كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی: بەراورد بە سەرەتای هاتنی كۆرۆنا، ئێستا جموجۆڵی بازرگانی 50% بەرز بووەتەوە

رۆژانە 60 بۆ 70 مۆڵەت دەدەینە بازرگانان تا لە سنوورەكان كاڵا و كەلوپەل هاوردە بكەن

نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی (باسنیوز)دا چەند پرسێكی پەیوەست بە رەوتی بازرگانی دەخاتە ڕوو. رایدەگەیەنێت، بەراورد بە سەرەتای هاتنی كۆرۆنا ئێستا جموجۆڵی بازرگانی 50% زیاتر بووە و رۆژانە 60 بۆ 70 مۆڵەت بە بازرگانان دەدەن بۆ هێنانی كاڵا و كەلوپەل لە دەرەوە.

سەرەتا باسی لە دۆخی بازرگانیی هەرێمی كوردستان كرد پاش هاتنی كۆرۆنا، گوتی: "لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە، پاش كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ، هەموو دەروازە سنوورییەكان داخران، هاتوچۆ و بازرگانی وەستا، بەڵام لە دوای مانگی 6 و 7 هێواش هێواش دەروازەكان كرانەوە و جموجۆڵ دەستی پێكردەوە، ئێستا بازرگانێكی زۆر لە رێگەی توركیا و ئێرانەوە دێن و دەچن و بازرگانی دەكەن و كەلوپەل و كاڵا دەهێنن بۆ هەرێمی كوردستان".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی:" رۆژ بە رۆژ قەبارەی بازرگانی بەرز دەبێتەوە، لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كورستان و سنوورەكان ئاسانكاری بۆ بازرگانان كراوە تا كەلوپەل و كاڵا بەئاسانی بهێندرێت، بەداخەوە هەناردەمان زۆر زۆر كەمە زۆرینە هاوردەیە، چەند كەلوپەلێكی كەمی ناوخۆیی دەنێردرێتە دەرەوە، بەڵام رێژەیەكی باشی بەرهەمی خۆماڵیمان لە بیناسازی و خۆراك بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات".

نەوزاد شێخ كامل، روونیشی كردەوە بەراورد بە سەرەتای هاتنی كۆرۆنا ئێستا جموجۆڵی بازرگانی 40% بۆ 50% زیاتر بووە و بەرز بووەتەوە، گوتیشی: "رۆژانە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی 60 بۆ 70 مامەڵەی بازرگانی بەڕێ دەكەین، كە داوای هێنانی كاڵا دەكەن، ئێمەش بەپێی رێنماییەكان مۆڵەتیان پێ دەدەین لە سنوورەكان كاڵا و كەلوپەل بهێنن".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی توركیا و ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە، دەشڵێت: "ئەو كاڵا و كەلوپەلەی لە ئێران و توركیا و وڵاتان دێتە هەرێمی كوردستان، تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو دەڕوات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش، ساڵانە بەگشتی 10 بۆ 12 ملیار دۆلار كاڵا لە سنوورەكانەوە دێت بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق و تەنیا لێرە ساغ نابێتەوە".

جەختیشی كردەوە، لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بازرگانی و جموجۆڵی بازرگانی باشە، بەڵام نەیشاردەوە ئاستەنگ و كێشە هەیە، گوتیشی: "ئێستاش ئاستەنگ و كێشە هەیە و رێگری هەیە، بەڵام ئێستا باشە و ئاسانتر بووە و كەمتر كێشەمان بۆ دروست دەكەن، خەریكین سیستەمی گومرگی لە هەموو عێراق رێك بخرێتەوە، چونكە كێشەیەك هەیە لە مەرزەكانی باشووری عێراق گومرگ كەمتر وەردەگیرێت و یاسای پێناسی بازرگانی جێبەجێ ناكرێ، بۆیە بازرگانانی ئێمە لە خوارووی عێراق كاڵاكانیان دەهێنن".

زیاتر گوتیشی: "بازرگانانی ئێمە بۆ هێنانی كاڵاكانیان كۆچ دەكەن بۆ ئەو مەرزانە، ئەوەش بۆ بازرگانی هەرێمی كوردستان باش نییە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەماهەنگیی بەردەوامدان بۆ ئەوەی پێناسی بازرگانی لە سەرتاسەری عێراق یەك بێت و ئەو جیاوازییە نەمینێت".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی راشی گەیاند، رێنمایی دەدەنە بازرگانان خۆراك و كاڵای كوالێتیی باش بهێنە كوردستان و تەنیا بیر لە پارەپەیداكردن نەكەنەوە، گوتیشی: "كوالێتیی كۆنترۆڵمان لەسەر سنوورەكان و مەرزەكان هەیە، رەنگە كەموكوڕی هەبێت و تیمەكان كەم بن، بەڵام بە رێژەیەكی باش كۆنترۆڵ كراوە، گەرچی لەگەڵ ئەوەشدا كاڵای خراپ دێتە ناوەوە، زۆر جاریش لە هەندێ مەرزەوە بە قاچاخ شت دەهێندرێت، بەڵام تیمەكانی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕ كاری خۆیان دەكەن و رۆژانە كاڵای خراپ و ئێكسپایەر دەگرن و لەناوی دەبەن و سزای سەرپێچیكاران دەدەن، نرخی خۆراكە بنەڕەتییەكانیش لە بازاڕ وەكوو خۆیەتی و گران نەبووە، ئەوەش بۆ ماندووبوونی تیمەكانمان دەگەڕێتەوە".

نەوزاد شێخ كامل باسی لەوەش كرد، رێنمایی دەدرێتە بازرگانان هۆشیار بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئەو سەرمایەی هەیانە بۆ هێنانی خۆراك و كاڵای كوالێتیی باش بەگەڕی بخەن و سوود بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن: "ئێمە بزانین بازرگانێك كاڵای خراپ دەهێنێت، بە هەماهەنگیی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان دەیخەینە لیستی رەش و ئاسانكاریی بۆ ناكەین بۆ هێنانی كاڵا و كەلوپەل".