ستەمی لێ دەکرێت و وەک بکوژی باوکیشی لێی دەڕوانن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ستەمی لێ دەکرێت و وەک بکوژی باوکیشی لێی دەڕوانن

 

بەسەرهاتی دڵخواز، بەسەرهاتی زۆر ژنی دیکەی کوردستانە، بەڵام هەموویان توانا، ئازایەتی و دەرفەتی گێڕانەوەیان نییە. ئەو دەڵێت: "دەمێکە دەمویست پەیوەندیت پێوە بکەم، تا بەسەرهاتی خۆمم بۆ بنووسییەوە".

دڵخواز ئێستا ژنێکی گەنج و بەرچاوی تەمەن 32 ساڵە، بەڵام کاتێک قسە دەکات، هەست دەکەی بەقەد ژنێکی شەست ساڵ، کە ئاسایی ژیاوە، خەمی خواردووە. بڕیاریشی داوە جارێکی دیکە شوو نەکاتەوە.

دڵخواز دەگێڕێتەوە: "تەمەنم شازدە ساڵ بوو، کە باوکم لە خزمێکی خۆمان مارەی بڕیم، کاتێک گوتم با جارێ خوێندن تەواو بکەم، گوتی، دەتوانی لای مێردەکەشت بخوێنی، تۆ کچێکی بەرچاوی، لەبەرئەوە زوو شوو بکەی باشترە".

دڵخواز شوو دەکات و لە ماڵی هاوسەرەکەیشی بەردەوام دەبێت لە خوێندن و زانکۆ تەواو دەکات، بەڵام بە ژیانێکی دژوار و پڕ لە شەڕ و کێشە. ئەو باس لەوە دەکات، کە: "چەندین جار لێی دەدام، رووخسارم شین دەبووەوە و چەند رۆژێک پێم نەنگی دەبوو بچم بۆ زانکۆ، یانیش دەتۆرام و دەچوومە ماڵی خوشکەکەم، چونکە دایکم دەیگوت نابێ بابت بزانێ لێیان داوی، تا شەڕ دروست نەبێت و تەڵاق نەدرێی".

کاتێک پرسیارم کرد، کە بۆچی و لە چ حاڵەتێک لێی دەدای؟ گوتی: "کاتێک سەرخۆش دەبوو لێی دەدام و دەریدەکردمە دەرەوە، چەندین شەو بە سەرما لە حەوشەی ماڵ بووم و دوایی نەخۆش کەوتووم، تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، کە تا ئێستاش لەگەڵم بەردەوامن. کاتێک ئاسایی دەبوو، بەڵێنی پێ دەدام، کە ئیتر مەشرووب نەخواتەوە، یان بەم زۆرییە نەخواتەوە، بەڵام بێسوود بوو، هەر بەردەوام بوو".

دڵخواز کاتێک بڕیار دەدات توندوتیژییەکانی هاوسەرەکەی بە باوکی بڵێت، کە بە لێدان منداڵەکەی ناوسکی لەبار دەچێت: "رۆژێک هەستم بە بێتاقەتی دەکرد، کاتێک چوومە لای دکتۆر دەرکەوت سکم پڕە، زۆر دڵخۆش بووم، هیواشم وابوو رەنگە لەدایکبوونی ئەم منداڵە ئەویش بگۆڕێت و ببێتە مایەی ئاشتی بۆ ماڵەکە، بەڵام کە شەو هاتەوە پێم گوت، لەجیاتی خۆشحاڵ بێت، کەوتە لێدانم، بۆ سبەی منداڵەکەم لەبار چوو، کاتێک ئەوە رووی دا، بە گوێی دایکم نەکرد و چوومەوە ماڵی باوکم و ژیانی هەر شەش ساڵی خۆمم بۆ گێڕایەوە".

