جەلال مەلەکشا شاعیرێک لە ڕەگەزی داربەڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جەلال مەلەکشا شاعیرێک لە ڕەگەزی داربەڕوو

زیاتر لە شەش دەیەیە لە شاری ئەوین و جوانی، لە شاری سنەی خوێناوی، لە داوێنی ئاویەری سەربەرز، لە باژێری فەرهەنگی و هونەردا، شاعیرێک دەژی کە ناوی جەلالە. جەلال ئەو قەڵەمە یاخییەی بۆ ئەشق ئەنووسێت و بەگژ هەورا دەچێت و قەڵەم و هزر و ئەندێشەی بۆ هیچ داگیرکەر و دارەدەستێک دەستەمۆ نەبووە و هەموو کات پێی وایە ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە. قەت ملکەچی ئەوە نەبوو کە ئاسمان قەڵەمڕەوی یاسای داڵ بێت، پشتی لە ماڵی دنیا کرد و خەم و ئازار و مەینەت بوونە بەشی. نە زیندان و نە بەند و کەلەپچە هیچیان نەیانتوانی خەونەکانی پێ شڵوێ کەن، ئەو هەر بۆ لووتکە فڕی و ئەوانەش کە بۆسەیان بۆ دانا، خۆیان بوونە بڵقی سەر ئاو. هەرچەند وەک خۆی دەڵێ، کەوتوومەتە بەر نووکە شەقی چارەنووس، بەڵام سەربەرزە وەک شیعر و سەرفەرازە چەشنی شاخی یاخی.

هەرچەند باڵندەی ناو قەفەسە، بەڵام چریکە و نەغمەکانی پڕن لە خۆزگە و بریا، ئەو باڵندەی ناو قەفەسە دەنگی ئێمەیە، دەنگی لە ناخ خنکێندراوی ئەم گەلە ئازار چەشتووەیە، دەنگی هەموو ئەو سەوداسەرانەیە کە خۆزگەیان گەیشتنە بە ئازادی.

جەلالی کورد و شیعر، لە نیشتمان و شیعر و هونەر زیاتر دەروەستی هیچ کەس و لایەن و پیلان و داو و تەڵەیەک نەبووە و سەربەخۆیی و سەربەستبوون شانازیی ژیانییەتی. هیچکات شیعر و هونەر و نووسینی فیدای پلە و پایە و ناوبانگ نەکردووە. ژیانی تژییە لە هەوراز و نشێو و گلان و هەستانەوە، لە هەر گلان و بەند و زیندانێکدا بەرهەمێکی پڕ لە جوانی و چیرۆک و سەربوردەیەکی هەرمانی کردووەتە دیاری.

ئەم قەڵەم بوێرە، چیرۆکی نەتەوەیەکی لە هەگبەی ناوە. لە زڕەی زنجیری وشە دیلەکانەوە بگرە هەتا کارەسات و تراژیدیی ناخهەژێنی کورد، ئاوێنە و سیمای راستەقینەی دۆزی ڕەوای کوردن. جەلال ناسنامە و دەنگ و هاواری ئێمەیە، ئەو ئێمەیەی خۆمان لەبیر کردووە، دەنگی ڕۆژهەڵاتە، ڕۆژهەڵاتی نوقمەساری کارەسات و نامۆبوون لە ناسنامەی دزراو.

شاخ و کوێستان و تفەنگ، خوێن و شەهید، زریکە، هاوار، کەلەپچە و زیندان و گورگ لە شیعری جەلالدا قوڵپ دەدەن. هاوکات تفەنگ و قەڵەم دووانەی خەونەکانی گەیشتن بە سەربەستین، چونکە پێی وایە نەخشەی وڵاتەکەم تفەنگێکە و بتانەوێ و نەتانەوێ من شاعیری خوێن و کوێستان و تفەنگم. ئازارێک گینگڵی جەلال دەدا نابڕێتەوە، برینێکی بەسۆ، ئەویش داستانی دارەپیرەیە، کاتێک لقێک دەبێتە دەسکی تەور و هۆرە و پواز و سەراپای جەستەی داری دایک ئەنجن ئەنجن دەکات.

ئازادی، شاپەیڤی سەفەری ئەوینستانی شیعری پڕ هاواری جەلالە. سەفەرێک کە تژییە لە خەون، خەونێک کە لێوانلێوە لە ئەشق، ئەشقێک کە سەرلەبەری ڕۆحی کوێستانە و بۆ نەخشەی دزراو و پارچە پارچەکراوی ئەم گەلە دەگەڕێت، هەتا کوردستانی پێ بدوورێتەوە. زۆرن ئەوانەی لەم سەفەرە پڕ لە هەورازەی جەلالدا هاوڕێی بوون و نەیانتوانی و جێ مان و گلان و هەڵنەستانەوە، سەفەرەکەی جەلال پڕ بوو لە چاوی گورگ، پڕ بوو لە دڕک و داڵ و قەل و ژینەخۆرە و بەربوونە گیانی، ئەم جەستە لاوازە هەموویانی ورد و خاش کرد و هەر نووسی و هەر مایەوە و هەرچەند هێشتا چریکەی نەگەیشتووەتە بن میچی ئاسمی ئازادی و شنەی سەرکەوتنی هەڵنەمژتووە، چونکە لە ڕەگەزی کۆڵنەدان و داربەڕووە.

جەلال مەلەکشا، ساڵی 1330ی هەتاوی (1951ی زایینی) لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز، نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنێ و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەری و ئازاری زیندانیی زۆر بووە.

مەلەکشا شاعیرێکی دەرەوەست و نەتەوەییە، کە لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیوە و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، کراوەتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران.

