دادگای لاهای لەبارەی دۆسیەی قوربانیانی پاری ئێران کۆ دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دادگای لاهای لەبارەی دۆسیەی قوربانیانی پاری ئێران کۆ دەبێتەوە

کۆمەڵێک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە کە بڕیارە زستانی ئەمساڵ لە لاهای بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دادگایەکی خەڵکی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی قوربانیانی پاری ئێران ساز بکرێت.

لەمبارەوە ئاژانسی (BBC) بڵاوی کردووەتەوە هاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵیادی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی پاییزی پاری ئێران، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت سێ ڕێکخراوی (پێکەوە لەدژی سێدارە، دادپەروەری بۆ ئێران و مافی مرۆڤی ئێران) ئاشکرایان کردووە کە کۆمەڵێک لە دادوەر و یاساناسە نێودەوڵەتییەکان لە دادگای لاهای پرسی بەدواداچوونی سکاڵا و دۆسیەی قوربانیانی پاری ئێران دەگرنە ئەستۆ کە بڕیارە ناوەڕاستی وەرزی زستانی ئەمساڵ لەژیر ناوی "دادگای نێودەوڵەتیی خەڵکیی خەزەڵوەر" لە لاهای بەڕێوە بچێت.

خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی پاییزی پار لە ئێران، کە لە ئەنجامی بێکاری و گرانی و نەبوونی ئازادی لەو وڵاتە دەستی پێ کرد، بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ تێیدا ٣٠٤ کەس گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون، هەرچەند بە باوەڕی زۆر کەس ئاماری قوربانییەکانی پار زۆر لەوە زیاترن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناو و لیستەی ٣٠٤ کەسی ڕاگەیاندووە کە پاییزی پار لە حەوت پارێزگای (تاران، ئەلبورز، خووزستان، کرماشان، سنە، فارس و ئیسفەهان) ڕوویان دا و زۆربەیان بە دەستڕێژی گوللە لە سەر و دڵ گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە لەناو قوربانییەکانی پاری ئێراندا ٢٣ کەسی تەمەن خوار ١٨ ساڵ دەبینرێن کە بە منداڵ دێنە ئەژمار.