كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەگەر زۆرە تا سەری ساڵی نوێ یەک دۆلار بگاتە١٠ لیرەی توركی

بەپێی بۆچوونی شرۆڤەكارانی ئابووری لە توركیا، ئەگەر زۆرە بەهای لیرەی توركی لە ئێستا زیاتر بەرامبەر بە دۆلار دابەزین تۆمار بكات، بە شێوەیەك تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ یەک دۆلاری ئەمریكی بگاتە ١٠ لیرەی توركی، چونكە هیچ هەنگاوێك بۆ رێگەگرتن لە دابەزینی لیرە بەرامبەر بە دۆلار لە ئارادا نییە.

زۆربەی شرۆڤەكارانی ئابووری لە توركیا، بێئومێدن لەوەی حكوومەتی توركیا بتوانێت بەها بۆ لیرەی توركی بگەڕێنێتەوە، چونكە پێشتر چەند هەوڵێكیان داوە و بێسوود بووە، بۆیە بەشێكی زۆر لە شرۆڤەكارانی ئابووری پێیانوایە، ئەگەر ڕێگەچارەكان جیدی نەبن و هەنگاوەكان بوێرانە نەبن، تا سەری ساڵی ٢٠٢١ ئەگەر زۆرە یەک دۆلاری ئەمریكی بگاتە ١٠ لیرەی توركی و قەیرانی سەختتر دەبێت.

لەمبارەوە بەرات ئالبەیراك وەزیری داریی و ئابووریی توركیا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئەندام پەرلەمانانی ئاكەپە، دەڵێت: "ئێمە سەری خۆمان بە دۆلارەوە نایەشێنین، چونكە ئەگەر بمانەوێت دایدەبەزێنین، ئەویش بە بەرزكردنەوەی فایز، بەڵام ئەمە كاری ئێمە نییە"

ئالبەیراك دڵخۆشە بەوەی قەبارەی ئابووریی توركیا گەورە بووە، بەڵام دەڵێت دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، پەیوەندیی بە بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها ناكۆكی نێوان وڵاتانەوە هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەمڕۆ شەممە بەهۆی قەیرانی ئابووری لەو وڵاتە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە لیرەی تورکی، ئەردۆغان بە بڕیارێک سەرۆکی بانکی ناوەندیی لە پۆستەکەی دوور خستەوە.