كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کۆچی دوایی جەلالی مەلەکشا لەدایکبوونێکی دیکەی بوو

هزر و قەڵەمێک راوەستا بەڵام هەزار لقوپۆی لێ کەوتەوە

بەشی دووەم

 

بەشی یەکەمی ئەم بابەتە، رۆژی 3/11/2020 بە بۆنەی ماڵئاوایی مامۆستا جەلالی مەلەکشا بڵاو کرایەوە و لێرە درێژەی پێ دەدرێت، وەکوو چۆن هێشتا مەزارەکەی رۆژانە لە هۆگرانی پڕ دەبێت و لە گۆشە و کەنارەکانی جیهان یادی دەکرێتەوە.

جەلالی مەلەکشا، زۆر بەرهەم و شیعر و چیرۆک و وەرگێڕانی باشی هەیه‌، بەڵام بەهۆی بێدەرەتانی و هاوکات سانسۆری دامودەزگا فەرهەنگییەکانی ئێران، نەتوانرا لە کاتی گونجاودا ئەو بەرهەمانە چاپ بکرێن و زۆری خایاند تاکوو بەرهەمەکانی لە چاپ دران، هەر بۆیە وەکوو پێویست ئەو زاتە لە کومەڵگای کوردی بەپێی پێویست نەناسراوە.

 یەکەم کتێبی لە ساڵی 2001 بە ناوی (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان) چاپ کراوە، دووەم کتێبی کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناوی (کارەسات ) و دواتر دەستچنێک لە شیعرە کوردی و فارسییەکانی چاپ کراوە و مخابن هێشتا زۆر بەرهەم و شیعری جوانی ماون و چاپ نەکراون.

د. عەدنان بەرزنجی، پسپۆڕی زمانی کوردی و نالیناس و مامۆستای زانکۆی کوردستانی سنە، سەبارەت بە شیعری مەلەکشا دەڵێ: کێشی شیعری مەلەکشا وەکوو شاعیرانی نوێخوازی پێش خۆی نییە،
بەپێچەوانەی نوێخوازانی پێش خۆی، وەکوو سوارە، کە کێشێکی عەرووزییە، ئەو کێشێکی بڕگەیی هەیە:

هەتا لوتکە چەندی ماوە؟
دانامرکێ
هەتا دێ هەر زیاد ئەکا
گڕوکڵپەی ڕۆحی یاخیبووی ئەشقیام
ڕامەوەستە، بڕۆ لە لام
با تاوانی من تۆش نەگرێ

ئەمە کێشێکی بڕگەییە و چوار چوارە.

سیمای جەلال پڕ بوو لە خۆزگە و بریا و ئاواتی جوان، هەر ئەوەش لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوه.
شیعری مەلەکشا بۆنێکی تایبەت و بوونێکی تایبەتتری هەبووە و هەیە.

شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە مەلەکشا گوتوویەتی: “شیعری جەلالی مەلەکشا دەبێتە هۆیەک بۆ پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، شیعرەکانی روون و بەهێزن، لە دڵەوە هەڵدەقووڵێن و بە دڵەوە دەنیشن، ئەگەر جەلال ژیانێکی ئاسوودەتری هەبوایە، بێ گومان دەکرا بەرهەمی پڕ بایەختری پێشکەشی خەڵکەکەی بکردبا”.

لەسەر داواکاریی مامۆستا هێمن چووەتە گۆڤاری (سروە) و هاوکات لەگەڵ ( ئەحمەدی قازی، سوارە فتووحی و مارف ئاغایی) خزمەتێکی بەرچاوی بە زمانی کوردی کردووە، ماوەی 14ساڵ شیعر و چیرۆکی نووسیوە، وەکو دەڵێن، دوای کۆچی مامۆستا هێمن، هەوڵ و تێکۆشانی جەلال مەلەکشا بۆ گۆڤاری (سروە)، بە سەردەمی زێڕینی (سروە) ناو دەبردرێت.

 چەند ساڵێک جانتای سەفەری هەڵدەگرێت و دێتە شاری هەولێر و چاوەڕوانیی ئەوە دەکات، شاری قەڵا و منارە شاری بەدیهێنانی ئاواتەکانی بێت، دەبێتە بەڕێوبەری سەرنووسەرانی گۆڤاری (پڕشنگ) لە شاری هەولێر، بەڵام دیسان چارەنووس دەستی لێ بەرداوە و لێرەش بە ئامانج نەگەیشت و چەندین بەرهەمی جوانی بە یادگار لە هەولێری پایتەخت هۆنیوەتەوە. یەکێک لەوانە شیعری جوانی (ئێوارە)یە:

 ‏ئێوارەی غەریبستان
 ‏نازانم بۆچی هەر ئێواران
 ‏شاعیر و عاشق و دێوانە ئۆقرەیان لێ دەبڕێ
 ‏دنیایان لێ دەبێ بە پێستە چۆلەکە و
 ‏حەز دەکەن لە ڕۆحی خۆیان یاخی بن
 ‏بەرەو رووی گەردوون و گشت جیهان ڕاپەڕن!
 ‏دەبن بە ئاگر و بڵێسەیان کۆڵەکە دەبەستێ

‏هەر بۆیە، لە ئێوارەیەکی غەریب، دوای دوو هەفتە لە کۆچی دوایی دایکی، ئەویش بە بێدەنگی لە شارەکەی خۆی ماڵئاوایی لە قەڵەم و لاپەڕە و نیشتمان کرد.

