كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گۆرانییەكی ئەحمەد كایا لە توركیا هەرا دەنێتەوە

دەنیز زەكی، خانمە گۆرانیبێژی ناوداری توركیا، لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (ئیبۆ شۆ)، كە دوای ٩ ساڵ دابڕان ئەو بەرنامەیە بە شێوازێكی تر لە كەناڵی (ستار) پەخش دەكرێتەوە، گۆرانییەكی ئەحمەد كایای گوتەوە، بەڵام لە سۆشیال میدیا رەخنەباران كراوە.

گۆرانی (تۆ لە كوێ دەزانی)، كە یەكێكە لە گۆرانییە ناودارەكانی ئەحمەد كایا و ئاواز و هۆنراوەكەش هەر كایا خۆی دایناوە، لەلایەن دەنیز زەکییەوە لەو بەرنامەیە گوترایەوە، بەڵام هاووڵاتیان و لایەنگرانی كایا لە سۆشیال میدیا رەخنەبارانیان كردووە.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، دەنیز یەكێكە لە گۆرانیبێژە باشەكان، بەڵام گۆرانییەكەی ئەحمەد كایای زۆر بە خراپی چڕیوە، بۆیە لایەنگرانی كایا رەخنەبارانیان كردووە.

لە بەرانبەردا دەنیز زەكی لە پێگەی خۆی لە (فەیسبووك و تویتەر)، دانی بەوەدا نەنا كە گۆرانییەكەی كایای بە خۆاپی چڕیوە، ئەو دەڵێت بە شێوازێكی تایبەت گۆرانییەكەی كایای گوتووەتەوە و پێویستە دەستخۆشی لێ بكرێت.

ئەحمەد کایا (٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ - ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠) گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی ناوداری کورد کە لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕیوە، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.

 پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.

کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.

 ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.

ئەحەمد کایا بە هونەر و هەڵوێستی کوردانەی لایەنگری لە کورد و هەژار و کەمینەکان کردووە و بەهۆی بیروباوەڕییەوە زیندانی دەکرێت و گۆرانییەکانی لە تورکیا لێ قەدەغە دەکرێت و پاشان دادگایی و بڕیاری دەرکردنی لە تورکیا درا و تەنانەت داوای حوکمی سێدارەشی بۆ کرا و دواتر دادگای تورکیا بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە تۆمەتی خەیانتی نەیشتمانی حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕییەوە و پاشان ڕۆیشتە فەڕەنسا و لەوێ درێژەی بە ژیان و کاری هونەریی خۆی دا.

سەرەنجام پاش تەمەنێک خزمەت بە هونەر و مۆسیقا لە ١٦ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ لە پاریس کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕاستانی پیرلاشێز لە تەنیشت یەڵماز گونای سینەماکاری ناوداری کورد نێژراوە.

لینكی گۆرانییەكە: