وەزارەتى کشتوکاڵ: بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقەوە نرخى هێلکە بەرز بووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتى کشتوکاڵ: بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقەوە نرخى هێلکە بەرز بووەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ رای گەیاند بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقەوە لەبارەى هاوردەکردنى هێلکە لە دەرەوە، نرخى هێلکە لە بازاڕەکانى کوردستان بەرز بووەتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە کاتییە.

فیراس سدیق بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوی حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەکردنى هێلکە لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقەوە، ماوەیەکە نرخى هێلکە لە بازاڕەکانى هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە، چونکە ئەو بڕەى ئێستا لە ناوخۆ لەلایەن پڕۆژەکانى بەخێوکردنى پەلەوەرەوە بەرهەم دێت، بەشى پێداویستیى ناوخۆ ناکات".

راشی گەیاند: "12 کێڵگەى بەرهەمهێنانى هێلکە لە کوردستان هەن، بەڵام بەهۆى هاوردەکردنى هێلکە لە دەرەوەى عێراق، ئەو پڕۆژانە ماوەیەک بوو لە بەرهەمهێنان وەستابوون، بەڵام دواى بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەکردنى هێلکە، ئێستا زۆربەى ئەو پڕۆژانە دەستیان بە کار کردووەتەوە و بەرهەمیان هەیە، رۆژانەش پڕۆژەى تازە داواکاریى پێشکەش دەکەن بۆ رێگەپێدان".

ئاماژەى بەوەش کرد: "ئەگەر ئەو پڕۆژانە بەتەواوى توانایانەوە کار بکەن، بەرهەمى ساڵانەیان لە پێداویبستیى ناوخۆى کوردستانت زیاترە، چونکە بەرهەمى ساڵانەى ئەو پڕۆژانە ساڵانە زیاتر لە ملیارێک هێلکەیە و پێویستىی ناوخۆش 850 ملیۆن هێلکەیە بۆ ساڵێک، بۆیە پێشبینى دابەزینى نرخى هێلکە دەکەین بۆ سەرەتاى ساڵى داهاتوو، چونکە پڕۆژەکان رۆژانە بەردەوامن لە زیادکردنى بەرهەم".