كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
سالار عوسمان 09/11/2020

نامەیەکی کراوە بۆ کاک عارف قوربانی

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ڕاستییەک بکەم، کە من پتر لە تۆ مەتڵەبم ئاشتییە و تا قورگم ھێزی تیایە ھاواری ئاشتی دەکەم و پێموایە ئاشتی کلیلی کردنەوەی ھەموو دەرگاکانە، تەنانەت دەرگا زۆر عاسێ و ئەستەمەکانیش، لەبەرچی لە تۆ پتر؟.. چونکە گەل، حکوومەت و حزبەکەیشم زەرەرمەندیی یەکەم دەبن لە شەڕدا و، ئیتر ئەمە ڕاستییەکە و ھەموومان وەک ڕۆژی ڕووناک دەیبینین.

ڕاستە نامەکەت، ئەو نامە کراوەیەی، کە بۆ جەنابی سەرۆک "مەسعود بارزانی"ـت نووسیوە، بە نیازی ئاشتی نووسراوە، لێ پڕە لە ھەڵە و موغاڵەتە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

- ڕووی دەم و تکای شەڕنەکردنت لە سەرۆک بارزانییە، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی ھەڵگیرسێنەری شەڕ بێت، دەبێ ئاراستەی نامەکەت، ڕێک عەکس بکەیتەوە و ڕوو لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەیت و بەوان بڵێیت: بۆ شەڕ بە ھەرێمی کوردستان دەفرۆشن؟!.. خۆ ئەگەر پێشتوابێ، کە پەکەکە گوێ لە کەس ناگرێت، ئەوا ھەق وابوو زۆر بەڕوونی ئاماژەی بۆ بکەیت!..

- وات نیشانداوە، کە گرژی و شەڕەکە لە نێوان پارتی و پەکەکەدایە، لەمەشیاندا کەوتوویتە نێو ھەڵەوە، کەچی دڵنیام، خەڵکی کوردستان، بە بەرێزیشتەوە باش دەزانن، کە شەڕ شەڕی پەکەکەیە لە دژی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتە شەرعییەکانی و، ڕەگوڕیشەکەیشی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی، کە ھەرێمی کوردستان دیموکراسییانە ھەڵبژاردنی کرد و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دامەزراند!..

⁃ لە شوێنێکی تری نامەکەتدا، کە لەوێشدا ھەر سەرچیخ چووی، دەڵێیت: (مەعلومیشە لە ھەندێ لە ناوچەکانی بادینان تەنھا شەقامە سەرەکییەکان بەدەستی حکوومەت و قەڵەمڕەویی ئێوەوە ماوەتەوە.)، سەرچیخ چووی چونکە، یەک: زانیارییەکانت دەقیق نیین، دوو: ئەگەر لە ھەندێ شوێنیش زۆر ھاتبنە خوار، ئەمەیش بەرھەمی سینگفراوانی و شەڕ ھەڵنەگرساندنە، نەک شتی تر!.. ھەر ئەگەر شنگال بە نموونە وەربگرین، دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییە مێژووییە بکەین، کە ئەگەر سینگفراوانیی (بارزانی) نەبووایە و بە لۆژیکی پەکەکە کار کرابا، دەمێک بوو شەڕ لە شنگال و ناوچەکانی تر ھەڵدەگیرسا!..

⁃ لە نامەکەتدا ئاماژە بۆ تورکیا، ئێران و ئەمریکا دەکەیت و خوازیاری نەڕژانی خوێنی گەریلاکانی پەکەکەی بە دەستی لەشکری تورکیا و ئاماژەیش بۆ قسەیەکی ئۆردوگان دەکەیت، کە گوتوویەتی: (لە ھەر شوێنێک خوێنی سەربازێکمان بڕژێت، ئەوێ خاکی ئێمەیە.)، بەڵام ھاوڕێ، لە ھەموو ئەو پۆلیکردنانەدا، نازانم لەبەرچی ھەرێمی کوردستان بوونی نییە، ئەو ھەرێمەی جێی بۆ پەکەکە کردۆتەوە و ئێستا شەری پێ دەفرۆشێت و دەیەوێت ببێت بە بەدیلی دامەزراوە شەرعییە ھەڵبژێردراوەکانی ھەرێمی کوردستان!.. دواتر سەبارەت بە تورکیا، ئێران و ئەمریکا، ئەوان بەرژەوەندییەکانیان دەبینن و ھەقە ئێمەیش بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان ببینین، لەبارەی نەڕژانی خوێنی گەریلاکانیشەوە، منیش ھاوڕام لەگەڵتا و قەترە خوێنی چۆلەکەیەکی کوردستان لای من پیرۆزترە لە تاس و تاجی داگیرکەران، خۆ سەبارەت بەو غروورەی ئۆردوگانیش، ئەوا دەبێ ھەموومان یەکدەست بین و بە ئۆردوگان و ئەوانیتریش بڵێین: کوردستان ھەر ئەو ھەرێمی ئێستای کوردستان نییە، ئەو ھەرێمە ئازادە و بەشە داگیرکراوەکەی و ھەروەھا سێ بەشە داگیرکراوە خوێن لێڕۆیشتووەکەی تریشە، کە ھێز نییە لە بیرمانی بەرێتەوە!.

⁃ لە چەند جێیەکی تری نامەکەتدا، ھەر داوای شەڕ ھەڵنەگیرسان، نەک ئاشتی، لە سەرۆک بارزانی دەکەیت، کە ئەم ھاوکێشەیە، یان باشتر بێژین ئەم دوو چەمکە: (شەڕ، ئاشتی) و جۆر و نیازمەندیی بەکارھێنانیان جێی ھەڵوەستەیە، جێی ھەڵوەستەیە، چونکە یەکجار، تەنیا بۆ یەکجار ڕووت لە پەکەکە نییە، کە بۆچی شەڕ دەفرۆشن، لەبەرچی مین دەتەقێننەوە، لە بەرچی پێشمەرگە شەھید دەکەن، باج وەردەگرن، خەڵک ئازار دەدەن، ئیدارەی ناشەرعییان لە ناو ئێدارەی شەرعی داناوە؟.. سەیرە، زۆرم پێ سەیرە، کە بۆ یەکجار ڕووت لە پەکەکە نەبێت و تاکە پرسیارێکیان ئاراستە نەکەیت!..

⁃ کاک عارفی بەڕێز، بەر لە دوماھی ئەو سەرنجەیشم ھەس: ئەرێ بۆ ھەموو تەرکیزت تەنێ لە بادینانە و بە وشەیەک باسی دەڤەری سەوز ناکەیت؟!.. خۆ پەکەکە لەوێش ھەن، خۆ لەوێش دایەرە و تفاق و باج و ئەمر و نەھی و سازندەییان ھەس؟!..

⁃ دوماھییش دەمەوێت بڵێم: گەورەترین موغاڵەتەی نێو نامەکەت ئەمەیە، کە دەستپێک ئاماژەت بە وتەیەکی بەھەشتی (مستەفا بارزانیی نەمر) کردووە سەبارەت بە شەڕی نێوان شۆڕش و حکوومەتی عێراق، وتەکەیش ئەمەیە: (خوا عەلیمە من قینم لە شەڕ دەبێتەوە، چونکە شەڕ خراپترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک، بەڵام بەعس ھیچ ڕێگایەکی لە بەردەممان نەھێشتبووەوە جگە لە دەستبەرداربوونی کەرکوک بۆیان، منیش بڕیارمدا ئەو ڕێگەیە ھەڵبژێرین ئەگەر ھەمووشمان تیا بچین، چونکە نەمدەویست سبەی کە مردم خەڵک بە تەنیشتی گۆڕەکەمدا بڕۆن و نەفرەتم لێبکەن و بڵێن بۆچی دەستبەرداری کەرکوک بوویت.)، پێدەچێ کاک عارف باش لەو وتەیەی (بارزانیی نەمر) حاڵی نەبووبێت، ئەگینا لەم زەرف و مەکانە و بۆ مەبەستی ئەم نامەیە بەکاری نەدەھێنا!.. چونکە ئەو وتەیە ڕێک باسی مەسئولیەتی مێژوویی و نیشتیمانی دەکات لە چوارچێوەی مقاوەمەت و بەرگریکردن لە خاکی کوردستاندا، ئەمڕۆش ھەروایە، ئەگەر شەڕ بەر دەرگا بە ھەرێمی کوردستان نەگرێت، ھەرگیز ھەرێمی کوردستان تاڵیبی شەڕ نییە و سەبارەت سەرۆک مەسعود بارزانی-یش، ئەوا جگە لەوەی خۆیان شەڕی (کورد - کورد) یان حەرام کردووە، سەرۆکێکە لە یەککاتدا نزیکترین و دوورترین کورد دەبینێت و باش و شاشیش - لە پێناو کوردستان نەک لە پێناو خۆیدا - لەیەکتر جیا دەکاتەوە!..

9/11/2020