كتێب و ئەنتەرنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×


كورد پێنچ سەد و پەنجا و پێنج ساڵ دوای جیهان، دۆستایەتییەكی ساردی لەگەڵ كتێب قبووڵ كردووە
ئەو پرسیارەی هەموو ڕۆژێ دووبارە دەبێتەوە:
- ئایا خوێندنەوەی كتێب بەهۆی داهێنانی ئەنتەرنێتەوە كەمی كردووە؟
- ئایا بەهۆی داهێنانی ئەنتەرنێتەوە خەڵك پشتی كردووەتە کڕینی كتێب؟
دەیان پرسیاری دیكە، كە پەیوەندیی بە كتێب و ئەنتەرنێتەوە هەیە.

كتێب سێ بنەمای سەرەكیی هەیە:
- زمان.
- نووسین.
- كاغەز.
(بە چاوپۆشین لە ئینسان و فكر، كە گرنترین هۆی هێنانە وجوودی كتێبن، چونكە پێش كتێبیش ئەو داهێنانە هەر هەبوون).

تا ئێستا كۆدەنگییەكی تەواو هەیە، كە گرنگترین داهێنراوی مرۆڤ زمانە، زمان بنەما و ڕەگی ئبنەڕەتیی بیركردنەوە و تێگەیشتن و دایەلۆگە. وێناكردنی ژیانی ئینسان بەبێ زمان سەختە. یەكەم كاری ئینسان دروستكرنی پەیوەندییە. ڕاستە پەیوەندی بەبێ زمانیش دەكرێ، بەڵام پەیوەندییەكی سادە و كورت و سەخت. سەرەتا تەنیا داهێنانی چەند (دەنگێك) بووە، ڕۆژ بە ڕۆژە دەنگەكان زیاتر بوون، تا بوونە ئەو كۆمەڵە دەنگە تۆكمەیەی، كە سیستەمی زمان پێكدێنن. بە سادەترین شێوە:
- زمان بریتییە لە تۆڕێكی دەنگی، كە سیستەمێكی تۆكمە، پەیوەندیی نێوانیان ڕێك دەخات.
- كوردیش دەڵێ، چەند زمان دەزانی ئەوەندە ئینسانەی.

لە زمانەوە بۆ نووسین
زمان دەنگە، دەنگیش بە هەوادا دەچێ، دەنگ كۆ نابێتەوە. بەپێی لێكدانەوەكانی فەیلەسووف و زانا وێڵ دیۆڕانت (نووسەری مێژووی شارستانیەت) لەبەر نەبوونی نووسین، دەیان قۆناغی مرۆڤایەتی ون بوون و هیچ زانیاریەكمان لەسەریان نییە، یان كەمترین زانیاریمان لەسەریان هەیە.
- ئەوەی مرۆڤایەتی لە ونبوون ڕزگار دەكات، داهێنانی (نووسینە). نووسین ئەو پیت و ڕەمزانەن، كە بۆ دەنگەكان دانراون، هەر دەنگە و پیتێك. ئەوەش گەورەترین شۆڕش بووە، مرۆڤایەتی بۆ نووسینەوەی خۆی، بۆ تۆماركردنی ڕابردووی، بۆ نووسینەوەی داهاتووی، بۆ تۆماركردنی بیركردنەوە و داهێنانە زانستییەكانی دایهێنابێ. (من ئەوەندە قەرزداری نووسینم، ئەگەر هەزار لاپەڕەی تەواو لە ستایشی نووسیندا بنووسم، هێشتا كەمە).
- ڕاستە هەموو ئەوەی مرۆڤایەتی هەیەتی بەرهەمی عەقڵە، بەڵام مانەوەی هەتا ئێستا بەهۆی نووسینەوەیە. لە تۆماركردنی و بەڵگەنامەكانی ئەمڕۆدا، لە بەسیستەمكردنی دنیادا، لە داهێنانی بچووكترن ئامێرەوە تا گەورەترینیان، نووسین كۆڵەكەی بنەڕەتی بووە.

كۆكردنەوەی زمان و نووسین
- دوو داهێنراوە مەزنەكەی مرۆڤایەتی (زمان و نووسین) لەسەر (لاپەڕە) یەك دەگرنەوە و كتێب پێك دەهێنن. ئەگەر تەنیا مێژوو و زەحمەتییەكانی داهێنانی كاغەز بنووسمەوە، شەرم لە خەساركردنی تاكە لاپەڕەیەكیش دەكەم. (جەوهەر و كاغەز) دوو خزمەتكارە دڵسۆزەكەی زمان و نووسینن. (جەوهەر) یان مەرەكەب، لە كاغەزی كەمتری نەكردووە.
هەوڵەكانی ئەو گیاندارە دوو پێیە، لە داهێنانی كاغەز و مەرەكەبدا (دواتر ئامێری چاپ) شایانی ئەوپەڕی ستایشە. ئێمەی مرۆڤی ڕۆژهەڵات، لەبەر ئەوەی هەوڵمان نەداوە، یان خۆمان ماندوو ناكەین، توانای داهێنانمان سنووردارە، هەر لەبەر ئەوەیە نرخی ئەو داهێنانە گەورانەش نازانین.

