بەهۆى پەتای کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی كوردستان كەمی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆى پەتای کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی كوردستان كەمی كردووە

سەرۆکى یەکێتیى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى و گەشتیاریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەکانى کوردستان بە رێژەیەکى زۆر کەمیان کردووە، بە جۆرێک بۆ هەندێک وڵات بە ڕێژەی 80% کەمیان کردووە.

لاوەند مەموندى سەرۆکى یەکێتیى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى و گەشتیاریى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند "بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و رێکارەکانى خۆپارێزى لە پەتاکە، گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەکانی هەرێمى کوردستان بە رێژەیەکى زۆر کەمیان کردووە، ئەمە بۆ زۆربەى وڵاتانیش دروستە، بەڵام قەیرانى دارایى هەرێم بارودۆخەکەى دژوارتر کردووە".

هەروەها رایگەیاند "کەمبوونەوەى رێژەى گەشتە ئاسمانییەکانى هەرێمى کوردستان بە جۆرێکە بۆ هەندێک وڵات بەرێژەى زیاتر لە 80% کەمی کردووە، بۆ نمونە گەشتە ئاسمانییەکانى هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێر و سلێمانى بۆ تورکیا، پێشتر لە هەفتەیەکدا 60 گەشت بوو، بەڵام ئێستا هەفتانە تەنیا پێنج گەشت ئەنجام دەدرێن، بۆ وڵاتى نەمساش رۆژانە گەشتێک هەبوو، ئێستا هەفتەى یەك گەشت ئەنجام دەدرێت".

ئاماژەى بەوەش کرد كە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانەکانى کەمبوونەوەى گەشتە ئاسمانییەکانى هەرێم، لە رێگەى دەستەى گەشتوگوزارەوە داوایان کردووە ئاسانکاری بکرێت بۆ راکێشانى گەشتیاران بە تایبەت لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە، بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.