كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شێرزاد حەسەن 08/11/2020

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

هەڵقەی (٣٧)

(لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا)

رەنگە کەسانێک پێیان سەیر بێت، کە گومانکردنی ئێمە لە ماس- میدیا و کۆی کەناڵەکانی راگەیاندن، بە بیستراو و بیندراو و نووسراوەوە، چ پەیوەندییەکی بە پێگەی خاس و خراپیی دایکانەوە هەیە؟ یان گرفتی (سێگۆشەی حەرام)، کە مەترسییەکی بەردەوامە لە نزیک نەبوونەوە لە هەر قسە و باسێکی رەخنەگرانە، سەبارەت بە کێڵگەکانی ژیانی رامیاری و هەژموونی مەزهەبزەدەیی و هەم سۆزداری و سێکسواڵی، کە مەحاڵە هەر قسەکردنێک، یان هەر خۆشی و ناخۆشییەک هەبێت لە ژیانی تایبەتی هەر یەکێکمان، دابڕ و دوور بن لەو سێ کایە هەستیارە، کە بوون و ژیانی هەر هەموومانی لەسەر بەندە و پەیوەستە. لەوەش تایبەتیتر، ناکرێت ئەو سێ حەرامەی پەیوەستن بە کێشە و ئاریشەکانی هەڵواسراوی ژنان و کچان نادیدە بگرین، لە هەنووکەدا و لێروکانە، کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یەکانگیری ئەو سێ حەرامەن، کە چەندین سەدەیە گەمارۆی داوین، بێ ئەوەی قوفڵ و زنجیرەکانی بکرێنەوە!

هەروەها ناکرێت گرفت و خەمە هەرە گەورە و چارەسەرنەکراوی دایکانیش وا خامۆشانە و ملهووڕانە فەرامۆش بکرێن، کە بە بڕوای من کارەساتبار و تراژیکە و کەمترین باس و خواسی لەسەر کراوە، بگرە مەینەتی و کولەمەرگیی خودی خانەوادەکانی ئێمە و هەم کارەکتەری دایک، کە بەشی شێری لەو بەدبەختییە بەردەکەوێت، لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا، بە هەموو ژانرە جیاوازەکانەوە: رۆمان و چیرۆک و شانۆ و شیعر.. هتد رەنگی نەداوەتەوە، هەروها لە ناوئاخنی فلیم و دراما و سیریالی خۆماڵییشدا، هاوکات لە بەرنامەکانی تی ڤی و رادیۆییش هەر هەمان خامۆشییە.

رێک وەک ئەوە وایە، کە ژنان و کچان و خوشکان و دایکانی ئێمە، کەمترین گرفت و کێشەیان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری و مەزهەبگەرایی و کولتووریدا هەبێت، کە دیارە پێچەوانەکەیەتی و ئەم (رەشهەڵاتی ناوەڕاست)ە زیندان و بیمارستان و سزاخانەیە بۆ زۆرینەی مێینەکان.

چالاکیی سەرەکیی ئێمە بۆ ژنان و دایکان لە دوو رۆژدا خۆیان نماییش دەکەن، کە یەکەمیان دەکەوێتە (هەشتی مارت) و لەگەڵ یادکردنەوەی رۆژێک بە ناوی (رۆژی دایک)، کە هەمدیس دەکەوێتە رێکەوتی بیست و یەکی مانگی (مارت)، کە تیایدا بە رێژەیەکی کەم فەرزندەکان، بە نێر و مێیەوە، هەندێک دیاری، یان چەپکەگوڵ پێشکەش بە دایکانیان دەکەن، بە ملیۆنانیش گاڵتەیان بەو نماییشە دێت، کە دایکان بەدرێژایی ساڵ تلاوەی دەستی سەد و یەک دەردن، کەچی گەرەکە لە تاکە رۆژێکدا قەرەبووی هەموو فرمێسک و ئارەقە و قوربانییەکانیان بدرێتەوە، کە مەحاڵە!

لە کوردستاندا، رۆژگارێک بەر لە هێرشی ڤایرۆسی (کۆرۆنا)، بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار دەردەچوون، هەنووکەش بڕێک ماون و ژمارەیەکی زۆریش ماڵپەڕی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام چەندیان توانیویانە خۆیان لەو ترس و شەرمە ڕزگار بکەن، کە لە (سێکوچکەی حەرام) دەربچن و سنوورە سوورەکانی نەریت و میراتێکی داڕزاو و عەمبارەپۆ بشکێنن، کە دیارە دەسەڵاتدارانی ناو کایەکانی سیاسەت و هەم ئایین و خودی دەسەڵاتی نادیار و بەڵام زاڵی کۆمەڵگایەکی سامگرتوو، لەبەردەم تابۆکان و لیستی درێژی نەبڕاوەی قەدەغەکان داماون، کە پتر زادەی سەدە تاریکەکانە، نەک هی ئەمڕۆکە؟ چەندیان توانیویانە بۆمانی بسەلمێنن، کە بەڕاستی (دەسەڵاتی چوارەم)ن؟

لەسەر ئاستی ئاکادیمی و لە بەشەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و باقی زانستە مرۆییەکانی دیکەی زانکۆکانی کوردستان، نامەیەک نادۆزینەوە، کە شیکاری و لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکی سەبارەت بە پێگەی دایکان و کێشە و ئاریشەکانی پێشکەش کردبێت، بەو مەرجەی بەکەڵکی خوێندنەوە بێت، نەک وەک ئەو سەدان نامەیە، چارەنووسی ئەوە بێت وەک ئەرشیفێکی مردوو لەسەر رەفەکان بمێننەوە و تۆز و خۆڵ و هەوای زەمانە و مۆرانە بیانخۆن و دابڕزێن!

هەنووکە لە دونیای پێشکەوتوو و دیمۆکراتیک و مرۆڤدۆستدا، گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و هەقیقەتی رووداوەکان و هەواڵەکان و پەردەهەڵماڵین لەسەر شتە شاراوەکان، بوونەتە فەلسەفە و پەیامی راستەقینەی زۆربەی ڕۆژنامەنووسان. ئەوان پایەکانی عەرش و تەختوتاراجی زۆر لە پادشاکان و سەرۆکەکان و سیاسەتبازە سەرمایەدارەکان دێننە لەرزە و ئاگر لەژێر پێیاندا دەکەنەوە، ڕاستە لە زۆر وڵاتیشدا فڕوفێڵی یاسایی هەیە، تا سەربەستی و ماف و هەقەکانی ڕۆژنامەنووسان لە قاڵب بدەن، بەڵام ئەوان وازیان لەو جەنگە پیرۆزە نەهێناوە، کە دەبێت بیبەنەوە. ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن، هیچ حەرامێک و سنوورێکی سوور لەنێو دونیای ڕۆژنامەگەریدا نەهێڵن.

ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا، بگرە شتە هەرە تایبەتەکانیان، تا دەگا بە نامەکانیان، گەر نهێنی و هەقیقەتێکی وایان تێدا بێت، کە بە درکاندنی ڕۆژنامەنووس قازانج بە میللەتەکەی بگەیەنێت، ئەوە دەبێت یەک و دووی لێ نەکات و دەرحاڵ رایبگەیەنێت. پیاوی گەورە و دەسەڵاتدار، یان بچکۆلە و رەشۆکی لەنێو نیگا و چاوی ڕۆژنامەنووساندا جیاوازییان نییە، مەرجە، کە هەر هەموو چەکمەجەی نێو دۆڵاب و ئەرشیفی کۆن و نوێی نێو دەزگاکانی میری و دەوڵەتداری واڵا و کراوە بن. ڕۆژنامەوان لە وڵاتانی دیمۆکراسی و شارستانیدا هەقی خۆیەتی دەست لە کاروباری دەوڵەتدارییەوە بدات، ئەرکی رۆژنامەنووسانە، کە خۆیان لە چاک و خراپی ژیانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵبقورتێنن، بۆیان هەیە هەموو کەس و لایەنێک بکەن بە سەرچاوەی زانیارییەکانی خۆیان.

بێ حیکمەت نییە، کە دەسەڵاتداران لە ڕۆژنامەنووسان دەترسێن، هەر لە سۆنگەی ئەو ترسەوە بوو، کە وەزیری ڕاگەیاندنەکەی هیتلەر، کە (پۆل جۆزێف گۆبلز:١٨٩٧-١٩٤٥)ی ناو بوو، بەو وتەیەی بەناوبانگە، کە گوزارشتە لەو ترسەی خۆی و خودی هیتلەر: (هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت، دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم).

بە کورتی و بە کوردی، گەر بمانەوێت هەنگاوێکی دیکە ڕووەو شارستانییەت بچین، دەبێت رۆشنبیران و سەرتۆپی رۆژنامەنووسان بوێر و بزێو و سەرکێش بن، هەموو ئەو حەرامانەی، کە میراتێکی کۆنن و لە سەربەستیی عەقڵ کەم دەکەنەوە، مەرجە تووڕیان بدەین و فڕێیان بدەین، ئەو ڕۆحە نەترسەش لە میانەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا بە شەو و ڕۆژێک پەیدا نابێت، جەنگێکی درێژخایەنە و دەبێت نەوەی نوێ بە بیرێکی هاوچەرخانەوە و بە چەکێکی تازەوە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. با دروشممان ئەوە بێت: هەقی خۆمانە هەر هەموو شتەکان بزانین، دەنا زۆر زەحمەتە بڕیاری ڕاست و ڕەوان سەبارەت بە هیچ گرفت و کێشە و ئاریشەیەکی چارەنووسسازی ڕامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی بدەین. تاوەکوو هەموو لایەکمان بزانین، گەیشتن بە ڕۆژنامەیەکی سەربەست، جەنگێکی سەرتاسەری و نەبڕاوەیە، کە دەبێت ئێمەش لەو جەنگەدا جەنگاوەری دلێر و راستبێژ بین، دەنا هەر لە ئێستاوە هەموو خەون و پەیام و بەها باڵاکان دەدۆڕێنین.

بەڵام لە پڕۆسەیەکی وەهادا، هەر بە تەنیا ڕۆژنامەنووس ناتلێتەوە و نابێت بە قوربانی، لەوە کوشندەتر ئەوەیە، کە هاونیشتمانییەکی سادەش دەبێتە قوربانیی ئەو دۆخە بێ سەروبەرەیە. هەر کاتێک چاوپۆشین لە هەقی زانین بکرێت، ئەوە بزانە بەدوای ئەوەدا پێکهاتە و شیرازەی دیمۆکراسی لێک دەترازێت.

مێژوو پێمان دەڵێت، هەر هەموو قەوارە سیاسییە دکتاتۆر و تاکڕەوەکان لە کۆمەڵگەکانی خۆیان دادەبڕێن، هەمان شت سەبارەت بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کە سەر بەو جۆرە سیاسەتەن، کاتێک قازانج و بەرژەوەندییە ڕامیاری و ئابوورییەکان لە بازنەیەکدا یەکدی دەگرنەوە، یەکەم داخوازیی خەڵک و جەماوەر لە هەموو دونیادا ئەوە دەبێت، کە مەرجە هەر هەموو هەواڵ و ڕێپۆرتاژەکان بە ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆ و ڕەخنەگرانە سەبارەت بە کێشەکان ئامادە بکرێن، کە دەبنە بناغەیەک بۆ دیمۆکراسی.