لە هەرێمی كوردستان لە کەرتی گەشتوگوزاردا بە گوژمەی حەوت ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە هەرێمی كوردستان لە کەرتی گەشتوگوزاردا بە گوژمەی حەوت ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە

دەستەی وەبەرهێنان: له‌كۆی 157 پڕۆژه‌، 58 پڕۆژه‌یان تەواو كراون

 لە هەرێمی كوردستان بە مۆڵەتدانی فەرمی بە دەیان پڕۆژە، زیاتر لە 7 ملیار دۆلار لە كەرتی گوشتوگوزاردا سەرمایەگوزاری كراوە و بەرپرسێكی دەستەی وەبەرهێنانیش باس لە پلانی چەند پرۆژەیەكی گەورە دەكات.

 بەپێی ئامار و داتاكانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە بۆ (باسنیوز) نێردراوە،‌ لەڕێگەی مۆڵەتدان بە 157 پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، لە دەستەی وەبەرهێنان زیاتر له‌ 7 ملیار دۆلار له‌ گەشتوگوزار هه‌رێمی كوردستان وەبەرهێنان كراوه‌، هەروەها پێنج هەزار و 251 دۆنم زه‌وی بۆ ئه‌م پڕۆژانه‌ تەرخان کراوە و له‌كۆی 157 پڕۆژه‌، 58 پڕۆژه‌یان لە سەداسەد ته‌واو كراون و خزمەت پێشکەش دەکەن و سەداسەد كار ده‌كه‌ن، زیاتر له هەشت هەزار و‌ 254  كارمه‌ند كار لەو پڕۆژە تەواوكراوانە ده‌كه‌ن.

 بەپێی هەمان ئامار و داتا لە ساڵی 2016 دا‌ 27  پڕۆژەی گەشتیاری‌ پەسند كراون، پرۆژە پەسەندکراوەکانی ساڵی 2017 بریتی بوون‌ له ‌25 پڕۆژه‌، ساڵی 2018 ‌ش ‌58 پڕۆژه‌، هەروەها ساڵی 2019 بریتی بووه‌ له‌66 پڕۆژه‌ و ساڵی 2020یش سەرجەم‌26 پڕۆژە پەسەند کراون.

د. موخلیس سلیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یاسایی و کارگێڕی و دارایی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "له‌كۆی 157 پڕۆژه‌، 58 پڕۆژه‌ی گەشتیاری تەواو كراون و ئەوانەش کە تەواو نەكراون كاركردن تێایاندا بەردەوامە، ئەگەر پەتای كۆرۆنا نەبوایە، ژمارەیەكی زۆرتر لەو پڕۆژانە تەواو دەكران".

سه‌باره‌ت به‌ پلانی ساڵانی داهاتووش ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنان گوتیشی: "له‌ ساڵی 2020 ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پلانیكی گشتگیری راگه‌یاند، كه هەزار و ‌ 55 پڕۆژه‌ی له‌خۆ گرتووه‌، له‌م ژماره‌یه‌،‌ 227 پڕۆژه‌یان لە کەرتی گه‌شتیاریدان‌".

227 پڕۆژه‌ گه‌شتیارییەكەش به‌م شێوه‌ دابه‌ش بوون:‌ 89 پرۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێره‌، 49 پڕۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، 47 پڕۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، 17 پرۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، 21 پڕۆژه‌ له سنووری ‌ئیداره‌ی گه‌رمیان و 4 پڕۆژه‌ش له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین.

موخلیس  سەلیم ئاماژەی بەوەش کرد: "وه‌به‌رهێنانی گه‌شتوگوزار ته‌نیا ئوتێل و مۆتێل و رێستۆرانت ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو پڕۆژەی گەشتیاری زۆر فراوانتره‌، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سروشتێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و بواری ده‌یان هەزار جۆر پڕۆژەی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان جۆری گه‌شتوگوزار هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو جۆره‌كان ده‌كرێ وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكرێت. ئێستاش پلانی پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری له‌سه‌ر چیای سه‌فین ئاماده‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ پلانی پڕۆژه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر چیای زاوه‌ ئاماده‌یه‌، هه‌روه‌ها پلانی پڕۆژه‌ی دووكانی گەشتیاری ئاماده‌یه‌ و ده‌ست كراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی و بە هەمان شێوە له‌سه‌ر زێی سیروان پلانی پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌".