لەخشتەی دەبات و هەڕەشەشی لێ دەکات!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەخشتەی دەبات و هەڕەشەشی لێ دەکات!

 

قۆناغی چواری زانکۆیە، بە گریانەوە داوای یارمەتی دەکات، وەک خۆی دەڵێت: "ئەو کوڕەی ماوەی چوار ساڵە خۆشی دەوێت، هەڕەشەی لێ دەکات".

خەندە تەمەنی 25 ساڵە، لە خێزانێکی هەشت کەسییە، خەڵکی یەک لە گوندەکانی دەروبەری شاری هەولێرە.

خەندە لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی زانکۆ، لە رێگەی سناپ چات کوڕێک دەناسێ، کوڕەکە پێی دەڵێت، کە ئەویش خوێندکاری زانکۆیە. دوای ماوەیەک قسەکردن، پەیوەدنییەکانی دەبێتە پەیوەندیی سۆزداری.

خەندە دەڵێت: "کاتێک شەوان چاتمان دەکرد، هەستم دەکرد وردەوردە هۆگری دەبم، تا وای لێ هات بێ ئەوەی رووبەڕوو بیبینم، بووە بەشێک لە ژیانم، هەستم بۆی هەبوو و خۆشم دەویست. تا پەیوەندییەکە بەهێز بوو و وادەی یەکتربینینمان دانا".

پەیوەندییەکە بەهێز دەبێت، خەندە باوەڕ بە هەموو قسەیەکی کوڕەکە دەکات. بە خەندە دەڵێت، من لە کۆیەوە بۆ بینینی تۆ دێم. ئەوەش خەندە خۆشحاڵ دەکات: "هەموو هەفتەیەک دوو جار یەکترمان دەبینی. هەر جارەی ئۆتۆمبێلێکی پێ بوو، دەیگوت ئێمە خێزانێکی دەوڵەمەندین، من ئەوەم بۆ گرنگ نەبوو، بەڵكوو ئەوەم بۆ گرنگ بوو، کە هاوسەرگیری بکەین و کارێکی ئاسایی هەبێت و بەخۆشی بژین".

لە قۆناغی دووی زانکۆ، خەندە بەهۆی هاوڕێیەکییەوە دەزانێت، کە کوڕە خۆشەویستەکەی خوێندکاری زانکۆ نییە و کرێکاری کافتریایەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە پێی بووە، هەر جارەی لە کەسێکی وەرگرتووە و خۆی تەنیا پایسکلێکی هەیە. ئەمەش شۆکی دەکات و ماوەیەک دوور دەکەوێتەوە، بەڵام دوای ماوەیەک لەگەڵیدا ئاشت دەبێتەوە: "زۆرم خۆش دەویست، نەمدەویست بەهۆی ئەوەی، کە هەژارە، وازی لێ بێنم، بەڵام تکام لێ کرد جارێکی تر درۆم لەگەڵ نەکات، چونکە ئەو گوزەران و باری دارایی هەرچۆنێک بێت، من خۆشم دەوێت. ئەویش بەڵێنی دا".

خەندە دوای ماوەیەکی تر ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو کوڕە لە هەولێر دەژی، بەڵام لەبەرئەوەی درۆی کردووە و گوتوویەتی خوێندکاری زانکۆم، لای خەندە دەڵێت خەڵکی کۆیەم: "کاتێک زانیم لە هەولێر دەژیت و لە کۆیە نییە، دووبارە لێی تووڕە بووم، کە بۆچی بەڵێنی دا، کەچی دیسان درۆی لەگەڵ کردم. گوتی لەبەرئەوەی پێشتر گوتم خوێندکاری زانکۆم، بۆیە نەمگوت لە هەولێر دەژیم. منیش بەسادەیی خۆم، دیسان ئەوەشم پشتگوێ خست و لەگەڵیدا ئاشت بوومەوە".

لە سەرەتای دروستکردنی پەیوەندییەکەیانەوە، خەندە لەگەڵ ئەو کوڕە بەڵێنیان داوە، دوای تەواوبوونی خوێندنی زانکۆ هاوسەرگیری بکەن، خەندە دەگێڕێتەوە: "بەر لە دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵ پێم گوت، کە ئەم پەیوەندییە لای خێزانەکەی ئاشکرا بکات و بێنە داوام، بەڵام ئەو وەڵامێکی ئەوتۆی نەدایەوە، کاتێک جەختم کردەوە، گوتی: “ئەگەر رازیت سەر بە هەوێ شوو بکەی دێمە داوات، ئەمجارە بەتەواوی تێک چووم، ئەوکاتە زانیم ژنی هەیە و باوکی دوو منداڵە، سناپ چاتەکەشی بە ناوی خوازراو داناوە. کاتێک لای من دەیگوت دوو ناوم هەیە، درۆی دەکرد".

خەندە ئەمجارە ناتوانێ هەم لێی خۆش بێت و هەم سەر بە هەوێ شوو بکات. بۆیە بڕیار دەدات لێی دوور بکەوێتەوە، بەڵام کوڕەکە بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکات، کە ئەگەر لەگەڵیدا ئاشت نەبێتەوە، وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە و لای خەڵك باسی دەکات، بەڵام خەندە پشتگویێ دەخات و قسەی لەگەڵ ناکات.

بەپێی قسەکانی خەندە، دوای ئەوەی پشتگوێی دەخات، رۆژێک ئەکاونتێکی بۆ دەنێرێت، سەیر دەکات بە ناو -و -وێنەی ئەو فەیسبووک و ئینستاگرامی داناوە. وێنەی چاتێکیشی بۆ ناردووە، کە بەناوی ئەوەوە قسە لەگەڵ خەڵك دەکات: "کاتێک بینیم بە ناو و وێنەی منەوە دوو سێ ئەکاونتی داناوە و قسە لەگەڵ خەڵک دەکات، هەم پەست بووم و هەم ترسام. پەیوەندیم پێوە کرد، لەجیاتی هەموو شتێک هەڕەشەی کرد و گوتی: (ئەگەر وەکوو جاران نیە ژوان و پەیوەندییەکە بپچڕێنی ئابڕووت دەبەم و وێنەی چاتەکان بۆ براکانیشت دەنێرم)".

خەندە وەک باسی دەکات، ماڵێکی زیاد خۆپارێزن، ئەو دەڵێت: "ترسم لەوە هەیە براکانم پێ بزانن، چونکە ئەوان ناتوانن لە من تێبگەن، هەرچی بڵێم من خەتابار دەکەن، باوکم لە ژیانیدا ماچێکمی نەکردووە، قەتیش کچەکانی خۆشنەویستووە، بۆیە ئەوان بزانن قسە لەگەڵ کەسێک دەکەم، یان پەیوەندیم هەبووە، ژیانم تێکدەچێت. هەر خۆم کاتێک پەیوەندیم لەگەڵ ئەو کوڕە دانا، مەبەستم ئەوە بوو دوای زانکۆ، لەژێر چەوساندنەوە و قسە رەقەکانی باوکم و براکانم بچمە دەرێ".

وێنە: لە ئەنتەرنێت وەرگیراوە