مەلەکشا لە دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوی، بەهۆی چالاکیی سیاسی لە دژی حکوومەتی پاشایەتی، ماوەیەک لە گرتووخانە بووە و دواتر و پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و بۆچوونی جیاواز و نووسینی ڕەخنەگرانەوە، بۆ چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیندانی کراوە و بەشێکی زۆر لە ژیانی لە دەرد و ڕەنج و دژواریدا بووە و وەک خۆی دەڵێ، بەشێک لە شیعرە بەهێزەکانی زادەی کونجی زیندان و کاتی کەلەپچە و پاوانن.

مەلەکەشا لە ساڵی 1979 بەملاوە، بە شێوەی جدیی دەست دەکا بە نووسین بە زمانی کوردی و لە کوردی نووسینیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێت.

دوای دامەزراندنی گۆڤاری (سروە) لە ورمێ لەلایەن مامۆستا هێمنەوە بانگهێشت دەکرێت، بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە، وەک بەرپرسی بەشەکانی شیعر و چیرۆک و وەڵامی نامەی نووسەران، هاوڕێ لەگەڵ ئەحمەدی قازی، سوارە فتووحی، مارف ئاغایی و دەیان نووسەری دیکە خزمەتێکی بەرچاو بە زمان و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دەکەن، کە بە گوتەی دەیان کارناسی ئەدەبی ئەو سەردەمەی جەلال و هاوڕێیانی لە گۆڤاری (سروە)دا بوون، پرشنگدارترین قۆناغی خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بووە.

مەلەکشا لە بواری شیعر و چیرۆکی کوردی و فارسیدا خاوەن گەلێک بەرهەمە و هاوکات لە بواری وەرگێڕانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و چەند بەرهەمێکی گرنگی وەرگێڕاوە، بەڵام بەهۆی بێدەرەتانی و هاوکات سانسۆری دامودەزگا فەرهەنگییەکانی ئێران، تەنیا دوو کۆمەڵە شیعر و کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان)، بەشێک لە شێعرەکانی جەلال مەلەکشا و کۆمەڵە چیرۆکی (کارەسات)ی چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی و... وەرگێڕدراون.

جەلال مەلەکشا ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و لێرە سەرنووسەری گۆڤاری (پرشنگ) بووە، کە پێنج ژمارەی لێ چاپ کراوە و پاشان لە دامەزراوەی فەرهەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ چالاک و سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردەی نووسەر و ئەدیبانی گەنجی کورد بووە.

 شیعری جەلال مەلەکشا، یەکێکە لە شیعرە بەهێزەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کورد، شیعری جەلال سادە، بێ گرێ و گۆڵ، هاوکات ڕەسەن و تژییە لە مانا و لێوانلێوە لە خەم و بڕک و ژان. ژیانی ئەستەم و دژواری خۆی کاریگەرییەکی ئیجگار مەزنی لە شیعر و نووسینیدا داوەتەوە. شیعری مەلەکشا لەلایەک لە ڕەهەندەکانی ژان و ئازاری ئینسانی، کەموکووڕی و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە باسکردن لە ڕەوش و گوزەرانی تاکەکەسیی خۆی، ژانە ڕۆحییەکان، زەخت و گوشاری ژیانی لەخۆ گرتووە. هاوکات شیعری جەلال شیعرێکی قووڵ، هەرمان و هەڵگری توخم و مۆتیڤە ئوستوورەیی و مێژووییەکانە. ڕوانگە فەلسەفییەکانی جەلال و شارەزایی لە بواری چەمکە ئەفسانەییەکان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مەلەکشایە کە لە شاعیرانی دیکەی جیا دەکاتەوە. لە گشت گرنگتر شیعری جەلال، شیعرێکی نەتەوەیی و دەروەستە، هاوکات چوارچێوە نوێخوازییەکانیشی پاراستووە و لەگەڵ شاعیرانی دەیە پەنجا و شەست و نەوێ نوێشدا هەتا ڕادەیەک خۆی گونجاندووە.

بەرهەمی مەلەکشا هیچکات لە هەمبەر نەریت و تایبەتمدندیییە ڕۆژانەکاندا کۆڵی نەداوە و هەر ئەم خەسڵەتە بووەتە هۆی ئەوەی شیعرەکانی هەردەم نوێ بن. عەشقی ڕۆمانتیک لە شیعری مەلەکشادا لە خزمەتی ئەندێشەی ڕزگاربوونە لە ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەییدایە.

جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناسراوی کورد ساڵی ١٩٥١ لە گوندی (مەلەکشان)ی سەر بە سنە لەدایک بووە و لە ماوەی شەش دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کارا و چالاک لە مەیدانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا کاری کردووە و بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی گەلێک شیعر و چیرۆکی بەپێزی نووسیوە و یەکێک لە شاعیرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە و بە نەوەی دووەمی نوێکردنەوەی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار و دەورێکی کاریگەری لە بووژانەوەی شیعری کوردیدا گێڕاوە.

هەتا ئێستا دوو کۆمەڵە شیعر و کۆمەڵە چیرۆکێکی بڵاو کراوەتەوە و پاش ٦٩ ساڵ تەمەن و کێشانی ئازار و ئەشکەنجە و زیندان و چەرمەسەرییەکی زۆر، دوێنێ شەممە ڕێکەوتی ٣١ی١٠ی٢٠٢٠ بە جەڵتەی دڵ ماڵاوایی کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی سنە و ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندان لە زێدەکەی خۆی لە گوندی مەلەکشان لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەخاک سپێردرا.