ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و خێرایی بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و خێرایی بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایەی یەکەمجار لە شاری وۆهان لە چین سەری هەڵدا، بە شێوەیەکی ترسناک خۆی گۆڕیوە و بووە بەو ڤایرۆسەی کە ئێستا لە بە توندی لە ئەورووپا و ئەمریکا بڵاو بووەتەوە.

 توێژینەوەکە، کە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی نۆرس کارۆلینای ئەمریکی و پەیمانگەی زانستی پزیشکیی زانکۆی تۆکیۆی یابانی ئەنجام دراوە، دەڵێت "ئەو ڤایرۆسەی ئێستا لە ئەورووپا و ئەمریکا بڵاو بووەتەوە، زۆر توندتر و دژوارترە لەو ڤایرۆسەی لە وۆهان سەری هەڵدا و بە کۆرۆنا رەسەنەکە ناسراوە".

 بەگوێرەی توێژینەوەکە، ڤایرۆسە نوێیەکە 10 جار خێراترە لەوەی وۆهان، بەرلەوەی بە جیهاندا بڵاو ببێتەوە.

بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، کە گۆڤاری (ساینس)ی زانستیی ئەمریکی تیشکی خستووەتە سەر، ئەو پرۆتینەی لەسەر رووی ڤایرۆسەکە هەیە، ئەو هێزەی دەداتێ، کە بە خانەکانی قوربانییەکەوە بنووسێت و زۆر گۆڕانکاری تێدا بکات، ئەمەش وا لەو ڤایرۆسە دەکات، زۆرترین ژمارەی خەڵک تووش بکات و بازنەی بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرین بکات. مەبەست لە پرۆتین ئەو چووکلانەن، کە لە وێنەکەدا بە ڤایرۆسی کۆرۆناکەوە دیارن و شێوەی تاجیان پێ بەخشیوە.

بەڵام تا ئێستا توێژەران کاریگەریی ئەو بازدانەیان لەسەر تایبەتمەندییەکانی ڤایرۆسەکە نەدۆزیوەتەوە. توێژینەوەکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە بۆ یەکەمجار نوسخەیەک لەو ڤایرۆسە گۆڕاوە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو لە یابان دۆزراوەتەوە، بازدانیش یەکێکە لە نیشانە جیاکەرەوەکانی تێکڕای ڤایرۆسەکان بە شێوەیەکی گشتی.

دوای تاقیکردنەوە لەسەر مشک، یوشیهیرۆ کاواوکا، توێژەری سەرەکی و مامۆستای زانستی ڤایرۆسەکان لە پەیمانگەی زانستیی پزیشکی لە زانکۆی تۆکیۆ گوتی: "ئەو بازدانە توانای ڤایرۆسی بۆ بڵاوبوونەوە بە شێوەیەکی زۆر زیاد کردووە".

کاواوکا پێی وایە: "ئەو بازدانە هۆکاری ئەوەیە، کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەورووپا و ئەمریکا لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بەپێچەوانەی چین، کە بە شێوەیەکی نیمچە تەواوەتی چاک بوونەتەوە".

 ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە کە راگەیاندنەکانی توێژەرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو پێکوتانەی ئێستا خەریکی پێشخستنیانن، دژی ئەو بازدانانە کاریگەرن.

بەڵام رالف باریک، توێژەرێکی دیکەی سەرەکی و مامۆستای زانستی پەتاکان لە زانکۆی نۆرس کارۆلینای ئەمریکی، جەختی کردەوە، کە پێویستە بەداواچوون بۆ ئەو بازادانانەی ڤایرۆسە نوێیەکە بکرێ و لە دەرهاوێشتەکانی تێ بگەین.

باریک دەڵێت: "ئەو بازدانانە بە بەردەوامی روو دەدەن، سەرەڕای ئەو بەرگرییەش کە بەهۆی پێکوتەکە دروست دەبێت، رەنگە ببن بەهۆی زیاتر توندبوونی نەخۆشییەکە و دەرفەتی بڵاوبوونەوەیان زیاتر بێت، هەروەها جگە لە مرۆڤ، گیانەوەرەکانی دیکەش بیگرن".