هەفتەی داهاتوو بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەفتەی داهاتوو بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، لە هەفتەی داهاتووه‌وه دەست بە دابەشکردنی‌ هاوکاریی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان بۆ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان ده‌كرێت.

یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هاوکاریی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان بۆ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كه‌ بڕى 100 هەزار دیناره‌، لە هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ و له‌ ڕێگەی بانکەکانه‌وه‌، دابه‌ش ده‌كرێت".

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو كەسانەی ئەو 100 هەزار دینارە دەیانگرێتەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە دەكرێت، یان نامەیان بۆ دەنێردرێت و ناوی ئەو بانكەیان بۆ دیاری دەكرێت، كە پارەكەی لێوەردەگرن.

یووسف چاوشین ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "ئەم هاوکارییە بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت، بێوه‌ژنان، خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان، کرێکاران، کرێچییان، بێکاران و ئەو خێزانانەی سەرۆکی خێزانەکەیان لە زیندانە ده‌گرێته‌وه‌، مەرج بۆ هەموو ئەوانەش ئەوەیە، داهاتی مانگانەیان لە 400 هەزار دینار کەمتر بێت".

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتیی هەولێر ڕوونیشى كرده‌وه‌، لەو 312 هەزار خێزانەی لە ماوەی ڕابردوودا خۆراكیان پێدرا، بەشێكیان لە هاوكاریی 100 هەزار دینارەكە سوودمەند دەبن، گوتیشی: "هاوکاریی خۆراك بە مەرجێک بوو، داهاتی مانگانەی ئەو كەسانە لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام ئەمجارە 100 هەزار دینارەكە هەمان چین و توێژ دەگرێتەوە بە مەرجێک داهاتی مانگانەیان 400 هەزار دینار بێت، ئەم جیاوازییەش لە داهات بۆ ڕێژەی هاوکارییەکە دەگەڕێتەوە، بۆ خۆراکەكە لە تەواوی كوردستان 312 هەزار خێزانی گرتەوە، بەڵام بۆ 100 هەزار دینارەكە، بە 140 هەزار خێزان دەدرێت".

جەختی له‌وه‌ش كردەوە، ئەمە سێیەمین هاوکاریی بەرفراوانی ئەمساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی کەمپەینی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت.