كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا

لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بەهۆی هێرشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کورد بە شێوەیەک بەشدارییان کرد لە دامەزراندنەوەی دامەزراوە و دەوڵەتی عێراق کە ببێت بە موڵکی هەموو تاکێک بە کورد و شیعە و سوننە، هەروەها هەموو نەتەوەکانی عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەن، هەموو کاتێکیش حکوومەتی هەرێم جەختی لەسەر پانەندبوون بە دەستوورەوە کردووە، هەر ئەم دەستوورەشە کە گەرەنتی یەکپارچەیی عێراق دەکات.

ماوەی ١٧ ساڵە کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوو حکوومەت هەن وەک کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و بڕینی بودجە و بۆشایی ئاسایش کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش و ئێستاش کەمکردنەوەی بەشە بودجەی کوردستان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەم بەشە بودجەیەش. لە راستیدا ئێمەی کورد لە حکوومەتی عێراق رووبەرووی یاسا و حکوومەتێک نەبووینەوە کە بە یاسا و رێسای حکومڕانیی باش هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکات، بەڵکوو ئێمە لەگەڵ عەقڵیەتێک هەڵسوکەوت دەکەین کە هەمیشە هەوڵدەدات قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت. ئەم جۆرە عەقڵیەتە ناتوانێت سازان و هاوسەنگی بپارێزێت لەگەڵ نەتەوەیەک کە نایەوێت بوونیان ببینێت لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا.

وەک ئاشکرایە ئەم کارەی حکوومەتی عێراق تەنها لێدان نیە لە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو ئەوە دەرگا دادەخات لەسەر زۆر لە گفتوگۆکانی تری گرنگ وەک ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەروەها ئەمەش لە کاتێکدا روودەدات کە هەموومان دەزانین هەڵبژاردنەکانی عێراق نزیکن و هێزە شیعە پۆپۆلیستەکان هەموو هەوڵێک دەدەن کە خۆیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و بتوانن حکوومەتێک پێکبهێنن کە هیچ سازشێک نەکات بۆ هەرێمی کوردستان.

گرنگە ئێمە بە هیچ شێوەیەک پاساو نەدەینە دەست حکوومەتی عێراق، بەڵام بەو مانایش نایەت کە هەموو چەکێکمان رادەستیان بکەین و ئەوانیش لە دژمان بەكاری بهێنن. کارێکی گرنگە ئەگەر دەست بە دانوستان بکرێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق، باری دارایی ناوخۆی خۆمان باشتر بکەین بە ریفۆرمی زیاتر کە پێویستیمان بە حکوومەتی ناوەند نەبێت بۆ مووچە کە گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە، هەروەها هەمیشە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بەردەوام بین لە رێی وەزیری دەرەوەی عێراق کە پشکی کوردە و هەروەها نوێنەرایەتییەکانمان لە دەرەوەی وڵات. ئەمانە بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ دەستنەبردن بۆ مافی هەرێمی کوردستان، هەموو تاکێکی کورد ئەمە دەزانێت لە کاتی هەڵبژاردن و لە کاتی نزیکبوونەوەی رێكکەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ وەک ئەوەی ئێستا لەسەر ناوچە جێناکۆکان، هەندێک لایەنی عێراقی هەندێک پڕۆژەیاسا لە دژی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێنن یان هەوڵی تێپەڕاندنی دەدەن، بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ لەناوبردنی ئەو لێکنزیکبوونەوەیەی نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراقە، هەروەها بۆ لەناوبردنی هەرجۆرە لێکتێگەیشتنێکە. تا ئەو کاتەی کە پەرلەمانی عێراق بەدەست چەند لایەنێکی دژە کوردەوە بێت و پەرلەمان وەک چەکێک دژی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن، ناتوانین شاهێدی عێراقێکی سەقامگیر بین.