن بڕوا بە درۆ و دەلەسەكانی ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانی ناو پەرلەمانی كوردستان و ھەندێك لە كەسانی حزبی و شۆرباخۆرەكانی دەوروبەریان بكەن كە بەردەوام درۆیان دژی كوردستان و كورد بە خەڵك دەفرۆشت و دەیانگوت خەتای حكوومەتی هەرێمە؟ ئایا ئەوانە لەمەولا چ باوەڕییەكیان لای ئەو بەشە لە خەڵك دەمێنێت كە ڕەنگە پێشتر بڕوایان بە درۆكانیان كردبێت؟ ئەی ئایا ئەوانە لەمەولا چ درۆیەك دەفرۆشن و چ درۆیەك لە بازاڕی درۆفرۆشتندا ساغ دەكەنەوە؟