بەوێنە.. چۆنیەتیی دروستکردنی فەرش لە سنە و دەوروبەری
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. چۆنیەتیی دروستکردنی فەرش لە سنە و دەوروبەری

کولتوور و دابونەریتی دروستکردنی فەرش (قاڵی) کە پیشەی (تەونەگەر)ی ماڵانە، لەلایەن کچان و ژنانی کورد لە سنە و دەوروبەری سەدان ساڵە باوە و لە رابردوو و ئێستاش ئەم پیشەیە هەم بووەتە کولتوورێکی دیرێن و هەم سەرچاوی بژیوی زۆرێک لە پیاو و کچ و ژنە فەرشچنەکانە.

فەرشی دەستی (تەون) کە بە (تەونەگەری)ش ناسراوە جاران کە وەک ئەمڕۆ پیداویستی و ئیمکاناتی پێشکەوتنی سەردەم نەبوو بە شێوازی نەریتی قۆناغەکانی جێبەجێ دەکرا کەم بەم چەشنە بووە.

سەرەتا ژنان پاش ڕستنی خوری و گڵۆڵەکردنی دەیانناردە لای وەستای ڕەنگرەس (ڕەنگڕێژ) و ئەویش لە چەندین قازان (مەنجەڵ)ی گەورەی تایبەت بە ڕەنگکردن کە ئەوکات ڕەنگەکان سروشتی و لە توێکڵی گوێز و پیاز و چەند بەرهەمی دیەک دروست دەکران، دەیکوڵان و پاش چەند کاتژمێر هەر پارەبەنێکی دەکردە چەندین گڵۆڵە بەنی ڕەنگاوڕەنگ و ڕادەستی ساحیبەکەی دەکردەوە.

پاشان لە ماڵان و لە هەندێ شوێنیش کارگەی بەکۆمەڵی فێرکاریی تەونکردن هەبوو، وەستای کارامەی نانەوەی (تەون) لەسەر داری تایبەت تەونەکەی بۆ تەونەگەرەکەان دەنیایەوە.

لە سنە و دەوروبەری چەندان جۆر فەرشی جۆراوجۆر بەدەستی کچان و ژنانی کارامە دەچنران کە هەندێکیان بریتی بوون: "ماسی دەرهەم، سوجا (سجادە)، گوڵفەرەنگ، بیجاڕی، جاجم و تورنج و....".

چنینی فەرش لە کوردەواری خۆی خاوەن مێژوو و کولتوورێکی تایبەت بە خۆیە و پێوەندیی نێوان وەستا و شاگرد و لە زستانی کوردەواری، بووەتە هەوێنی دەیان داستان و چیرۆکی فۆلکلۆری و گۆرانی و بەیت و باوەی کوردی.

ڕەنگاڵەیی و جوانی و پتەوی و سەرنجڕاکێشی و پاراستنی ڕەسەنایەتی لە تایبەتمەندییەکانی فەرشی سنەن کەلە مۆزەخانە ناوخۆیی و جیهانییەکان خاوەن پێگە و ناوبانگی تایبەتە.

جیاواز لە فەرشی سنە، بەرهەم و پیشەی دەستیی ناسراو و لەمێژینەی دەڤەری بیجاڕ (هەرێمی گەڕووس)، فەرش (قاڵی)، جاجم و بەڕە و جۆرەكانی بەناوی فەرشی دەستیی بیجاڕ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناوبانگی جیهانیی هەیە و رازێنەرەوەی مۆزەخانەكانی ئێران و جیهانە.

ئەم فەرشە دەستییە كە بە دەستی كچان، ژنان و كوڕان و هونەرمەندانی دەستڕەنگینی دەڤەری گەڕووس دروست دەكرێت، پێشینەیەكی سەدان ساڵەی هەیە و

فەرشی بیجاڕ كە چەندین شێواز و دیزاین و نەخشەی جۆراوجۆری هەیە، سەرنجڕاكێشی، جوانی، رەسەنانەیتی و سادەیی و تێكەڵاویی رەنگ و قایمی لە تایبەتمەندییەكانیەتی.

ناسراوترین نەخشە و شێوازەكانی فەرشی بیجاڕ بریتین لە:

راوگەی تورنجدار، راوگەی دوورەدیمەن، نەخشەی لەیلی و مەجنوون، مینیاتۆری، داستانە ئوستوورەییەكان، فەرەنگ مستەوفی، گوڵفەرەنگی، نەخشە بیجاڕ، لەچكی تورنجدار، گوڵ و بولبول و گوڵدانی، شێوازی قرژاڵی، بەندی خاتەم شیرازی، بەندی گوڵفەرەنگ، ماسی دەرهەم، شاعەباسی، ماسیی بیجاڕ، ماسیی سنە و ماسیی هەوشار.

بەڕای كارناسانی فەرشی، ئەو رەنگ و نەخشانەی كە تەونگەرانی كوردی بیجاڕی و تیكاب بۆ فەرشی هەڵدەبژێرن، دەربڕ و نیشاندەری سروشت و كولتووری ناوچەكە و هاوكات رەنگاوڕەنگیی رۆژهەڵاتی كوردستانە.