بەپێی قسەکانی دڵخواز، دوای ئەوەی باوکی بەوە دەزانێت، بڕیار دەدات نەینێرێتەوە، بۆیە دوای چەندین جار قسەکردن، تەڵاقی وەرگرت: "لەناو خزم و کەسەکانمان قسە و قسەڵۆکی زۆر بڵاو بووەوە، کە گوایە کەس لەخۆڕایی تەڵاق نادرێت، یان دەبێ من چیم کردبێ و ...، دوای ماوەیەک باوکم تووشی جەڵتەی دڵ بوو، لە ماوەی ساڵێكدا سێ جار جەڵتە لێی دا تا مرد، ئێستا خێزانەکەم و خزمەکانمان وەک تاوانبار سەیری من دەکەن، کە گوایە بەهۆی خەمی تەڵاقدانی منەوە باوکم تووشی جەڵتە بووە و مردووە".

دوای دوو ساڵ لە مردنی باوکی، کوڕێک داوای هاوسەرگیری لە دڵخواز دەکات، ئەویش رازی دەبێت: "ئەگەرچی زۆر دڵم شکابوو، بەڵام ئەو کوڕە بەڵێنی پێ دام، کە هەموو ئەوانەم لەبیر بباتەوە و هاوسەرێکی باش بێت، ساڵێک زیاتر هەوڵی دا تا من بەو هاوسەرگیرییە رازی بووم، نەمزانی ئەو دەبێتە شۆکێکی دیکەی ژیانم".

دوای ئەوەی دڵخواز بە شووکردن رازی دەبێت، خوازبێنی دەکرێت و مارە دەبڕێدرێت، بەڵام تەنیا دوای هەفتەیەک لە مارەبڕینی، کوڕەکە بە دڵخواز دەڵێت دەیەوێ تەڵاقی بدات: "تەنیا دوای هەفتەیەک لە مارەبڕینم، هەستم بە گۆڕانی کرد، رۆژێک تەلەفۆنی کرد و گوتی، دەمەوێ جیا ببینەوە، من شۆک بووم و نەمدەزانی چی بکەم، تەنیا هەشت رۆژ بوو مارە بڕابووم، خۆمم بیرچووەوە بیرم لەوە دەکردەوە، چۆن بڕۆمەوە ناو خەڵك؟ خزمەکان چیم پێ دەڵێن؟ چۆن بتوانم رووبەڕووی کێشەی ئەمجارەم ببمەوە؟".

دڵخواز بۆ جاری دووەم تەڵاق دەدرێت، برایەکی دڵخواز دوای ئەوەی شەڕ لەگەڵ دڵخواز دەکات و لێی دەدات، تا هۆکاری تەڵاقەکەی پێ بڵێت و ئەو دەڵێ نازانم، دەچێتە ماڵی کوڕەکە و بە هەمان شێوە لە کوڕەکە دەدات، کە دەبێ هۆکارەکەی پێ بڵێت: "کاتێک براکەم هاتەوە جلەکانی بەری شێوابوون، سوور هەڵگەڕابوو و جنێوی بە هاوسەری پێشووم و ئەو کوڕە دەدا، کە تازە تەڵاقی دابووم، کاتێک دایکم پرسیاری لێ کرد، گوتی، گوایە هاوسەری پێشووم بە تەلەفۆن باسی جەستەی منی بۆ ئەو کوڕە کردووە و پێی گوتووە، کە جەستەی خۆشە...بۆیە ئەویش بڕیاری داوە تەڵاقم بدات و دەبێت کچێک بکاتە هاوسەری نەک بێوەژنێک".

دڵخواز ئێستا لە ماڵی باوکیدا دەژیت، ئەگەرچی وەک خۆی دەڵێت، هەموو ئاواتی ئەوە بوو ببێت بە دایک، بەڵام دەسەڵاتی کولتوور و پیاوسالاریی کۆمەڵگە نەیهێشت بەو ئاواتەی بگات: "بەم ئاواتە ناگەم، چونکە هەرگیز شوو ناکەمەوە و زۆر لە پیاو ترساوم، پیاو ژیانی من وێران کرد، بۆیە ناتوانم متمانە بە کەس بکەمەوە".