زانیار و سیروان.. پۆپ و رۆپی فارسی قۆرخ دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زانیار و سیروان.. پۆپ و رۆپی فارسی قۆرخ دەکەن


زانیار خەسرەوی و سیروان خەسرەوی، دوو برای هونەرمەندی کوردن، کە لە تارانی پایتەختی ئێران لەدایک بوون و ئێستا وەک دوو ئەستێرەی فارسی چڕ، خەریکن دنیای گۆرانی و کۆنسێرتی ئێران قۆرخ دەکەن و لە چڕینی پۆپ و رۆپدا، زیاتر لە ناوەکانی دیکە ناویان دەرکردووە.

سیروان بە ستایلی پۆپ و رۆپ دەچڕێ و ئاوازدانەرێکی ناسراویشە. لە تەمەنی یازدە ساڵییەوە لای ئۆی جۆنیۆ، ژەنیارێکی ئیتالی دەستی بە فێربوونی مۆسیقا کردووە. لە تەمەنی شازدە ساڵیدا دەچێتە لای کاوە یەغمایی و وەک ژەنیارێکی پیشەیی، دەست بە ژەنین دەکات.

ئەم هونەرمەندە خاوەن چەندین ئەلبوومە، وەک: کاتژمێر 9، جادەی خولیاکان، بێسنوور، لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەی وەک موعین و رەزا سادقی و ئیخسانی خاجەمیریش ئەلبوومی دەرکردووە.

سیروان وەک ژەنیار و ئاوازدانەر بۆ دەیان فیلمی سینمایی میوزیکی داناوە، وەک: نەریتی دنیا، قسەی کۆتایی، ژیان هەر ئەمڕۆیە، قاپی وێنەی خاڵی و ئێرە شوێنێک نییە بۆ مانەوە.

ئەم هونەرمەندە لەبارەی کارەکانیەوە بە میدیا ئێرانییەکانی راگەیاندووە: "خۆتان دەزانن چەند ساڵێکە ستایلی (سیروانیسم) کەوتووەتە رێ و زۆر لە هونەرمەندە گەنجەکان چاوەڕوانیی ئەوە دەکەن، کە ئەلبوومی تازەم دەربچێ و خێرا دەکەونە لاساییکردنەوەم، کە ئەمە هەم جێی خۆشحاڵییە و هەم ناڕەحەتیشم دەکات، کاتێک دەبینم بازاڕ خەریکە پڕ دەبێ لە سیروان".

سیروان بەشێک لە کارەکانی لەگەڵ زانیاری برای، کە ئەویش هونەرمەندێکی ناسراوە لە ئێران، ئەنجام دەدا و هەردووکیان بە فارسی دەچڕن. زانیار جیا لە چڕین، وەک ئەکتەر، مۆدێل بۆ ریکلام، ئاوازدانەر و ژەنیاریش دەردەکەوێ. ئەم هونەرمەندە ژەنیاری گیتار و پیانۆیە و خوێندنی لە زانکۆی تاران تەواو کردووە.

یەکەم ئەلبوومی بەناوی 28، دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، مۆڵەتی فەرمیی حکوومەتی پێ درا و دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەش، ناوبانگی ئەم هونەرمەندە لە سەرانسەری ئێران بڵاو بووەوە. زانیار ئەگەرچی لە سیروان بچووکترە، بەڵام لە چەندین فیلمی سینمایی و زنجیرە درامای ئێرانیدا بەشداریی کردووە. ئەم هونەرمەندە بە ستایلی پۆپ دەچڕێ و خاوەن دەیان گۆرانی و ڤیدیۆمیوزیکە، وەک: من ملیۆنێر نیم، بە بێ تۆ، ریسک، ژیان هەر ئەمەیە و....

ئەم دوو برا هونەرمەندە، دایکیان بە هاندەر و پاڵپشتی راستەقینەی خۆیان دەزانن و لە چەند رۆژی رابردوودا باوکیان کۆچی دوایی کرد و خەمباری کردن.