ئەمە چ شۆڕشێكە پەكەكە دەیكات!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 03/11/2020

ئەمە چ شۆڕشێكە پەكەكە دەیكات!


سەیرە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، خۆی بە (حزبێكی شۆرشگێڕی كوردی!) دەزانێ و ناشیەوێ كەس پێی بڵێ (گرووپێكی تیرۆریستیی كوردی)، گلەیی زۆریشی لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا هەیە كە پەكەكەیان لەنێو لیستی رەشی تیرۆری خۆیاندا ریزبەند كردووە، كەچی تازە بە تازە بۆریی نەوت دەتەقێنێتەوە، ئەمە بە حسابی خۆی (شۆڕش دەكات و زیان لە بەرژەوەندییەكانی توركیا دەدات!). لەوەش سەیرتر ئەوەیە، لەنێو ئەو هەموو بەرژەوەندییە زۆروزەوەندەی كە توركیا لە سەرتاسەری جیهاندا هەیەتی، پەكەكە دێت بۆریی نەوتی (هەرێمی كوردستان - توركیا) دەتەقێنێتەوە!

جا كارەساتی گەورەش ئەوەیە كە پەكەكە دێت و بە تەواوی عەقڵی سیاسیی خۆیەوە، بەڕەسمی بەرپرسیارێتیی خۆی لەو كارە تیرۆریستییە رادەگەیەنێت. ئەمە ئەگەر لەسەر داوای وڵاتانی تر نەبێت، بە چ كلۆجێك سەركردایەتیی پەكەكە هێندە كورتبینانە، بێ بیركردنەوە لە ناوبانگی كورد و كوردستان و خودی پەكەكەش، هەم بۆریی نەوتی كوردستان دەتەقێنێتەوە و هەم بەرپرسیارێتیی كارێكی وەها كە بە هەموو پێوەر و یاسایەكی نێودەوڵەتی (كارێكی تێكدەرانە و تیرۆریستییە) لەئەستۆی خۆی دەگرێت؟! گرنگیشە خوێنەری هێژا بزانێ، كە ئەمە یەكەمین جار نییە، پەكەكە بۆریی نەوتی كوردستان - توركیا، دەتەقێنێتەوە.

لە نێوجەرگەی شاری ئەستانبوڵی توركیادا، تەقینەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەرێ، لەنێو جەرگەی بازاڕی ئەنقەرە ئۆتۆمبێل دەتەقێنرێتەوە، میدیای هەموو جیهان روو لە شوێنی رووداوەكان دەكەن و دەیانەوێ بزانن كێ بەرپرسیارە لەو كارانە! كەچی گرووپێكی كوردی سەر بە پەكەكە، بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو كردەوەیە رادەگەیەنن! بیر بكەنەوە ئەم رەفتارەی پەكەكە خزمەتی كێ دەكات؟ ئەوە خزمەتی توركیایە، یان خزمەت بە شۆڕش و ناو و ناوبانگی كورد و كوردستانیان؟!

هەدەپە، تاكە حزبی گەورەی توركیا كە بۆ كوردانی باكوور حسابە، لە هەڵبژاردنێكدا (٨١) كورسیی پەرلەمانی توركیا بەدەست دێنێت، ئاكپارتیی حزبی یەكەم و دەسەڵاتدار داوای لێ دەكات لە حوكمڕانیدا ببێتە هاوبەشی، هەدەپە دەتوانێ وەدیهێنانی چەندین مافی كوردانی باكوور بكاتە پێشمەرج لەگەڵ ئاكپارتیی دەسەڵاتدار، كەچی سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیلەوە ئەو دەرفەتە گرنگەی كوردی باكوور لەبار دەبات و فشار دەخاتە سەر سەرانی هەدەپە، كە بەشداریی حوكمڕانی نەكەن و ببنە ئۆپۆزسیۆن، هەڵبژاردنێكی دیكە دەكرێت و ئەمجارە ٨١ كورسییەكەی هەدەپە دەبێتە ٦٧ كورسی! پاشان هەر پەرلەمانتاری هەدەپەیە و واز دەهێنێ، هەر پەرلەمانتارە و پارێزبەندیی لێ دەسەندرێتەوە، هەر پەرلەمانتارە و دەستگیر دەكرێت، هەر پەرلەمانتارە و وڵات جێ دەهێڵێت، نها ئەو (٦٧) كورسییەش بووە (٥٩) كورسی! بێگومان كە تۆ لاواز بوویت، دوژمنت تەختوتاراجت تێكدەدات.

پەكەكە دێت لەو هەموو ناوچە و وڵاتانەی دونیادا، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەنێو كافێتریایەكدا دیبلۆماتكارێكی تورك تیرۆر دەكات، لەكاتێكدا هەموو دنیا بە عەرەبی عێراقیشەوە، سەرسامیی خۆیان بە ئارامی و پێشكەوتن و تەناهیی هەولێر دەردەبڕن.

نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا و زۆربەی وڵاتان، ناوەندە رەسمیە حكوومیەكانی حكوومەتی عێراق، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و زۆربەی حزبە كوردستانیەكان، ناوەندە باڵا ئایینی و جڤاكیەكانی ئیزدییان و ئاوارەكانی شنگال، هەموان پشتیوانی و دەستخۆشییان لە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كرد، لەپای واژۆكردنی (رێكەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە ١٠\١٠\٢٠٢٠)، كەچی لەولاوە پەكەكە هاوئاواز لەگەڵ حەشدی شەعبیدا، دژی ئەم رێككەوتننامە گرنگە دەوەستێتەوە كە تاكە سوودمەند بە پلەی یەك، كوردانی ئێزدی و خەڵكی رەسەن و ئاوارەبووی شنگالن، هێشتاش پەكەكە دەیەوێ پێی بڵێین (حزبێكی شۆڕشگێڕی كوردستانی!)

ئەی هاوار... ئەوە چ شۆڕشێكە پەكەكە (بە بانگەشەی خۆی!) بۆ ئازادیی كوردانی دەكات!