نووسراوێك بۆ خه‌رجكردنى پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نووسراوێك بۆ خه‌رجكردنى پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەكرێت

نووسراوێك بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی کوردستان دەكرێت، لێژنەی دارایی په‌رله‌مانى عێراقیش ڕای دەگەیه‌نێت، داوا لە كازمی كراوە ئەو پارەیە خەرج بكات.

بەپێی ڕاگەیاندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، كە وێنه‌یه‌كى بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بەوە كراوە، دوای کۆبوونەوەى لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، د. بەشیر حەداد ڕۆژى دووشەممە 9/11/2020، نووسراوێکی ئاراستەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە.

لە نووسراوەکەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانى عێراق داوای کردووە لە پڕۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییدا، حکوومەتى عێراق پابەند بکرێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ساڵانی ڕابردووی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "نووسراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانمان لەبارەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی حووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق، داوام لە مستەفا كازمی كرد پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان كە سێ حكوومەت لە عێراق پێك هاتووە و خەرج نەكراوە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، پارەكە خەرج بكات، كازمی تێبینییەكەی ئێمەی لای خۆی یاداشت كرد و بەڵێن دراوە چارەسەری بكەن".

بڕی 557 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015 و 2016 لەلایەن حكوومەتی عێراق خەرج نەكراوە.

محەمەد ئەمین فارس، جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند: "واژۆى پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكانی پەرلەمانی عێراقم كۆ كردووه‌تەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی دارایی و بازرگانیی عێراق بكرێت، سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، بۆ ئەوەی یەكلایی بكرێتەوە، ئەو پارەیەی تەرخان كراوە، چی بەسەر هاتووە".