لەبارەی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلەوە وەزارەتی شارەوانی ڕێگری لە كارێكی نایاسایی گەورە دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەبارەی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلەوە وەزارەتی شارەوانی ڕێگری لە كارێكی نایاسایی گەورە دەكات

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بڕیارێك رێگری لە كارێكی نایاسایی لە ناوچەیەكی پیشەسازیی هەولێر دەكات، بەهۆی ئەوەی پێشتر هەندێ كەس بەبێ رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار دەستكاریی رەگەزی گرێبەستەكانی هەندێك كارگەیان لە سنووری پیشەسازیی باشوور كردووە لەو بەشەی كە بە (پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل) ناسراوە و بەشێوەی نایاسایی و سەرپێچی كارگەكانیان بۆ پێشانگەی ئۆتۆمبێل گۆڕیوە، دواتریش بە كرێیەكی یەكجار زۆرتر لە كرێی گرێبەستی كارگەكان، دووبارە بە كرێیان داوەتەوە. سەرچاوەیەكیش لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاشكرای كرد: ”كرێی هاوتای ساڵانی پێشووتریش لەو كەسانە وەردەگیرێتەوە كە بەبێ رەزامەندی كارگەكانیان كردووەتە پێشانگە و بە گوێرەی یاسا و رێكار و مەرجی نوێ، مامەڵە لەگەڵ گۆڕینی كارگە بۆ پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە زۆنەكەدا دەكرێت، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت، دەدرێتە دادگا“.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ناوچەی پیشەسازی باشوور لە هەولێر كە بەشێكی بە پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل ناسراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقدا یەكێكە لە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیشی تێدا دەكرێت و زۆرترین ئۆتۆمبێلی هاوردەيشی لێ ساغ دەكرێتەوە، بۆیە زۆرترین چاو لەسەر ئەو ناوچە پیشاسازییەیە و خەڵكانێك  لە رابردوودا بە رێگای نایاسایی و بێ گەڕانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، هەندێ كارگەیان كردووەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل.

پێشتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەواڵێكدا رای گەیاند، كارگەكانی سنووری پیشەسازیی باشوور لە شاری هەولێر (كە ناسراوە بە پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل) بەشێكیان لەسەر داوای شارەوانیی هەولێر دوای چارەسەری یاسایی و ئەندازیاری بۆ پێشانگەی ئۆتۆمبێل گۆڕدراون و بڕیارەكەش پاڵپشت بە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 16ی حوزەیرانی 2020 بڕیاری لێ دراوە، هاتووە، بۆ دووبارە رێكخستنەوەی مەرج و رێكارەكانی گۆڕینی كارگە بۆ پێشانگەی ئۆتۆمبێل بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەی پیشەسازیی باشوور لە هەولێر، ئەو بابەتە بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەت مابوویەوە و پێویستی بە چارەسەركردن هەبووە.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەو بڕیارەی وەزارەتی شارەوانی بە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەرچووە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر، وەك لە بەدواداچوونێكدا دەركەوتووە، بەشێكی زۆری پێشانگەكان لە رابردوودا بە رێگەی نایاسایی كراونەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل، لە كاتێكدا حكوومەت كرێیەكی كەمی لە بری گرێبەستی كارگەكان وەرگرتووە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ پاڵپشتی لە پیشەسازیی ناوخۆیی، ئێستاش لەسەر داوای شارەوانیی هەولێر، دووبارە بە رێكار و مەرجی نوێ ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.

 

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی شوێنەكە كە وەك گەورەترین پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان گرنگیی ئابووری هەیە، بۆیە بەشێك لەو كارگانە لە ماوەی رابردوودا كراونەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و هەندێكیان ڕەزامەندیشیی لایەنی پەیوەندیداریشیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام بەشێكیان لە رابردوودا بەبێ رەزامەندیی شارەوانی و بە رێگەی سەرپێچی و نایاسایی كراونەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل، ئێستاش وەزارەتی شارەوانی بە مەرج و رێكاری یاسایی بۆ كەمكردنەوەی رۆتێن و چارەسەركردنی گرفتە نایاساییەكان، ئەو بڕیارەی داوە.

سەرچاوەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانی جەختی كردەوە: ”بڕیارەكە بۆ زیادكردنی داهاتەكانی حكوومەت و پێداچوونەوەیە بە گرێبەستەكان و رێگریكردن لە هەر كارێكی نایاسایی و واسیتەكارییە“. نموونەشی بەوە هێنایەوە كە “حكوومەت بە كرێی كەم گرێبەستی لەگەڵ كەسانێكدا كردووە وەك پاڵپشتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی تا كارگەكان نەوەستن و بەرهەم و سوودی گشتییان هەبێت، بەڵام هەندێك لەو كەسانە پێشتر بەبێ رەزامەندیی شارەوانی، دەستكاریی گرێبەستی كارگەكانیان كردووە و كارگەكان كردۆتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل. گرێبەستی كارگە هەیە، پێشتر بە پارەیەكی رەمزی كراوە و دواتر بە نایاسایی كراوەتە چەند پێشانگەیەكی ئۆتۆمبێل و بە پارەیەكی زۆر بە كرێ دراون، لە بەرانبەردا تەنیا كرێیەكی كەم دراوەتە حكوومەت، چونكە لە بنەڕەتدا خودی گرێبەستەكە بە كرێیەكی كەمیی رەمزی كراوە، ئەویش بۆ پاڵپشتیی پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی و بەردەوامی كاری كارگە ناوخۆییەكان، كەچی بە نایاسایی كارگەكان كراونەتە پێشانگە و ئێستاش وەزارەتی شارەوانی بە گوێرەی رێكار و مەرجی نوێی یاسایی، رێگری لەو كارە نایاساییانە دەكات“.

بە گوتەی سەرچاوەكە، ئەو كێشەیە زۆر كۆنە و لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستا وەزارەتی شارەوانی دەیەوێت چارەسەری بكات.

سەبارەت بەو كرێیە كەمەی پێشتر لە بری كارگە دراون، سەرچاوەكە بۆ (باسنیوز) گوتی: ”كرێی هاوتای ساڵانی پێشووتر لەو كەسانە وەردەگیرێتەوە كە بەبێ رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار كارگەكانیان كردووەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و بە كرێی زۆر بە كرێیان داوەتەوە و لە چوارچێوەی جۆرە بزنسێكی چاوچنۆكانە مامەڵەیان لەگەڵ گرێبەستەكاندا كردووە، ئیدی ئەمە لە كەس قبووڵ ناكرێت، چونكە حكوومەت لە بنەڕەتدا گرێبەستەكانی بە نرخی كەم پێداون، لەبەر ئەوەی كارگەبوون، بەڵام ئەو كەسانە بەبێ رەزامەندی كردوویانەتە پێشانگەی ئۆتۆمبێل، بۆیە دەبێ چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت، چونكە چەند جار زیانی هەبووە، ئەو كەسانە سەرپێچییان كردووە و بازرگانیی ناشایستەشیان بە سرووشتی گرێبەستەكانەوە كردووە، بۆیە بە گوێرەی یاسا، رێگری لێ دەكرێت و ھەر کەسێکیش پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت، دەدرێتە دادگە و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت“.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار ئاشكرای كرد: ”ئەو بڕیارەی وەزارەت لە بەرژەوەندیی گشتی و بە گوێرەی یاسایە، بە ئامانجی رێگریكردن لە هەر جۆرە كارێكی نایاسایی، چونكە تا ئێستا كەسانێك بە ئارەزووی خۆیان دەستكاریی رەگەزی گرێبەستەكانی حكوومەتیان دەكرد“.