ئۆپۆزیسیۆنی توركیا هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی چڕتر کردووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئۆپۆزیسیۆنی توركیا هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی چڕتر کردووەتەوە

هەموو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی توركیا، تاكە دروشم كە زۆر فۆكسی دەخەنە سەر و دژی دەسەڵاتی ئێستای توركیا بەكاری دەهێنن، گەڕانەوەی سیستەمی سیاسیی توركیایە لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، چونكە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی سیستەمی سەرۆكایەتی لە خراپە و وێرانبوونی ئابووری زیاتر، هیچی بۆ توركیا بە دیاری نەهێناوە.

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە لە چەندین وتاردا گوتوویەتی، هەر كاتێك میللەت دەنگی پێدان و توانیان ببنە زۆرینەی پەرلەمان، ئەوكات یەكەم كاریان هەوڵدانە بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی لە توركیا ببێتەوە پەرلەمانی.

ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزیسیۆن، بە ئاشكرا رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەركۆماری توركیای تۆمەتبار كرد، بەوەی لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا تاكڕەوی دروست بووە و توركیا لەڕووی دیموكراتییەوە چەندین هەنگاو چووەتە دواوە.

بەڵام ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی، پێیانوایە هیچ كاتێك توركیا ئەوەندەی ئێستا ئارام و خۆشگوزەران نەبووە، ئەمەش لە سایەی سیستەمی سەرۆكایەتییەوە بووە، چونكە سیستەمی پەرلەمانی زیانی گەورەی لە توركیا داوە، بۆیە پشتگیری ئەو سیستەمە دەكەن و دەڵێن گۆڕینی ئەوەندە ئاسان نییە.

هەریەك لە (هەدەپە، پارتی باش، پارتی ئایندە و پارتی دەوا)، كە ٤ پارتی تری ئۆپۆزیسیۆنی توركیان، بەردەوام دەڵێن ئەگەر دەنگی پێویستیان هێنایەوە، سیستەمی سیاسیی توركیا دەكەنەوە بە پەرلەمانی.

ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكی پارتی ئایندە، لە وتارێكدا تیشكی خستووەتە سەر سیستەمی پەرلەمانی توركیا و گوتی: "دەركەوت لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا تەنیا زیانمان بەر كەوتووە و تەنیا ئابوورییەكەمان وێران بووە و هیچ دەسكەوتێكمان نەبووە".

مەراڵ ئاكشەنەریش سەرۆكی پارتی باش، لە چەندین دیمانە و میتینگدا گوتوویەتی، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا هەموو كار بۆ یەك كەس دەكەن ئەویش سەركۆماری توركیایە و قەدەری وڵاتیش دراوەتە دەستی یەك تاكە كەس، كە سەركۆماری توركیایە.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دەتوانن سیستەمی سیاسی بكەنەوە بە پەرلەمانی؟ لە كاتێكدا ئەردۆغان دوای ماندووبوونێكی زۆر و بە پاڵپشتیی (گەل و مەهەپە) توانی سیستەمی سیاسیی وڵاتەكەی بكاتە سەرۆكایەتی.

بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسیی توركیا ببێتەوە بە پەرلەمانی، سەرەتا پێویستە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی توركیا لەناو پەرلەمان ببنەوە زۆرینە، واتە ٥٠+١، بەڵام بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەم بۆ پەرلەمانی بەبێ رەزامەندیی (گەل)، لە كۆی ٦٠٠ ئەندام پەرلەمان پێویستە ببنە خاوەنی ٤٠٠ ئەندام پەرلەمان، واتە ٢ لەسەر ٣، ئەوكات بە زۆرینەی دەنگ دەتوانن كۆتایی بە سیستەمی سەرۆكایەتی بهێنن.

بەڵام ئەگەر بێت و دەنگی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان لەناو پەرلەمان تەنیا زۆرینە بوو و ٥٠+١ بوو، لێرەدا بەكۆی دەنگ دەستوور دەخرێتە بەردەم گەل و دەتوانن ریفراندۆمی بۆ بكەن و ئەوكات گەل بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە دەدات.

هەروەك چۆن لە ٢٠١٨ بە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە لەناو پەرلەمان توانیان دەستوور بخەنە بەردەم گەل و لە ریفراندۆمدا ٥٢٪ی بەدەست هێنا، پێویستە ئۆپۆزیسیۆنیش بەهەمان رێگەدا بڕوات.