دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆڕۆنا نرخی زێڕی دابەزاند
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆڕۆنا نرخی زێڕی دابەزاند

سەندیکای زێڕەنگەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا ، نرخی زێڕی لە بازاڕەکانی جیهاندا کەم کردەوە.

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕەنگەرانی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئێمە لە سەرەتاوە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە لەگەڵ دۆزینەوەی هەر ڤاکسینێکی دژە کۆڕۆنا کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی ئاستی نرخی زێڕ دروست دەکات، بێگومان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش کاریگەری خۆی هەبوو لەسەر بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام ئێوارەی سێشەممە بەهۆی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا نرخی زێڕ بە ئاستێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەهای خۆی لە دەست دا".

گوتیشی: "هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕ ئەوەیە کە بازرگان و وەبەرهێنەکان بەهۆی ئەوەی کارەکانیان وەستابوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا پارە و دۆلارەکانیان کردبوو بە زێڕی یەدەگ، دوێنێش بەهۆی دۆزینەوەی ڤاکسین کە ئاشکرایە دۆزینەوەی ڤاکسین کۆتایی بە کۆڕونا دەهێنێت، زێڕەکانیان دەکەنەوە بە دۆلار و دەیخەنەوە بازاڕەوە بۆ ئەوەی دەست بکەنەوە بە کاری بازرگانی و وەبەرهێنانی خۆیان".

گوتەبێژی سەندیکای زێڕەنگەران، ڕاشیگەیاند: "رۆژی سێشەممە یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە نرخی 335 هەزار دینار فرۆشرا، دواتر ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆڕۆنا نرخەکەی دابەزی بۆ 333 هەزار دینار، واتە یەک ئۆنسی زێڕ ئەمڕۆ بە 1868 دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا یەک ئۆنسی زێڕ 1970 دۆلار بوو".