كۆچی جەلالی مەلەکشا.. مەرگی قەڵەمێكی كارای نیشتمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كۆچی جەلالی مەلەکشا.. مەرگی قەڵەمێكی كارای نیشتمان


جەلالی مەلەکشا، شاعیر و رووناكبیری كورد، یەکێکە لەو سەرمایە مرۆییەكانی كورد و كوردستان كە مەخابن تا لە ژیاندا بوو، كەمترین بایەخی پێ درا، هێشتا ناوەکەی وەکوو بەرزی و باڵایی بەرهەمەكانی بڵاو نەبووەتەوە و بەبێ دەنگی هەر جارەو لە سووچێکی کوردستان ژیانی بەسەر دەبرد.

ئەمە بابەتێک بوو، کە 31ی تشرینی یەکەمی 2018 لەسەر شاعیری بە هەڵوێستی گەلەکەمان، شاعیری ئێواران و غەریبستان، شەهید و دارە پیرە و، ..... جەلالی مەلەکشا نووسیبووم. ئێستا دوای سێ رۆژ لە كۆچی دوایی، بایەخی پێ دەدرێ و شیعر و قەسیدەکانی بووەتە دروشمی خۆشەویستی و نیشتمان.

جەلالی مەلەکشا، شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ، ساڵی (1951)ی زایینی لە گوندی مەلەکشان سەر بە شاری سنە لە بنەماڵەیەکی جووتیار لەدایک بووە و باوکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام مامی مەلەکشا خوێندەوارییەکی تا ڕادەیەک باشی هەبووە و شارەزایی لە ئەدەب و شیعردا هەبووە، بۆیە جەلال هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەتەك مامی، بە شیعر و ئەدەب ئاشنا دەبێت. خولیا و حەزی شیعر وای لێ دەکات، لای مامی فێری شیعر و ئەدەبی شاعیرانی وەکوو مەولەویی کورد، نالی و هەروەها حافیز و سەعدی و مەولانا ببێت.

جەلالی مەلەكشا تا پۆلی سێی سەرەتایی لە گوندەکەی بووە و دواتر هاتوونەتە شاری سنە و هەر لەو تەمەنە کەمەدا تێکەڵی کۆڕە ئەدەبییەکانی شاری سنە بووە. ئەو کۆڕە ئەدەبییانە وای لێ دەکەن، لە تەمەنێکی کەمدا وەکوو منداڵێکی بەتوانا و بەهرەمەند دەربکەوێ، بەڵام تینوویەتیی دانامرکێت و هەر بەرەو ئامانج دەڕوات، لە تەمەنی 16ساڵیدا ڕوو دەکاتە شاری شیراز و هەر ئەوکات دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (شاری شیراز)، زۆری پێ ناچێت نووسینەکانی لە زۆربەی گۆڤارەکانی تەواوی ئێران بڵاو دەبنەوە.

جەلالی مەلەکشا لە بواری شیعر و ئەدەبی فارسیدا ناوبانگێکی زۆر باش لە هەموو ئێران پەیدا دەکات، هەر بۆیە 17ساڵ لەگەڵ ئەو گۆڤارە بەردەوام دەبێت.
دوای ئەوەی ناوبانگی شیعر و ئەدەبی مەلەکشا زۆربەی شارەکانی ئێران دەگرێتەوە، ئەحمەدی شاملو داوای لێ دەکات لە گۆڤاری (دونیای سۆخەن) لە تاران درێژە بە هونەرە پڕ بایەخەکەی بدات، کە (ئەحمەدی شاملو) خۆی سەرنووسەری بووە.

ئەحمەدی شاملۆ بە نووسینەکانی مەلەکشا زۆر خۆشحاڵ دەبێ، بەشێوەیەک، ئەگەر لە گۆڤارەکەیدا جاروبار نووسینی جەلال نەبوایە، لە پێشەکیدا نووسەر ناوی دەهێنا و دەیگوت مەخابن ئەم جارە گۆڤارەکەمان لە نووسینەکانی مەلەکشا بێ بەشە.

مەلەکشا لە بواری وەرگێڕاندا دەستێکی باڵای هەبووە، شیعر و بەرهەمەکانی شاعیرانی پایەداری وەکوو مامۆستایان (شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و شیعری کوردیی بە خەڵکانی دیکە ناساندووە، بەو شێوەیە خزمەتی بە شیعری کوردی کردووە.

