كچێكی لەخشتە بردووە و خۆیشی جەڵتە لێی داوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كچێكی لەخشتە بردووە و خۆیشی جەڵتە لێی داوە!

دوای شەش ساڵ پەیوەندی و چاوەڕوانی، ئاگاداری کردووەتەوە، کە باوکی رازی نییە هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات.

“دوو ساڵە خوێندنم تەواو کردووە، لە قۆناغی یەکی زانکۆوە پەیوەندیمان هەیە، ئێستا دەڵێت باوکم نایەوێت بێمە خوازبێنیت و پەیوەندیم پێوە ناکات”. ئەمە قسەی پەروین، کچێکی ٢٥ ساڵە. وەک خۆی دەڵێت، ئێستا لە کێشەدایە.

پەروین لە خێزانێکی حەوت کەسییە، باوکی لە ژیاندا نەماوە و دایکی بە چاودێریی مامی بەخێوی کردوون. ئەو خەڵكی یەک لە شارۆچكەكانی دەوروبەری سلێمانییە.

ئەم کچە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆوە، پەیوەندیی لەگەڵ کوڕێکی هەمان شارۆچكەی خۆیان دروست دەکات. ئەو دەڵێت: "سەرەتا نەمدەویست پەیوەندیی لەگەڵ دابنێم، ماوەی سێ مانگ هەموو هەوڵێكی دا تا رازی بووم. دواتر منیش خۆشم ویست و ماوەی شەش ساڵە پەیوەندیمان بەردەوامە".

پەروین دەگێڕێتەوە: "سەرەتا بڕیار بوو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ هاوسەرگیری بکەین، کە من دەرچووم، داوام لێ كرد بێتە خوازبێنیم، گوتی دەبێ چاوەڕێ بم، تا ئەو هەندێک کێشەی ماڵی خۆیان چارەسەر دەکات، بەڵام هەرگیز بە منی نەگوت، کە باوکی دەیەوێ کچێکی خزمی بۆ بخوازێت، هەر دەیگوت کێشەیەکی خێزانییە".

لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی دوای تەوابوونی خوێندنی، پەروین چەند جارێک خوازبێنی هاتووە و ویستوویەتی شوو بکات، بەڵام کوڕە خۆشەویستەکەی رێگەی نەداوە شوو بکات: "کاتێك خوێندنم تەواو بوو، داوام لێ کرد بێتە خوازبێنیم و بیانووی هەبوو، دوو سێ جار خوازبێنیم هات و دەمویست شوو بکەم، چونکە هەستم دەکرد کات دەکوژێ و شتی شاراوەی هەیە، بەڵام هەموو جارێ دەچووە لای ئەو کەسەی دەهاتە خوازبێنیم و پێی دەگوت، کە من پەیوەندیم لەگەڵ ئەو کچە هەیە و تێکی دەدا".

ئەو کچە گەنجە، دواجار بڕیار دەدات ئەگەر جارێکی تر ئەو رێگەی شووکردنی لێ بگرێت بە کەسوکاری دەڵێت: "بۆ جاری چوارەم کاتێک ویستم شوو بکەم، بە هەمان شێوەی پێشتر چووە سەر رێگای کوڕەکە و پێی گوتبوو، کە ئەو کچە شەش ساڵە پەیوەندیی لەگەڵ مندا هەیە، منیش کە نە خۆی دەهاتە داوام و نە دەیهێشت شوو بکەم، زۆر تووڕە بووم و هەموو چیرۆکەکەم بە مامم گوت".

وەک پەروین باسی دەکات، دوای ئەوەی مامی بەم چیرۆکە دەزانێت، یەکسەر رەفتاری لەگەڵ پەروین دەگۆڕێت و شەڕ لەگەڵ پەروین و دایکیدا دەکات و لە هەردووکیان دەدات: "مامم بە بیستنی ئەوە شێت بوو، سەرەتا منی زۆر خۆشدەویست، وامدەزانی ئێمە وەکوو هاوڕێین و ئاساییە پێی بڵێـم، نەمزانی کێشەکەم قووڵتر دەبێت".

دوای پێزانینی، مامی پەروین دەچێتە سەر ماڵی ئەو کوڕەی، کە پەروین پەیوەندیی لەگەڵدا هەبووە: "مامم دوای ئەوەی لە من و دایکمی دا، چەکی هەڵگرت و لەگەڵ براکەی چووە سەر ماڵی کوڕەکە، بەڵام باش بوو پیاوەکانیان لە ماڵ نەبوون، هەڕەشەی لێ كردبوون، کە بە زووترین کات بڕۆنە خوازبێنیی کچەکەیان، ئەگەر نا کچ و کوڕەکەش دەکوژێت".

پەروین دەڵێت: "بۆ رۆژی دوایی باوکی کوڕەکە تەلەفۆنی بۆ مام کرد و گوتی، جارێکی تر نەیەیتەوە سەر ماڵی من، کچەکەتان درۆ دەکات و هیچ پەیوەندیی لەگەڵ کوڕی من نییە، ماوەی دوو ساڵە کوڕی من کچی مامی خۆی مارە کردووە".

ئەم کچە گەنجە وەک خۆی دەڵێت: "بە بیستنی ئەم هەواڵە شۆک بووم، دەمپرسی ئەگەر مارەبڕی هەیە، بۆچی نەیدەهێشت من شوو بکەم و ئەو کەتنەشی پێ کردم؟".

پەروین ئێستا وێڕای ئەوەی زانیویەتی، کە کوڕە خۆشەویستەکەی کچێکی تری مارە کردووە، بەڵام هەر دەیەوێ شووی پێ بکات، چونکە: "وێڕای هەموو شتێک، دەمەوێ شووی پێ بکەم، چونکە تازە خزم و کەسم زانیویانە و خەریكە ئابڕووم دەچێ".

ئێستا لەگەڵ ئەوەی پەروین کێشەکەی ئاڵۆز بووە، دەڵێت: "ئەو کوڕە پەیوەندیم پێوە ناکات، دایکی هەواڵی بۆ ناردووم، گوایە شەڕی لە گەڵ باوکی کردووە و جەڵتە لێی داوە و لەناو جێگایە، بۆیە پەیوەندی ناکات، هەرچەند پەرۆشمە، بەڵام دەترسێم ئەوەش یەکێک بێت لە درۆیەکانی تری و منی پێ هەڵبخەڵەتێنێت".

پەروین دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت باوکی کوڕەکە رازی بکات و بیکاتە بووکی خۆی، بەڵام ئێستا رێگەی پێ نادەن لە ماڵ بێتە دەرەوە. ناشیەوێت سکاڵای فەرمی تۆمار بکات، چونکە پێی وایە کێشەکەی ئاڵۆزتر دەبێت.