كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دیارترین بڕگەکانی رێککەوتننامەی نێوان رووسیا و ئازربایجان و ئەرمینیا سەبارە بە کەرەپاغ

 

فلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا لە وتارێکی تایبەتدا رایگەیاند، سەرکردەکانی رووسیا و ئازربایجان و ئەرمینیا راگەیاندراوێکیان سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە ناگۆرنی کەرەپاغ واژۆ کرد.

لە رێککەوتننەکەدا ، کە ئاژانسی (سبۆتنیک ئەرمینیا) بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە ”بڕیاری راگرتنی شەڕ لە ناوەڕاستی شەوی 10ی تشرینی دووەم جێبەجێ دەکرێ و هەردوو سوپای ئازربایجان و ئەرمینیا لە شوێنەکانی خۆیان رادەوەستن، هەردوولاش بەڵێنی گۆڕینەوەی دیلەکانیان داوە“.

بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویستە ئەرمینیا ناوچەی کلیجار تا 15ی مانگ و ناوچەی لاچینیش تا 1ی ئەم مانگە بۆ ئازربایجان بگێڕێتەوە، کە رێگایەکی بە پانیی 5 کیلۆمەتر وەک هێڵێکی یەکتربەستنەوە بە ئەرمینیا تیادا بەجێ دەهێڵدرێت، بەڵام ئەم خاڵە ناوچەی شوشا ناگرێتەوە، کە پێشتر باکۆ رایگەیاندبوو کە رزگاری کردووە. تا 20ی ئەم مانگەش (کانوونی یەکەم) پێویستە یەریڤان ناوچەی ئەغدام و بەشێک لە ناوچەی غازاخی ئازەربایجانی بگێڕێتەوە بۆ باکۆ، کە داگیری کردبوو.

هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسی، کە لە 1960 سەرباز پێک هاتووە، بە چەکەکانیان و 90 زرێپۆش و 380 ئامرازی دیکەی سەربازی، لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئەرمینیا، بەدرێژایی هێڵی بەیەکگەیشتن لە قەرەپاغ و ناوچەی لاچین بۆ ماوەی پێنج ساڵ جێگیر و بڵاو دەبنەوە، دواتر ئەگەر هیچ کام لە لایەنەکان بڕیاری کشانەوەیان نەدا، ئەوا پێنج ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە. بۆ چاودێرییکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتننامەکەش، سەنتەری ئاشتیپارێز بۆ چاودێریی ئاگربەست بڵاوەی پێ دەکرێ.

یەکێکی دیکە لە بڕگەکانی رێککەوتننامەکە ئەوەیە ”لە سێ ساڵی داهاتووودا، پێویستە پلانێک بۆ دروستکردنی رێگایەکی نوێ بەدرێژایی رێڕەوی لاچین دیار بکرێ، وەک پردی پەیوەندیی نێوان ستیباناکیرت و ئەرمینیا، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا لەسەر ئەو هێڵە. پێویستیشە ئازربایجان سەلامەتیی ئەو هێڵی گواستنەوەیە بەدرێژایی رێڕەوی لاچین دابین بکات“.

لە بڕگەیەکی دیکەدا هاتووە ”پێویستە رێ بە گەڕانەوەی ئاوارە و دەربەدەربووەکان بۆ قەرەپاخ و ناوچەکانی دیکە بدرێ، ئەرمینیاش بەڵێنی داوە، رێی گواستنەوە لەنێوان ناوچەکانی رۆژئاوای ئازربایجان و کۆماری ناخیتشیفان دابین بکات، ئەمەش ئەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی پاسەوانی سنووری رووسیا. لەهەمانکاتدا پلان دادەنێ بۆ دابینکردنی هێڵی دیکەی گواستنەوە، بۆ ئەوەی خاکی ئازربایجان و ناخیتشیفان بەیەکەوە ببەستنەوە.