جیفری وه‌ك بۆڵتۆن نییه‌!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جیفری وه‌ك بۆڵتۆن نییه‌!

 

دواجار، جیفری رۆیشت، ئه‌و نوێنه‌ر و دیپلۆماته‌ی ئه‌مەریكا، كه‌ به‌ نزیكیی له‌ توركیا تۆمه‌تباره‌. (جۆن بۆڵتۆن) راوێژكاری پێشووی ئه‌و وڵاته‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا، كه‌ به‌م دواییه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كی لێ وه‌رگێڕدراوه‌، گوتوویه‌تی، جیمس جیفری رێی بۆ توركیا خۆش كرد، كه‌ بچێته‌ نێو كوردستانی سووریاوه‌! هه‌ر ئه‌ویش نه‌خشه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی سوپای توركیای له‌وێدا كێشاوه‌.

كاتێك جیفری وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌مەریكا له‌ توركیا دامه‌زرا، گه‌لێك كه‌س باسی كاریگه‌ریی ئه‌ویان كرد، گوتیشیان پێشتر، كه‌ ئه‌مەریكا ویستی باڵوێزی خۆی له‌ توركیا ده‌ستنیشان بكات، بێ له‌ جیفری، توركیا كه‌سی دیكه‌ی قبووڵ نه‌بوو، توركیا به‌ ناو داوای دانانی جیمس جیفریی كرد، چونكه‌ ئه‌و ته‌نیا كه‌سێكه‌، كه‌ ده‌كرێت وه‌ك باڵوێزی ئه‌مەریكا له‌ توركیا قبووڵ بكرێت، له‌ هه‌مان كاتدا توركیا (بۆڵتۆن)ی قبووڵ نه‌بوو.

ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌، بۆڵتۆن و جیفری، وه‌ك یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكوو جیاواز بوو، بۆ نموونه‌، بۆڵتۆن به‌ئاشكرا سیاسه‌تی ترامپی دایه‌ به‌ر ره‌خنه‌ و ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌، دابڕانی نێوان ئه‌و و سیاسه‌تی ترامپ زۆر روون بوو، ناوی گه‌لێك كه‌سیش له‌ تیمه‌كه‌ی ترامپ له‌نێو كتێبه‌كه‌ی بۆڵتۆندا هاتووه‌، كه‌چی ره‌وش له‌گه‌ڵ جیمس جیفریدا جیاواز بوو، هه‌ر كه‌ هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن راگه‌یاندرا، هه‌واڵی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی جیفری بڵاو بووه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆڵتۆن، كه‌ باسی له‌ چه‌وتیی سیاسه‌تی ترامپ به‌رامبه‌ر به‌ كورد كرد، كه‌چی جیفری باسی درێژه‌كێشانی سیاسه‌تی ئه‌مەریكا له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا كرد.

ناكرێت متمانه‌ به‌ قسه‌ی جیفری بكرێت، چونكه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی فه‌رمیی خۆیدا راستیی ئاشكرای نه‌كرد، به‌ڵكوو له‌ وته‌ی ماڵئاوایی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا ئه‌وه‌ی گوت. قسه‌ی چه‌سپاو، كه‌ له‌سه‌ر زاری جیفری ده‌گێڕدرێته‌وه‌، ئه‌مەریكا درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی خۆی ده‌دات، شتی گۆڕاویش شێوه‌ی به‌رده‌وامبوونی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌!

له‌ رووی لۆژیكه‌وه‌، جیفری هیچ شتێكی تازه‌ی پێ نه‌گوتین، كه‌مشاره‌زاتریین كه‌س له‌ سیاسه‌ت ده‌زانێت، كه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا تا ماوه‌یه‌كی دیاری نه‌كراوه‌، شتی تازه‌ قسه‌ی بۆڵتۆنه‌، كه‌ باسی له‌ چه‌وتیی سیاسه‌تی ئه‌مەریكا كرد، هه‌ڵبه‌ت به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی به‌رپرسێكی گه‌وره‌یه‌، له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی هه‌ستیار و كاریگه‌ری ئه‌مەریكاش كار ده‌كات.

سه‌یریش نییه‌، كه‌ له‌ سه‌رده‌می جۆ بایدندا گه‌لێك شتی پاش ترامپ ده‌خرێنه‌ روو.
هه‌رچه‌نده‌ قسه‌ی كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ قسه‌ی پاش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چون یه‌ك نابن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌ (سه‌رده‌می ترامپ و بایدن) له‌ یه‌كدی جودا ده‌بن.

به‌ گشتی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جیفری له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆشیدا مایه‌وه‌، ئه‌وا كاروبار له‌ سه‌رده‌می بایدن جیاواز ده‌بێت، چونكه‌ بۆ جیفری ئاسان نابێت، كه‌ كه‌سێكی وه‌ك بایدن به‌ پلانه‌كانی خۆی قایل بكات، بایدن شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌ ره‌وشی كورددا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیی به‌تینی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك (مه‌سعود بارزانی)دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ دووه‌مین نه‌وه‌ی به‌رپرسانی كوردیش، وه‌ك سەرۆكی حكوومەت كاك مه‌سرور بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێم كاك نێچیرڤان بارزانی و به‌رپرسانی دیكه‌یش دۆستایه‌تیی هه‌یه‌.

رۆیشتنی جیفری و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی شتێكی ئه‌وتۆ له‌ لای جۆ بایدن، سه‌رۆكی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مەریكا ناگۆڕێت، كه‌چی رۆیشتنی بۆڵتۆن ناونیشانێكی گه‌وره‌ی دروست كرد، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌ڵێت، ترامپ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش بازی دا به‌سه‌ر قوربانییه‌كانی كورد، له‌ كوردستانیش دژ به‌ (ریفراندۆم) وه‌ستا، چاویشی له‌و ده‌ستدرێژییه‌ پۆشی، كه‌ میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان كردی، له‌ كوردستانی سووریاش ده‌ستی له‌ گرێ سپی و سه‌رێ كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا و گرووپه‌كانی هه‌واداری ئه‌و هه‌ڵگرت.

ماوه‌ بڵێین، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قۆناغی بایدن، ئه‌و كارمه‌نده‌ی له‌دوای جیفری داده‌مه‌زرێت، سوودی بۆ هیچ لایه‌نێكی هه‌رێمی نابێت، جا ئه‌و لایه‌نه‌ توركیا بێت، یان ئێران و رژێمی سووریا، چونكه‌ بایدن دیدێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، كه‌ ماوه‌ی پتر له‌ 40 ساڵه‌ گه‌ڵاڵه‌ی كردووه‌، چل ساڵ ئه‌زموونی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكادا هه‌یه‌.

بایدن قسه‌ی بۆڵتۆن ده‌خوێنێته‌و و، بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ترامپدا تێكوپێك درا، ده‌ست به‌ نه‌خشه‌ڕێژكردنی پلانی سیاسه‌تی واقیعیی خۆی ده‌كات، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مەریكا و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاجیاكان.