پزیشكێكی كورد هۆکاری مردنی گەنجان بە هۆی پەتای کۆرۆنا ئاشكرا دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پزیشكێكی كورد هۆکاری مردنی گەنجان بە هۆی پەتای کۆرۆنا ئاشكرا دەكات

پزیشكێكی كورد هۆكاری گیان لەدەستدانی گەنجان بە هۆی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێ هەندێك گەنج نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و هەندێكیشیان لە كاتی تووشبوونیان بە پەتاكە تووشی ترسێكی زۆر دەبن.

د.داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "كۆماریی سلێمانی"ی تایبەت بە پەتای کۆڕۆنا، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وامان دەزانی کۆڕۆنا تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەیە، بەڵام ئێستا وا دیار نییە، ڕۆژانە نەخۆشی گەنج گیرۆدەی پەتاکە دەبن و بە داخەوە هەندێکیان گیان لەدەست دەدەن، گرنگترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچوونی تەندروستیی گەنجان و گیان لەدەستدانیان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە بریتین لە چەند هۆكارێك، یەكەمیان ئەوەیە كە هەندێک لەو نەخۆشە گەنجانە خۆیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و گوشاری خوێن و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەکان، بەمەش نەخۆشیەکەیان لەسەر قورستر دەبێ".

دەشڵێ هۆكارێكی تر دڵەڕاوکێ و تۆقینە لە کۆڕۆنا، ئەمە هۆکارێکی زۆر دیارە لە گەنجان، چونکە دڵەڕاوكێ هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاد دەکات کە بەرگری لەش دادەبەزێنێ، ترسی لەڕادەبەدەر خوێن خەست دەکاتەوە و ڕێژەی دی دایمەر (D DIMER) لە خوێندا زیاد دەکات کە مەترسی جەڵتەی سییەکان زیاد دەکات، هەروەها هەموو کەسێک کاتێک زۆر دەترسێ شپرزه دەبێ و هەناسەی زۆر توند دەبێ و جەستەی هاوکاری ناکات بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرە دەرمانیەکان".

باس لە هۆكارێكی تر دەكات كە بریتیە لەوەی زۆرێک لەو گەنجانە دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان فەرامۆش دەکەن و درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە، بەمەش هەوکردنەکە زیاتر تەشەنە دەکات و ئیتر سوود لە پلازما و چارەسەرە تایبەتەکانی کۆڕۆنا نابینن.

هەروەها پڕبوونی نەخۆشخانە حکومیەکان و نەمانی شوێن لە بەشی چاودێریی ورد بە هۆکارێکی گرنگ دادەنێ کە ناتوانن ژیانی گەنجان ڕزگار بکەن. باسی لە هۆکاری بۆماوەییش كردووە كە لەوانەیە ڕۆڵی هەبێ لە قورسبوونی حاڵەتەکە لەسەر هەندێ گەنج، تێبینی ئەوەش کراوە هەندێك جار هەموو ئەندامانی یەک خێزان بە قورسی نەخۆشیەکە دەگرن و خێزانێکی تر بە سووکی نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن.