ئەمە شارپرێسە یان شایەرپرێس؟!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 09/11/2020

ئەمە شارپرێسە یان شایەرپرێس؟!

سلێمانی، شاری رۆشنبیر و ئەدیب و شاعیرانە، بەڵام ساڵانێكە هەندێ بەناو (میدیاكار و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ!) بە پشتیوانیی هەندێ لە بەرپرسان و دەسەڵاتداران و بە پارەی خەڵكی سلێمانی! دەیانەوێ بیكەنە (شاری شایەران). خۆشحاڵم كە ئەو هەوڵەیان هێشتا سەری نەگرتووە و تا ئێستاش شارەكەم (سلێمانی) خەڵكانێكی زۆری تێدایە كە ئامادە نین وەك ئەو (رۆژنامەنووس و میدیاكارە سەربەخۆیانە!) ببنە شایەری ئەو بەرپرسانە.

ساڵانێكە لە سلێمانی، سایتێكی لۆكاڵی هەیە ناوی (شارپرێس)ە، كە لە راستیدا وا جوانتر بوو ناوی (شایەرپرێس) بوایە.. دەپرسن: بۆ؟ ئەمەی خوارەوە وەڵامەكەیەتی:

خەڵك دەڵێن ئەم سایتە سەر بە بەرپرسێكی باڵایە و، هەر لە سەرەتاوە ئەو بەرپرسە بودجە و خەرجیی سایتەكە دابین دەكات! واتە بووەتە شایەری ئەو بەرپرسە. من هێشتا تێنەگەیشتووم لەوەی ئەو بەرپرسە كوردە باڵایە لەم كاتەدا، سایتێكی وەهای بۆ چییە كە ئامانجی ئەوەڵ و ئەخیری، دژایەتیی هەولێر و حكوومەتی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت؟ ئەو سایتەی بۆ چییە كە بەردەوام لەنێو دێڕ و هەواڵ و راپۆرت و شرۆڤەكانیدا، لە سەنگەری دژ بە كوردستاندایە؟ ئەو سایتەی بۆ چییە كە لە هەر كوێیەك و هەر زەعتووتێك قسەیەكی دژی هەرێمی كوردستان كرد، دەیكاتە هەواڵ و خەڵكی پێ لەخشتە دەبات؟ سایتێكی بۆ چییە كە بەردەوام ژەهر بڕێژێت؟

دوێنێ سایتی (شایەرپرێس) راپۆرتێكی لەبارەی (دەستدرێژییەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان) بڵاو كردووەتەوە، ئەو راپۆرتە قسەی وا سەیر و عەنتیكەی تێدایە كە لە هیچ قوتوویەكی دوكانەكەی رەحمەتی (مام عارفی عەتار)یشدا نیە، ئەمە جیا لە چەند دێڕێكی ژاراوی كە میدیا عەرەبیە شۆڤێنیە زۆر دژەكوردستانەكانیش، شتی وەها نانووسن!

لە شوێنێكی راپۆرتەكەدا نووسیویەتی: ”تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێم لە 30 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كە نەوت دەگوازێتەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئیسڕائیل، ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە“! بەوردی ئەو دێڕە بخوێننەوە و جا دیقەت بدەن بزانن ئەم سایتە (كوردستانیە!) دەیەوێ چی بە خەڵك بڵێت:


- نووسیویەتی: ”تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێم“!... سەیرە پەكەكە خودی خۆی لە میدیاكانەوە بە هەموو دونیای راگەیاندووە كە چەكدارانی پەكەكە ئەو بۆرییە نەوتەیان تەقاندووەتەوە، كەچی (شایەرپرێس) لەو راپۆرتەدا، كارەكەی بە (بكەر نادیار)! نووسیوە، واتە دەیەوێ پێمان بڵێت: ئەو بۆرییە بە قودرەتی قادر و لە خۆیەوە تەقیوەتەوە و پەكەكە نەیتەقاندووەتەوە!

- ئنجا دەنووسێت: ”ئەو بۆریەی نەوت لە كوردستانەوە دەگوازێتەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئیسڕائیل“!، لەم دێڕەدا دەستیان كەشفە و دەزانم كێ فێری كردوون وەها بنووسن! بۆیە با قبووڵی بكەن كە خەڵك بە سایتەكەیان دەڵێت: شایەرپرێس دژ بە هەموو بەرژەوەندییەكی كورد و كوردستان كار دەكات.

- پاشان (شایەرپرێس) دەنووسێت: ”تەقینەوەی بۆریەكەی نەوتی هەرێم، ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە“! وەك ئەوەی بۆرییەكە هی لیژنەی ناوچەی زاخۆی پارتی بێت و موڵكی هەموو كوردستانیان نەبێت بە نەوەكانی داهاتووشەوە و مووچەی هەموو كوردستانی لێ نەدرێت بە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجەشەوە)! ئەگەرچی ئەوەش شەرەفمەندییەكی گەورەیە بۆ پارتی كە پارێزەری سەرەكی و سەرسەختی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بێت، چونكە بۆریی نەوتبەر و گوندە سنوورییەكانی خاكی هەرێمی كوردستان كە پەكەكە بۆ بەرژەوەندی ئەجیندای وڵاتانی داگیركەر، داگیری كردوون، هەردووكیان بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

- ئنجا (شایەرپرێس)ە حەیاتەكە! نایەوێ بە بە ڕاستی و دروستی بە خەڵكی كوردستان بڵێ: ”بوونی بنكە و بارەگا و چەكدارانی پەكەكە لە نزیكەی ٨٠٠ گوندی هەرێمی كوردستاندا، هۆكاری سەرەكیی هاتنی سوپای توركیایە بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی گوزەران و ژیانی خەڵكی ئەو ناوچانە“، دێت و دەنووسێت: ”ئەوە پارتی و بارزانیین دەیانەوێ سوپای توركیا بێت و هەرێمی كوردستان داگیر بكات!“، توو ویژدانتان كەس باوەڕ بەم درۆیانە دەكات؟! سەرۆك بارزانیەك كە سەرپەرشتیی ریفراندۆمی كرد، ئێستا دەیەوێ سوپای توركیا بێت و هەرێمی كوردستان داگیر بكات؟ ئەرێ جەماعەتی (شایەرپرێس) و ئەو ئاغایانەش كە پارەیان دەدەنێ، خۆیان نەزانن یان خەڵك بە گێل و نەزان و نەفام دەزانن؟

- پاشان (شایەرپرێس) لە چەند شوێنێكی ئەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوە داوە كە گوایە: ”پارتی و بارزانی، نایانەوێ قەوارەیەك لە رۆژئاوای كوردستان بۆ كوردانی رۆژئاوا هەبێت!“، لەبەرئەوەی (شایەرپرێس) لەو سایتانەیە كە پێیوایە خەڵكی كوردستان ”غەشیم و بێ یادگە و زاكیرەن!“، نازانێ كە خەڵك لەنێو رووداوەكاندا ژیان و میدیا هەمووی گواستەوە:

١- خەڵك ئاگای لێ بوو كە چۆن هێزێكی گەورەی پێشمەرگە، پاش هەوڵێكی زۆر و لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی، بە تەواوی چەك و جبەخانەی پێویستەوە، بەنێو باكوووری كوردستاندا چوون هاوكاریی شەڕڤانان و خوشك برایانیان كرد لە رۆژئاوای كوردستان و شەهیدیشیان دا تا كۆبانێیان لە دەستی داعش سەندەوە! پاشان پێشمەرگە سەربەرزانە و بێ هیچ دەستتێوەردانێك لە كاروباری ئەو بەشەی كوردستان، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

٢- خەڵك ئاگای لێ بوو كە سەرۆك بارزانی سەپەرشتیی چەند رێككەوتنێكی لەنێو هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستاندا كرد لە دهۆك تا ئەو قەوارەیە لەدەست نەچێ و داوای لێ كردن بە یەك ریز و یەك هێز بەرگری لەو خاكەی رۆژئاوا بكەن و سیاسەتێكی حەكیمانە پەیڕەو بكەن، تا توركیا بیانووی گەڕ پێكردن و داگیركردنی نەمێنێت.

٣ - خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان ئاگادار بوون كە ئەگەر رەفتاری ناسیاسییانە و نادبلۆماسییانە و تاكڕەویی پەكەكە نەبوایە لە رۆژئاوای كوردستان، توركیا حەدی نەبوو (لەنێو بێدەنگییەكی جیهانیدا) هێرش بكاتە سە عەفرین و ناوچەكانی تر و ئەو پانتاییە فراوانەی خاكی كوردستان داگیر بكات.

٤ - خەڵكی كوردستان ئاگای لێ بوو، لە سەروبەندی هێرشی توركیاش بۆ سەر عەفرین، سەرۆك بارزانی چ هەوڵێكی دا، تا ئەمریكا و هەندێ وڵاتی زلهێزی ئەورووپا بێنە سەر خەت و كارێك بكەن ئەو خاكە كەمەی بە دەست كوردی رۆژئاواوە ماوە، پارێزراو بێت.

٥ - خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەموو دنیاش شاهیدی ئەوەن، كە سەرۆك بارزانی نەبوایە، ئەو رێككەوتنەی هێزگەلی كوردانی رۆژئاوا لە چەند مانگی رابردوودا بە سەرپەرشتیی نوێنەری ئەمریكا كردیان، مەحاڵ بوو سەری بگرتایە، هەموو ئامانجەكەی سەرۆكیش مانەوەی ئەو قەوارەیە و پاراستنی كوردانی رۆژئاوا و یەكڕیزییانە، تا بمێنن.

٦ - لانی كەم خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ئاگاداری ئەوەن كە ئەگەر پارتی لە سنووری خۆیەوە ئاسانكاریی بۆ ئەو ئەزموونەی رۆژئاوای كوردستان نەكردایە، بەردەوامیی ئەو ئەزموونە مەحاڵ بوو.

٧ - جەماعەتی (شایەرپرێس) هەواڵی هەموو ئەو گفتوگۆ و پەیوەندییە بەهێزەی نێوان مەزڵووم كۆبانیی فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان لایە و هێشتا دەیانەوێ خەڵك باوەڕ بەو درۆیە بكەن گوایە ”پارتی نایەوێ قەوارەیەكی سیاسی بۆ كوردانی رۆژئاوا هەبێت!“ بۆیە ئەو شتانە بۆ باجی حەلاو باس بكەن باشترە!