مامۆستا جەلال ماوەی دوو ساڵ لە پەیمانگای هونەر و ئەندیشەی (ئەحمەدی خانی) لە شاری ورمێ، نووسەران و شاعیرانی تازە لاوی پەروەردە کردووە.
شیعرەکانی بە زمانەکانی (فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی) وەرگێڕدراون.
ئەوین و خۆشەویستی لە شیعری (جەلال)دا دیارە و شیعری خۆشەویستی یەکێکە لە شیعرە هەرە جوانەکانی:

خۆشەویستی من،
چۆن بەرایی دا،
چاوەکانت وا ببینێ من بەتەنیایی
خۆ دڵی من کۆتری بن گوێسوانەی چاوەکەی تۆ بوو،
نەتئەزانی من بەبێ تۆ رۆحی نەسرەوتم؟
وەک گوڵی نێو شۆرەکاتی وەرزی بێ باران
زڕ دەژاکێ، سیس دەبێ، دەمرێ!

شیعری جەلالی مەلەكشا یەکێکە لە شیعرە بەهێزەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کورد، سادە، بێ گرێ و گۆڵ، هاوکات ڕەسەن و پڕە لە مانا و لێوانلێوە لە خەم و بڕک و ژان.
بێ گومان ژیانی ئەستەم و پڕ کۆسپ و کەندەڵانی مەلەکشا، کاریگەریی یەکجارەکیی هەبووە لەسەر نووسینەکانی، ئازاری مرۆڤایەتی، کەموکوڕی و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوش و گوزەرانی تاکەکەسیی خۆی، ژانە دەروونییەکان و فشار و گوشاری ژیانی لە خۆی گرتبووەوە.

‏بەرهەمی جەلالی مەلەکشا هیچ کات نەکەوتووەتە بەر تەوژمی ژیانی ڕۆژانە و کۆن نەبووە و هەر بۆنی تازەیی لێ دێت، بۆ نموونە داستانی (دارە پیرە) ساڵی 1988 نووسراوە و ئێستاش بۆنی بەرەبەیانی ئەمڕۆی لێ دێت، دارە پیرە لێکچواندنێکە بە ناوی بەرزی کورد و کوردستان و نەیاران و ناحەزان، نەچەوسانەوە، هێمای ژیان و ئازادی، دەست لێکبەرنەدان و ڕوانەوەی لقوپۆی هیوا و ئامانجەکان.

‏لە ساڵی 2014 خەڵاتی (داربەڕووی زێڕێن)ی هونەرمەندانی لە شاری مەریوان پێ بەخشراوە و ساڵانە لەلایەن کۆڕی ئەدیبانی شاری سنە، لەپای ماندووبوون و خزمەت بە گەلەکەی، ڕێزی لێ گیراوە. ‏

جەلالی مەلەکشا بە جەستە ماڵئاوایی کردووە و لامان نەماوە، ئێستا شوێندەستی قەڵەم و شیعری بەرخودانی دیارە و ماڵئاوایی زیانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی.
هەرچەندە وەکوو خۆی لە شیعرێکدا دەیگوت، کەوتووتە بەر تووکە شەقی چارەنووسی ژیان، بەڵام هەرگیز لغاوی قەڵەمەکەی بەرەو (نان و ناو و دەسەڵات) نەبردووە و هەر لە گۆڕەپانی سەربەرزیدا ژیاوە.

‏جەلالی مەلەکشا باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، ماوەیەک بەهۆی جەڵدە لە نەخۆشخانەی شاری سنە بووە، لەو کاتەدا و بە تەنیا لەگەڵ دایکیدا ژیاوە.
بەڵام مخابن، دایکی دە رۆژ پێش خۆی وەفاتی کرد و جەلالیش رۆحە یاخییەکەی ئۆقرەی نەگرت و بەرەو ئامێزی دایکە خوالێخۆشبووەکەی فڕی.

‏لە لایەن ئەدیبانی شاری سنە زۆر هەوڵ دراوە، تاکوو لە ژیاندا بووە، کۆی بەرهەمەکانی چاپ بکرێت، بەڵام زۆربەی بەرهەمەکانی کاکە جەلال بەرخودان و لێوانلێوی ئاڵا و شەهیدی کوردە، بۆیە سانسۆ رو پێوانەی زۆری لەسەرە و هەوڵەکان بێ ئەنجام ماون.

گیانی پاکی ئەو شاعیرە بەرزە گەڕێندراوەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی، گوندی مەلەکشان، هەرچەندە پەتای نەگریسی کۆرۆنا هەیە، بەڵام خۆشەویستانی ئەو ناودارە، بەتەنیا جێیان نەهێشت و بە شێوەیەکی شایان بە گیانی ئەو بە خاکیان سپارد.