خیانەت لە مێژووى كورددا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 10/11/2020

خیانەت لە مێژووى كورددا

47


دواى نسکۆی (شۆڕشى ئەیلوول) لە (6ی ئازاری 1975ز)، جووڵانەوەیەكی تر باشووری كوردستانی هەژاند. جووڵانەوەیەك لەلایەن (دوو) هێزی ڕكەبەری یەكترەوە سەركردایەتیی كرا. لەلایەك (پارتی دیموكراتی كوردستان- سەركردایەتیی كاتی) لە (26ی مایسی 1976ز)دا رابەڕایەتیی شۆڕشێكی كرد بە ناوی (شۆڕشى گوڵان)، تا درێژەپێدەری (شۆڕشى ئەیلوول) بێت. ئەو شۆڕشە لە (26ی مایسی 1976ز) هەڵایسا، كە بەرامبەرى (6ی جۆزەردانی 2667ی كوردی) بوو، بەڵام دواتر ناوی بە شۆڕشی (گوڵان) رۆیشت.

لەلایەكی دیكەوە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) لە (1ى حوزەیرانی 1976ز)دا بانگەشەى بۆ (شۆڕشى نوێ) كرد. ئەوەش وەك نوێبوونەوەی شۆڕشى ئەیلوول و پێداچوونەوە لە دیدی ئەوانەوە، شۆڕشى ئەیلوولى دووچاری شكست كرد. هەرچۆنێک بێت، ئەو (دوو) شۆڕشە بە (دوو) ئاراستەی جیاواز، بەڵام بۆ یەك مەبەست، (شازدە) ساڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی یەكتر و ڕژێمی بەعسی عێراق تێپەڕ كرد. بە ئاستێك، (پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ بەگژاچوونەوەی ڕژێمی بەعس و عێراق لەلایەك و بەرەنگاربوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانەكانی (بەرەی جود)ى دامەزراند. لەولاشەوە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بۆ هەمان مەبەست و بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتدارێتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەركردایەتیكردنی شۆڕش و خەبات لە باشووری كوردستان، چووە بەرەی (جودق)ەوە. ئەو ڕەوت و ململانێیەش نزیكەی (دە) ساڵی خایاند، تا دواجار بە ڕاگەیاندنی (بەرەی كوردستانی) لە ساڵی (1986ز)، سەرجەمە لایەنە كوردییەكانی باشووری كوردستانی ئاشت كردەوە. بەرهەمی ئەم ڕووداوەش، سەركەوتنی كوردی باشووری كوردستان و شۆڕش بوو، لە راپەڕینی بەهاری (1991ز)ی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەعس لە عێراق. لە كۆتایی ئەو ساڵەدا لە (سێ) پارێزگای (هەولێر، سلێمانی، دهۆك). دواتر كاركردن بوو بۆ هەڵبژاردنێكی ئازاد لە (19ى مایسی 1992ز) و دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان. دواتر ڕاگەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە (4ى تەممووزی 1992ز)دا.

لە پەراوێزی ئەو ڕاستییانەى سەرەوە و ئەوەی ماوە سەرنجی بخەینە پاڵ، خیانەتە لە مێژووی (شازدە ساڵ)ى هەردوو شۆڕشەكە. لەم نێوەندەدا، ئەگەرچی هەریەك لەو (دوو) لایەنەی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)، یەكتریان بە (خیانەتكار) ناو بردووە، بەڵام ئەم شۆڕشە بە هەردوو ناوەكەیەوە، نەك یەك خیانەتكار، بەڵكوو چەندین خیانەتكاری هەبوو. هۆكارەكەش ئەوە بوو، كە خودی شۆڕشەكە بە (دوو) ناوی جیاواز و (دوو) ئاراستەی جیاواز كاریان كرد. ئەمەو نەیاری هەردوو شۆڕش و ئاراستەكەش، ڕژێمێكی سەرسەخت و بەهێز و خاوەنی هێزێكی سەربازیی تۆكمە و چەك و پێداویستیی چەكی پێشكەوتوو بوو. بە ئاستێك، لە ماوەی نێوان ساڵانی (1976- 1990ز)دا، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، جگە لە هەردوو دەوڵەتى (سووریا و لیبیا)، لەپاڵ هەردوو بلۆكی سۆسیالیستی و سەرمایەداری، پشتیوانییان لێ كرد.

لەنێو ئەو دۆخە سیاسییەشدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیی لە باشووری كوردستان و سەرباری بوونی (دوو) بەرە و پارتی ركابەر و توند لەگەڵ یەك، دووچاری كێشەیەكی گەورەتریش بوو، ئەویش پشتیوانیی هەزاران كەسایەتی و هاووڵاتیی كورد بوو لە ڕژێمی بەعس و دەوڵەتى عێراق. ئەوانیش سەرباری ئەوەی هۆكاری مانەوەی ئەو ڕژێمە بوون، بەهۆی پشتیوانییان، زياتر شەرعییەتیان بەو ڕژێمە دا. بە پشتیوانیی ئەو كوردانەش لە رژێمى بەعس، بەشێكیان پۆستی باڵایان لەو دەوڵەتە پێ درا، هەر لە پۆستی جێگری سەركۆماری عێراق، تا پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیران و چەندین پۆستی باڵای تر، لە نموونەی پۆستی وەزیرانی (پلاندانان، تەندروستی، دەوڵەت،...تاد). بەشێكی تریشیان چەندین یەكەی فەوجی میللییان بەناوی (فەوجی بەرگریی نیشتمانى) بۆ دروست كرا، كە لای شۆڕشی كوردی بە (فەوجی جاش) ناسران. ئەمەو جگە لەوەی، چەندین كوردی تر بوونە چاوساغی دەزگا ئەمنی و سەركوتكەرەكانی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی بەعس. هەر بۆیە، هەموو ئەوانەی لەو دۆخەدا هێز و توانایەكی ناوخۆیی و شەرعییەتی دەوڵەتدارییان بە ڕژێمی بەعس و سەرۆكەكەی بەخشی، لە دیدی مێژووەوە (خیانەتكار) بوون، نەك (دوو) هێزەكەى پێشوو. هەر بۆیە مێژووی نێوان ساڵانی (1975- 1991ز)و سەردەمی هەردوو شۆڕشی گوڵان و نوێ لە مێژووی كورد، بە بوونی زۆرترین خیانەتكار و خیانەت ناسرا.

سەرچاوەكانی ئەم باسە:
1- رولان ژاكار: اسرار جنگ خلیج فارس.
2- نەوشیروان مستەفا ئەمین: پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن.
3- سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
4- ئەسعەد عەدۆ: شۆڕشى گوڵان.