لە كتێبەوە بۆ ئای بووك (كتێبی ئەنتەرنێتی)
- شتێكی سادەم لەسەر گرنگیی زمان و نووسین و كتێب نووسی. ئەوەش ئەو ئەنجامەیە پێی گەیشتم:
- ئینسان ڕێگایەكی سەختی بڕیوە، تا كتێبی داهێناوە.
- كتێبیش لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا (كە تا ئێستاش ماوە) بە توانایەكی سیحرییەوە خزمەتی ئینسانی كردووە.
- ئەوەی زۆر گرنگە، لە كۆتاییدا (كتێب)یش وەسیلەیەكە بۆ گەیاندنی فكر و پاراستنی ئەزموونی ئینسان، وەك چۆن زمان و نووسینیش وەسیلەن. (مەبەستم كتێبی كاغەزینە).
- هەرسێكیان (زمان، نووسین، كتێب) تا پلەی موقەدەسی ڕێزیان دەگرم، بەڵام هۆكار یان وەسیلەی گواستنەوە، یان شێوازێكی (دەربڕینن) بۆ مرۆڤ، دەشێ یەكێكیان یان هەرسێكیان لە زەمەنێكی مێژووییدا تەمەنیان بەسەر بچێت و مرۆ دەستیان لێ هەڵگرێ. ئەو ڕستەیە دەبێ چەند جار بخوێنیەوە و بیڵێیەوە، چۆن دەكرێ؟ چۆن دەكرێ دەست لە نووسین (بە پیت) هەڵگرین؟ وەڵامدانەوەی ئەوەیان سەختە، چونكە هیچ جێگرەوەیەكی باشتر دیار نییە. با، جێگرەوەی كتێب (بەڕواڵەت) هەیە!

كتێب و دەستلێهەڵگرتنی
كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە.
ئەو وتەیە حیكمەتی چەند سەدەیەك بوو. بەڵێ تاكە هاوڕێیەكە، هەر كات بتەوێ قسەت بۆ دەكات، كەنگێ بتەوێ بێدەنگە. پڕ زانیاری، پڕ لەزەت، پڕ خۆشی، پڕ سەفەر، پڕ عەشق و جوانی، پڕ شەڕ و هەڵا، پڕ ژیان و مردن، پڕ فێربوون و ئەزموون.

دۆستایەتیی كتێب و ئینسان دوور و درێژە. بە كتێبی گەلگامێش دەستی پێكردووە. جۆهان گۆتنبێرگی ئەڵمانی لە ساڵی ١٤٥٤ز، یەكەم چاپخانەی خۆی دامەزراند و هەر لەو ساڵەشدا یەكەم كتێبی، كە تەورات بوو، بە لاتینی و بە مەكینە لە چاپ دا. واتا پێنج سەد و شەشت و شەش ساڵە كتێب چاپ دەكرێت و مرۆڤ هاوڕێیەكی بەردەوامی بۆ خۆی پەیدا كردووە. كتێب ئەو هاوڕێیەیە، نە بۆنی گۆرەوییەكانی دێت و نە پرخە.

ڕاستە ژمارەی ساڵەكانی دۆستایەتیی كورد و كتێب كەمترە. جارێ هەر سوڵتانە نەگریسەكەی ئەستانبووڵ، بەكارهێنانی ئامێری چاپی سەد ساڵێك دواخست، بە بیانووی ئەوەی (كە ئەوە ئامێری كافرانە). ئەوە بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان بۆ توركیای ئەو كاتە سەد ساڵ.
بۆ قبووڵكردن و ئاشنابوونی كوردیش بە نەریت و هەر ئامێرێكی تازە، سەد ساڵێك دوای نەتەوەكانی ڕۆژهەڵات دەكەوێت، تا دانی پێدا دەنێ.

ئاشنابوونی كورد بە چاپخانە زۆر دواكەوت، یەكەم چاپخانە، مێجەر سۆن لە ساڵی ١٩١٩ز لەگەڵ خۆی دەیهێنێ بۆ سلێمانی و یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە ڕۆژی ١٩\١١\١٩١٩ بە ناوی (پێشكەوتن) چاپ و بڵاو دەكاتەوە. من ئەو ڕۆژە بە یەكەم ڕۆژی هاوڕێیایەتیی كورد و ڕۆژنامە لەجیاتی كتێب دادەنێم. واتا تەمەنی دۆستایەتیی كورد و كتێب سەد و یازدە ساڵە. كەواتە پێنچ سەد و پەنجا و پێنج ساڵ دوای جیهان كتێبی چاپخانەی ناسیوە. ئەوەی گومانی لەسەر نییە، كە پێش ئەو مێژووە كورد كتێبی دەستنووسی هەبووە، لە ناوچە و ماڵی دەگمەندا كتێب هەبووە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر ئەو كاتەیە، كە كتێب بڵاو دەبێتەوە و دەكرێت ببێتە دۆستی هەموان.

ئەوەش بابەتێكی هێجگار گرنگ و بەپێزە، بەڵام تەنیا تا ئێرەی بۆ ئەو وتارە پێویستە.
كورد دەتوانێ دوای سەد و یازدە ساڵ واز لە كتێبی كاغەزین بێنێت و ڕوو بكاتە ئەنتەرنێت؟
ئەو پرسیارە وەڵام دەدەمەوە، ئەگەر بتوانم ئەوە بسەلمێنم، كە ئەرێ كورد ئەو ماوەیە بەڕاستی دۆستی كتێب بووە؟