لەو کاتەدا لە کۆڕە ئەدەبییەکاندا هەڵسەنگاندن هەبووە، ئەحمەدی شاملو لە کۆڕێکدا مەلەکشا هەڵدەسەنگێنێ و دەیهێنێتە ڕیزی شاعیری گەورە و بەناوبانگ (شەفیعی کەدکەنی) و دەقی وتارەکەی ئەمە دەبێ: مەلەکشا هاوشێوەی (شەفیعی کەدکەنی)یە و وەکوو هەڵۆیەك وایە، هەر بەرەو ئاسمان دەڕوات و هەر بەرزتر دەبێت و هێشتا نەگەیشتووەتە شوێنە هەرە بەرزەکەی خۆی، بەڵام شەفیعی کەدکەنی گەیشتووەتە شوێنی خۆی.

لە هەمان ئەو ساڵانەدا بوو، کە مەلەکشا بەبێ ئەوەی کتێبێکی چاپکراوی هەبێت، دەبێته (ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئێران)، کە هاوڕیز دەبێت لەگەڵ کەسانی بەناوبانگی وەک (ئەخەوانی سالیس، ئەحمەدی شاملو، جەلالی ئالی ئەحمەد، مەحموود ئیعتمادزادە، هۆشەنگی گوڵشیری).

مەلەکشا تا ساڵی (1978)، واتا ڕاپەڕینی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بە فارسی نووسیوە و لە هەمان ساڵدا بڕیار دەدات خامەکەی بۆ ئەدەبیاتی خەڵکەکەی خۆی بەکار بێنێت.
ژیانی مەلەکشا هەر بە نووسین و گۆڤارەکان تێپەڕ نەکراوە، هەست و سۆزی کوردستان وای لێ کردبوو، قەڵەمی بۆ بەرخودانی گەلەکەی بەکار بهێنێت، ناڕەزایەتیی خۆی دژ بە ئەوانەی مافی کورد و کوردستان پێشێل دەکەن دەردەبڕی و تا رۆژی گیان سپاردنی هەر بەردەوام بوو.

جەلالی مەلەكشا دەڵێ: “نەخشەی وڵاتەکەم تفەنگێکە و بتانەوێ و نەتانەوێ من شاعیری خوێن و کوێستان و تفەنگم”. هەر بۆیە پێش ڕاپەڕین، چەندین جار کەلەپچە لە دەستی دراوە و خراوەتە بەندیخانەکان و دوای ڕاپەڕینیش هەر بەو شێوەیە بووە و تێکڕا 16 ساڵ لە زینداندا بووە، کە ماوەیەکی زۆرە. لەم بارەوە مەلەکشا دەڵێت: “چی دیواری بەندیخانەی ئێران هەیە، یادگاریی منی پێوەیە و زۆربەی شیعرەکانم لە سووچی بەندیخانەوە نووسراون”. ئەمە نموونەیەکە:

دەمویست کۆشکی ستەمکاران بە هێرشی واژە بڕووخێنم
لە هەر لاوە دامیانە بەر پلار و پەڵ
بوومە پارووی چەوری خێڵی گورگ و چەقەڵ
ئیتر من بووم و دوو دەستی ئاشنای بەند و کەلەپچە
قەڵەمێکی دەنگ لە گەروودا خنکاو و
ئەندامێکی پڕ لە زامی ساڕێژنەبووی شوێن پێ شەلاخ
ئیتر من بووم و قاوشی زیندانەکان
وەک خەمێکی پشت کۆماوی ڕدێن سپی
لە ئەم زیندان بۆ ئەو زیندان.

دوای ڕاپەڕین بە کوردی دەست دەکات نووسین و دەڵێ: ”شێوەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو شیعر دەڵێم“ و بۆ یەکەم جار شیعری عەبدوڵا پەشێوی بە دڵ دەبێت.
هەر وەکوو دیارە لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەلالی مەلەکشا خامە و قەڵەمی زۆر بەرچاو و دیارە و ئێستا بە لوتکەی ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات دێتە ئەژمار، پسپۆڕان و ئەدەبناسانی ئەدەبی کوردی دەڵێن، لەدوای هێمن و هەژار، جەلالی مەلەکشا بێ وێنەیە.

شیعری جەلال وەکوو ئەدەبیاتی بەرخودان دێتە ئەژمار و سەبارەت بە چەوساندنەوە و زوڵم و ئەو نادادوەرییانەی چەپێندراونەتە سەر خەڵکەکەی، زیندان، سێدارە، شەهید، خوێن، شاخ، کوێستان، تفەنگ، زریکە، هاوار، کەلەپچە، گورگ... ئەمانە هەموویان قوڵپەی شیعری جەلالی مەلەکشان.