هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی زاواکەی ئەردۆغان ئاشکرا دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی زاواکەی ئەردۆغان ئاشکرا دەبێت

بەرات ئالبەراك وەزیری دارایی و ئابووری توركیا، كە لە هەمانكاتدا زاوای گەورەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاشە، لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا دەستی لەكار كێشایەوە، ئەمەش نەك بووە جێی باسوخواسی میدیاكانی توركیا، بەڵكوو میدیا جیهانییەكانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن رۆژنامەنووسی ماڵپەڕی (T24)وە بڵاو كراوەتەوە، ئەردۆغان دوای ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە كابینەی حكوومەت بە تەواوی دەگۆڕێت.

بارش یاركەداش ئەندام پەرلەمانی پێشووی جەهەپە و رۆژنامەنووس لە (T24)، لە پێگەی خۆی لە تویتەر ئاشكرای كردووە، رەنگە بەمنزیكانە كابینەیەكی تازە لە لایەن ئەردۆغانەوە رابگەیەندرێت.

 زانیاری هەیە كە هەریەك لە سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆی توركیا و مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، دەكرێنە جێگیری سەركۆمار.

باش باس لەوەش دەكات، رەنگە ئەردۆغان بتوانێت بڕوا بە بەرات ئالبەیراك بهێنێت لە شوێنی چاوشئۆغلۆ و وەكوو وەزیری دەرەوە دەستبەكار بێت. هەروەها نوعمان كورتولمووش كە ئێستا جێگری سەرۆكی ئاكەپەیە، لە لایەن ئەردۆغانەوە داوای لێ دەكرێت ببێتە سكرتێری گشتیی ئاكەپە و ئەردۆغانیش تەنیا خەریكی كاری سەرۆكایەتی كۆمار بێت.

فایق ئۆزتراك گوتەبێژی جەهەپە، لەڕێگەی سۆسیال میدیاوە نووسیویە: "جارێ دیار نییە ئاخۆ ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە جیدییە یان نا، بەڵام شەڕی خێزان لەبارەی ئیكۆنۆمییەوە گەورە بووە و ئیتر دەركەوت رژێم بە یەك كەس بەڕێوە ناچێت".

لە لایەكی ترەوە، مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش لە توركیا، لە تویتەرەوە لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەی ئالبەیراك بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و، ئاماژەی داوە تاكوو میللەت بەتەواوی نەفەس نەدات بێدەنگ نابم، تكایە دەست لە كاروباری بانكی ناوەندی توركیا هەڵگرن و ئیتر لەوە زیاتر میللەت مەخەنە ژێر قەرزەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن چەند میدیایەكی توركیا بڵاو كراوەتەوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئالبەیراك دەست لە كار بكێشێتەوە، دانانی وەزیری دارایی پێشووی توركیایە وەكوو سەرۆكی بانكی ناوەندیی توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەردۆغان بە بڕیارێك ناجی ئاغبال وەزیری پێشووی دارایی توركیای كردە سەرۆكی بانكی ناوەندی، ئەمەش ئالبەیراكی تووڕە كرد، چونكە ئەو دوو كەسایەتییە زۆر رقیان لە یەكترییە و چەندین جار ئالبەیراك هەوڵی داوە ناجی ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەڵام ئەردۆغان بە گوێی نەكردووە.

فاتیح ئاڵتایڵی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، لە ماڵپەڕی (خەبەر تورك) چەند زانیارییەكی لەو ڕووەوە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت لەناو دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە باس لەوە دەكرێت كە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

ئەو باسی لە كەشوهەوای سیاسی كردووە لە ئەنقەرە و دوای دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی و دەڵێت بە گەرمی باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت.

دەیان ئەندام پەرلەمانی سەر بە ئاكەپە لە سۆسیال میدیا وێنەی خۆیان لەگەڵ ئەردۆغاندا بڵاو كردووەتەوە و، دەڵێن "سەرۆك ئێمە رێگەمان لەگەڵ رێگەی تۆیە"، هەروەها داوا لە ئەردۆغان دەكەن دەست لەكاركێشانەوەكەی ئالبەیراك قبووڵ نەكات.

لەلای خۆیەوە موراد چێپنی ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەسەر بازنەی ئیزمیر، دەڵێت ئەوەی دەیبینن جارێ دەستپێكە و زۆر شتی گەورە تر ماوە، هەروەها ئاماژەی داوە لە بەرامبەر خەڵكدا رێككەوتنێكی تاوانبارانەیان ئەنجام داوە.

ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا و سەرۆكی پارتی ئایندە، لە پێگەی خۆی لە تویتەر هەڵسەنگاندنی بۆ دەست لەكاركێشانەوەی ئالبەیراك دەربری.

داودئۆغڵۆ نووسیویە: "وڵات بە عەشیرەت بەڕێوە نابرێت، ئەم هەنگاوە پێمان دەڵێت با بگەڕێینەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی و بەهێزی بكەین نەك سەرۆكایەتی".