كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شوێنەواری پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان

شوێنەوارەکانی ئایینی مەسیحی لە كوردستان - بەشی (1)

بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت
ئایینی مەسیحی، مێژووی دەسپێكی بڵاوبوونەوە ی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 27ی زایینی، کە هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی ئیمپڕاتۆری رۆمانی.

هەتا ئەو کاتەی مەسیحییەت وەک بەشێک لە ئایینی جوو سەیر دەکرا، دەسەڵاتی ئیمپراتۆری رۆم زۆر سەرنجی نەدەدا و مەسیحییەکان لە بیروباوەڕی خۆیان ئازاد بوون، بەڵام لەگەڵ گەشەکردن و زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە وەک ئایینێکی نوێ و گوتەی جیاواز و بیروباوەڕی نوێ، دەوڵەتی رۆم بە خۆیدا چووەوە بۆ رێگری لە زیاتر تەشەنەکردن و گەشەی ئایینە تازەکە بۆ ناو خەڵک و مەسیحییەتی بە نافەرمی ناساند و بۆ کپکردن و سەرکوتکردنی رووبەڕووی بوونەوە.

لە سەدەکانی سەرەتای دەرکەوتنی ئام ئایینە، حەوزی رۆژهەڵاتی دەریای سپی، ناوەند و چەقی قورسایی ئایینی مەسیحییەت بوو، شارەکانی وەک قودس، ئەنتاکیا، ئەلرەها، ئەسکەندەرییە، ناوەندی رۆشنبیریی ئەم ئایینە بوون، کە دواتر بەرەو رۆما و قوستەنتینییە - ئیستامبۆل- گەشەی کرد و دواتریش بەرەو سەنتەرەکانی دیکەی ئەورووپا و دونیا.

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی، ئەم ئایینە دژایەتیی کرا و لە لایەن دەسەڵاتداران و خەڵکی ئاساییشەوە رەت کرایەوە و رووبەڕووی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە بوو، هەتا ئەو رادەەیەی، کە کەسایەتیی عیسای مەسیح لەلایەن دژەکانی، دەستبەسەر کرا و لە خاچ درا.

بەڵام هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ئایینە، کەسانێک هەبوون، کە بڕوایان بە قسە و ئامۆژگارییەکانی عیسا (د.خ) کرد و بۆ زیاتر فێربوون و درێژەدان بەو ئایینە، بوونە قوتابیی عیسای مەسیح و لە هەوڵی بڵاوکردنەوە و زیاتر ناساندنی ئەم ئایینە بە کەسانی دیکەدا بوون، بۆیە دوای ئەوەی پەیامهێن مەسیح لە خاچ درا، کەسانێک هەبوون، کە ببنە درێژەپێدەری رێبازەکەی و ئایینەکە لەبیر نەکەن و بۆ زیندووهێشتنەوە و بڵاوکردنەوەی هەوڵ بدەن.

بەڵام لە سەدەی چوارەم بەدواوە، بارۆدۆخەکە گۆڕا. لە ساڵی 313ی زایینی، پاشا قۆستەنتینی گەورە ئەم ئایینەی بەفەرمی ناساند و چووە پاڵ بڕوادارانی مەسیحییەت و کردی بە ئایینی فەرمیی دەوڵەتی رۆما و لەوە بەدواوە، ئەم ئایینە زاڵ بوو بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگا بە گشتی، توانیشی کاریگەریی قووڵ دروست بکات و تا رادەیەک ببێتە هۆی دروستبوونی توندڕەویی ئایینی.

مەسیحییەتیش هەر وەک ئایینەکانی دیکە، لەدوای بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی گۆڕەپانی لایەنگەرانی، دووچاری لەتبوون و دروستبوونی کۆمەڵێ مەزهەبی جیاواز هات. سەبارەت بە مەزهەبەکانی ناو ئەم ئایینە، کە هەر لە سەرەتای سەدەی چواری زایینییەوە دەستی پێکرد، واتا هاوکات لەگەڵ لە یەک جودابوونەوەی هەر دوو کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی کۆن و ئەرتۆدۆکسی رۆژهەڵات، کە ئەمە بە یەکەم شەقبوونی ناو ئایینی مەسیحی دادەنرێت.

پاشان لە ساڵی 1054 گەورەترین جودایی لەنێوان کاسۆلۆکییەت و ئۆرسۆدۆکسی رۆژهەڵاتیدا رووی دا.

ئەم دووبەرەکییە، کە بە گەورەترین شەقبوون لەناو ئایینی مەسیحی دادەنرێت، لەوێوە دەستی پێکرد، کە لە ساڵی 1054ی زایینی، کێشەی سیاسی و رێکنەکەوتن لەسەر بیروباوەڕە بنەماییەکانی ئایینی مەسیحی، کەوتە نێوان کەنیسە و پیاوانی ئایینیی دەسەڵاتدار و لە ئەنجامی ئەوەدا، کلێسای ئیمپراتۆری رۆم دابەش بوو بۆ دوو بەشی گەورەی رؤژهەڵاتی، واتا یۆنان، کە دواتر پێی گوترا كەنیسەی ئەرتەدۆکسی رۆژهەڵات و بەشی رۆژئاوایی، واتا لاتین، کە بە کەنیسەی کاتۆلیکیی رۆم ناسرا.

