د. نەجمەدین وەك خۆی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

د. نەجمەدین وەك خۆی!

هەوڵدان بۆ ناشیرینكردن و لەكەداركردنی مێژووی د. نەجمەدین، كارێكی زۆر بێ ئەنجامە و جگە لە پەشیمانی، هیچی دیكەی بەدوادا نایەت. ئەو پیاوە مێژوویەكی گەشی لە هەوڵدان بۆ كوردایەتی و كوردستان هەیە، پێم وانییە كەس بتوانێت ناشیرین و لەکەداری بكات.

د. نەجمەدین، نزیكەی نیو سەدە بەر لە ئێستا پزیشكی تایبەتی سەرکردەی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان (مەلا مستەفای بارزانیی نەمر) بووە. هەروەها دۆستێكی دێرینی (مام جەلال)ی رەحمەتی بووە و كەسێكی باوەڕپێكراو و متمانەپێكراوێكی ئەوتۆ بووە، كە كاتی خۆی خودی تاڵەبانی، داوای لێ کردووە بگەڕێتەوە كوردستان و خزمەت بكات و هەمیشەش نهێنی و خواستە کەسییەکانی خۆی بەو دەسپاردن. هەڵبژاردنشی وەك پارێزگاری كەركووك هەر لەسەر داوا و پێشنیاری تاڵەبانی بووه.

د. نەجمەدین پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، پزیشكێكی سەركەوتوو بووە و لە ویلایەتی (مێرلاند) جێدەستی دیار بووە، بە جۆرێك، كە خاوەنی نەخۆشخانەی تایبەتی خۆیشی بووە. لەگەڵ ئەوەی، كە ئەو رۆڵە گرنگەی لە بوارەكەی خۆیدا بینیوە، هاوكات د. نەجمەدین كوردانە و بە پەرۆشەوە پێشوازیی لە سەركردە سیاسییەكانی كورد كردووە لە ئەمەریك، بە حوكمی دۆستایەتی و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ بەرپرس و كەسایەتییە دیارەكانی ئەمەریكا، لۆبیی گەورەی بۆ پرسە نەتەوایەتییەكانی كورد كردووە. ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکانی ئەمەریکا و سەرکردەکانی یەکێتی بووە، لە سەردەمانێکدا.

ئەو ماوەیەش، كە پارێزگاری كەركووك بووە، بە شاهیدیی كورد و عەرەب و بەشێك لە توركمانەكانیش، د. نەجمەدین توانیویەتی دۆخی سیاسی و ئابووری و كولتووریی ئەو شارە بەجۆرێك پێش بخات، كە بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانیش متمانەی تەواوی پێ بكەن و دەنگی خۆیانی پێ بدەنەوە.

ئەوە لای هەمووان ئاشكرایە، كە بەڕێزیان لە پرسی ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە، هەڵوێستێكی جوامێرانەی هەبوو، وێڕای بوونیڤفشارێکی زۆر لەسەری! بەڵام يەکێک بووە لە داکۆکیکارە سەرسەختە سەرەكییەکان بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە كەركووكدا بکرێت و ئەو مێژووە بۆ كوردستانییان تۆمار بكرێت، هەر ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق سزای بدەن و لە خزمەتكردنی وەك پارێزگار دووری بخەنەوە.

هـيچ تێبینییەک ئەو راستییە ناشارێتەوە، كە هەڵوێستەكانی كوردانە و سەلمێنەری ئەوە بووە، كە ئەو كوردێكی رەسەنی كەركووكییە و باوەڕی تەواوی بە مافی هەموو پێکهاتەکان و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەمووان هەبووە. ئەوەش ئاشكرایە، كە دەستبەرداربوونی هەموو ئەو سەركەوتن و خۆشگوزەرانییەی دكتۆر هەیبوو لە ئەمەریكا و گەڕانەوەی بۆ كوردستان، زادەی هەڵوێستێكی كوردانە و مەردانەیە، نەك بیرۆكەی تەسكی بۆچوونێکی جياواز و بەرژەوەندیخوازانە.

لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، خەباتی د. نەجمەدین بەشێکە لە مێژوو و پێویستە راوبۆچوونە جیاوازەكان نەبنە هۆکاری ناشیرینكردنی ئەم جۆرە كاراكتەرانە، كە بەشێكن لە كاراكتەرە جوامێرەكانی كورد و پاراستنی جوانییەكانی مێژووی خەڵک و خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانە.