كە تەوافوق نەما بەغدا بەكەڵكی كورد نامێنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كە تەوافوق نەما بەغدا بەكەڵكی كورد نامێنێت


ئەگەر دەوڵەت بە ڕاستی دەوڵەتی ھاووڵاتی بێت، واتە ھەر بە تەنیا ھاووڵاتیبوون و بێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوەیی و دینی و مەزھەبی و ڕەگەز و ڕەنگی مرۆڤەكان، پێوەری دیاریكردنی ماف و ئەركەكان بێت، ئەو كاتە حوكمی زۆرینە و كەمینەی سیاسی، ھیچ كێشەیەك نیە، بۆ نموونە وەك ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا. بەڵام ئەگەر پێكھاتەكانی ناو چوارچێوەی یەك دەوڵەت جیاوازیی كۆمەڵایەتیی قووڵ و دابەشبوونی سیاسیی گەورە لەنێوانیاندا ھەبوو، ئەگەر ترس لەوە ھەبوو كە دەوڵەت ببێت بە دەوڵەتی مەزھەب، یان نەتەوەیەكی ناو ئەو دەوڵەتە، ئیتر ئەو كاتە دوو ڕێگە لەبەردەمدایە:

1- یان دەبێ لەجیاتی حوكمی زۆرینە و كەمینەی مەزھەبی یان حوكمی نەتەوەیەك، بە شوێن جۆرێكی تر لە دیموكراسیدا بگەڕێیت.
2 - یان لێ بگەڕێیت بە شێوازی ئاشتییانە ھەر لایەك لەسەر خاكی خۆی دەوڵەتی خۆی ھەبێت.

لەدوای ڕووخاندنی دیكتاتۆری بەعس ھەوڵ درا جۆرێكی تر لە دیموكراسی بۆ عێراق بینا بكرێت ئەویش دیموكراسیی تەوافوقیە، ئەم جۆرە لە دیموكراسی چوار خەسڵەت یان چوار پایەی سەرەكیی ھەیە، ھەر پایەیەكی نەمێنێت، ئیتر ئەم جۆرە لە دیموكراسییش دەكەوێت و نامێنێت، ئەو چوار خەسڵەتەش بریتین لە:

1 - حكوومەتێكی بنكە فراوان یان ھاوپەیمانییەكی فراوان لە گشت حزبەكان پێكدەھێنرێت، تەبعەن بە حزب یان ھاوپەیمانیی زۆرینەشەوە.

2- نوێنەرایەتیكردنی ڕێژەیی بۆ گشت پێكھاتەكان لە ھەموو وەزارەت و ئیدارە و داوودەزگاكانی دەوڵەتدا، لێرەدا دەنگی بەدەستھاتوو لە ھەڵبژاردندا دەبێتە بنەمای بەش و بەركەوتەی وەزارەت و ئیدارە و داوودەزگاكانی دەوڵەت.

3 - زۆرینە و كەمینە مافی ڤیتۆ واتە پووچەڵكردنەوەی ھەر بڕيار یان یاسایەكیان بەرامبەر ئەوی تر ھەیە كە زیان بە بەرامبەرەكەی بگەیەنێت.

4 - ھەر پێكھاتەیەك لە ناوچە و لەسەر خاكی خۆی، مافی بەڕێوەبردنی كاروباری تایبەت بە خۆیی ھەیە.

ئینجا ئێستا من وەك ھاووڵاتیەكی كوردستانی لكێنراو بە عێراقەوە دەپرسم: ئایا چەند پایە لەو چوار پایەیەی دیموكراسیی تەوافوقی لە عێراقدا ھەیە؟ تۆ وەرە تەنیا لە خاڵی سێیەم ورد بەرەوە كە لە دیموكراسیی تەوافوقیدا زۆرینە و كەمینە (مافی ڤیتۆ) واتە مافی پووچەڵكردنەوەی ھەر بڕيار یان یاسایەكیان بەرامبەر ئەوی تر ھەیە كە زیان بە بەرامبەرەكەی بگەیەنێت. ئایا ئەم خەسڵەتە یان ئەم پایە گرنگەی دیموكراسیی تەوافوقی لە دەركردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی بودجەی عێراقدا ھەبوو؟ خۆ ئەگەر ھەبوایە، دەبوایە یان ئەو یاسایە بە ڕەزامەندیی ھەموو پێكھاتەكان دەربكرایە، یان كورد مافی پووچەڵكردنەوەی ئەو یاسا زاڵمانەیەی بەرامبەر خۆی ھەبێت كە بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دەركراوە. ئینجا ئیتر ھەر بۆ خۆیشتان بڕۆن و بزانن لەو سێ خەسڵەت یان سێ پایەیەی تری دیموكراسیی تەوافوقی چەندیان لە عێراقدا ماون و بزانن:

1- كوا كورد لەناو حكوومەتی بنكە فراواندا؟
2 - كوا نوێنەرایەتیكردنی ڕێژەیی كورد بەگوێرەی دەنگی بەدەستھاتووی كورد لەناو گشت وەزارەت و ئیدارە و داوودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق لەسەرەوە بۆ خوارەوە؟ مەبەست ھەر بەتەنیا وەزیر نیە.
3- كوا مافی بەڕێوەبردنی كورد لەسەر تەواوی خاكی مێژوویی خۆی؟

خۆ ھەر ئێستا نیوەی ئەو خاكەی كورد لەدەست كورد خۆیدا نیە و دەشیانەوێت لەڕێگەی شەڕی ئابووری و تەسلیمكردنی داھاتی نەوت و غەیری نەوتیش ئەو ئیدارەیەی كە بەدەست ھەرێمی كوردستانیشەوەیە لە بناغەوە ھەڵیتەكێنن، جا باشە ئیتر بۆچی ریفراندۆمەكەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25 – 9 – 2017، نەك جارێك بەڵكوو ھەزار جار مافی خۆی نەبوو؟ بۆچی ریفراندۆمەكەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25 – 9 – 2017 نەك جارێك بەڵكوو ھەزار جار لە شوێنی خۆیدا نەبوو؟