دواتر لە سەدەی شازدەی زایینیدا بەرەی چاکسازی، واتا پرۆتستانت دروست بوو، ئەم بەرە نوێیە بێجگە لە ئایینی مەسیحییەت، کاریگەریی لەسەر ئایینەکانی تریشدا هەبوو و رۆڵیشی لەسەر دروستبوونی شارستانییەتی نوێدا هەبوو.

پرۆتستانت مەزهەبێکە لە ئایینی مەسیحی، کە بۆ یەکەم جار لە لایەن (مارتین لۆتەر)ی فەڕەنسی باس کرا و بیرۆکەکە بڵاو کرایەوە.

وشەی پرۆتستانت بە واتای ناڕازیبوون و دژایەتی دێت، بۆیە بەم گرووپە مەزهەبییە دەگوترێت پرۆتستانت، چونکە لەبەرامبەر کۆمەڵێ لە یاساکانی کەنیسەی کاسۆلیک راوەستان و رەخنەیان لێ گرت.

سەرهەڵدانی ئەم رەخنەگرییە بۆ ساڵی 1529 دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆمەڵێ لە شازادەکانی ئەڵمانی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان دا بە قەدەغەکردنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەک، کە ئاراستەی یاسای گشتیی ئایینی بکرێت، هەروەها هەموو مافە دارایی و مرۆییەکان لەو بەشەی پرۆتستانت بدرێتە کاسۆلیکەکان.

لە درێژە و ئەنجامی ئەم بڕیارەدا، کۆمەڵێک لە شازادەکانی بەرەی پرۆتستانت دەستیان کرد بە نووسین و واژۆکردنی نووسراوێک لە دژی ئەم بڕیارە و پێشکەشی پاشا (کارلی پێنجەم)یان کرد، هەر لەو کاتەوە، وشەی پرۆتێستانت بۆ ئەم گرووپە ناڕازییە بەکار هات و بەرە بەرە لایەنگەرانیان زیاتر بوو و توانییان گۆڕانکاری بەسەر زۆر یاسا و دەرکردەی ئایینی مەسیحیدا بکەن.

مارتین لوتەر1483- 1546، لە شاری ئایسبلن لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. لۆتەر یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو ئایینی مەسیحی و بە رێبەری مەزهەبی پرۆتستانت دادەنرێت. وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، یەکێکی ترە لە کارە گەورەکانی لۆتەر.

شوێنکەوتووانی ئەم مەزهەبە، پەیڕەویی لە هیچ یەک لە کەنیسەی کاسۆلیک و ئەرتەدۆکس ناکەن و بە بڕوای ئەوان، هەموو مەسیحییەکی بڕوادار، لە پێگەی پیاوێکی ئایینییدایە.

سێ بنەمای سەرەکیی پرۆتێستانت بریتیین لە:
1- کتێبی پیرۆز واتا ئینجیل، تاکە سەرچاوەی پەروەردە و فێربوونە.
2- دوای مەرگ، خوا بە فەیز و لێبوردەیی خۆی مرۆڤەکان رزگار دەکات.
3- هەر بڕوادارێکی مەسیحی دەتوانێت ئینجیل بخوێنێت و لێکدانەوەی بۆ بکات، ئەوە بەتەنێ کاری پیاوی ئایینی نییە.


ئینجیل، کتێبی تایبەتی مەسیحییەکان
وشەی ئینجیل بە واتای مزگێنی و موژدە دێت، کە ناوی کتێبی ئایینی مەسیحییەتە و باس لە ژیان و کردەوەکانی عیسای مەسیح دەکات.

ئەم پەرتووکە دوای لەخاچدانی عیسای مەسیح، لە لایەن چوار خوێندکاری مەسیح نووسراوە، بە ناوەکانی (مەتی یان مەتا، مەرقۆس، لۆقا، یۆحەننا)وە دەناسرێن، هەرچەندە جیاوازی لەنێوان دەقەکاندا هەیە، بەڵام هەر چوار کەسەکە، کەسانی باوەڕدار و قوتابیی خودی عیسا (د.خ) بوون و کتێبەکانیان لە لایەن باوەڕدارانی مەسیحییەت پەسەند کراوە.

بنەما و ئەرکە ئایینییەکانی مەسیحییەت
گرنگترین باوەڕی ئەم ئایینە، هەبوونی خودای تاقانە و گەورەیە، وەک خۆلقێنەری هەموو گەردوون، پاشان تاکی کریستیان دەبێ بڕوای تەواوی بەوە هەبێت، کە حەزرەتی مەسیح کوڕی خوایە، دواتر دەبێ باوەڕی بە پەیامهێنبوونی عیسا و گەڕانەوەی لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی هەبێت.

نوێژکردن، هەر وەک چۆن ئایینەکانی تریش رێوەڕەسمی تایبەتیان بۆ نوێژ هەیە، لای کریستیانیش ئەم ئەرکە ئایینییە هەیە و لە رۆژێکدا سێ جار ئەنجام دەدرێت، واتا نوێژی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە.

لەنێوان رۆژانی 2ی شوبات هەتا 2ی ئاداری هەموو ساڵێک، کاتی رۆژووگرتنە، وەک ئەرکێکی ئایینی.

بەخشینی بڕە پارەیەک بە هەژاران وەک زەکات، بنەمایەکی دیکەی ئایینی مەسیحییەتە.

هەر تاکێکی مەسیحی وا باشە هەوڵ بدات لە ژیانیدا سەردانی ماڵی خوا لە شاری ئۆرشەلیم و سەردانی بەردی سەهیۆن و داری زەیتوون بکات، بەڵام لەسەریشیان فەرز نییە.