لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی ناياسايی هەزاران مووچەخۆر ڕوونکردنەوە دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی ناياسايی هەزاران مووچەخۆر ڕوونکردنەوە دەدرێ

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی نایاسایی هەزاران كەس دەدات و جەخت دەكاتەوە كە بەپێی یاسای چاکسازی، پرسی مووچە و مینحەكان ڕێك دەخرێتەوە.

د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی داتا و ئامارەکانی بایۆمەتری، 106 ھەزار و 839 کەس زیاتر لە مووچە و مینحەیەک وەردەگرن کە زۆربەیان بە یاسا رێکخراوە، 16 ھەزار و 505 کەسیان فرەمووچەی نایاساییان ھەیە و بەپێی بڕگە دووەم لە ماددەی سێیەمی یاسای چاکسازی، بە نایاسایی ھەژماردەکرێن، بۆیه بڕیاری ڕاگرتنیان دراوە".

ئاماژەی بە هۆکاری ڕاگرتنی مووچەی ئەو کەسانە کرد و گوتی: "ئەم 16 هەزار و 505 کەسە بۆیە نایاسایین، چونکە فەرمانبەر ناتوانێت دوو مووچەی فەرمانبەری وەربگرێت، یان مووچەی فەرمانبەری و گرێبەستیش وەربگرێت، یان مووچەیەک وەکوو فەرمانبەر و مووچەیەکیش وەکوو خانەنشینی وەربگرێت، یان دووجار لە کاروباری کۆمەڵایەتی مووچە وەربگرێت".

ئاشکراشی کرد، ڕاگرتنی مووچەی ئەو کەسانە لەگەڵ مووچەی مانگی 10 و لەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراشی کرد، بۆ مینحه و مووچەی وارسی شەهید و زیندانییانی سیاسی و پەککەوتە و ئەوانیتر، بەپێی یاسای چاکسازی، ڕێکخستنەوەیان بۆ دەکرێت. گوتیشی: "پێداچوونەوە بە هەموو لیستەکانی مووچە و مینحەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەکرێت. ئەوەی شایستە نەبێت ڕادەگیرێت".